سەردێری پرسیار:پرسیار: حوکمی ژن هێنان و شوو کردن (زەواج)؟

بەرواری دانان :2024-08-24 کۆدی پرسیار:3534

پرسیار:

پرسیار: حوکمی ژن هێنان و شوو کردن (زەواج)؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە حوکمی زەواج، دوو وتە هەیە:

یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون واجبە، کە ئەمە داود و عەلی و هاوەڵانی و أبو عوانة و ابن حزم و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد، بەڵگە:

- خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿فَٱنكِحُواْ مَا طَابَ لَكُم مِّنَ ٱلنِّسَآءِ﴾ [النساء: 3]

- خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَأَنكِحُواْ ٱلۡأَيَٰمَىٰ مِنكُمۡ﴾ [النور: 32]

- پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (من استطاع منکم الباءة فلیتزوج).

لەم دوو ئایەت و فەرموودەیە فەرمان کراوە بە زەواج بەڵگەیە واجبە.

دووەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون زەواج سوننەتە، کە ئەمە وتەی مالک و ئەبو حەنیفە و شافعی یە، وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد، بەڵام لەگەڵ ئەمەش دەڵێن ئەگەر کەسێکی زۆر پێویستی پێی هەبوو و ترسی تووش بوون بە زینای هەبوو ئەوە واجبە لەسەر زەواج بکات، بەڵگە:

- خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿فَٱنكِحُواْ مَا طَابَ لَكُم مِّنَ ٱلنِّسَآءِ﴾ [النساء: 3]، ژن هێنانی پەیوەست کردووە بە (طیب النفس)، ئەگەر واجب بوایا پابەندی دەکرد بە هەموو حالێک، واجب لەسەر (الاستطابة ناوەستێت، ئەمە بەڵگەیە سوننەتە. (المغني) لابن قدامة (٤/٧).

- خوای گەورە دەفەرمووێت:  ﴿فَإِنْ خِفْتُمْ أَلَّا تَعْدِلُوا فَوَاحِدَةً أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ﴾ [النساء: 3]، خوای گەورە لەم ئایەتە موسڵمانی سەرپشک کردووە لەنێوان ژن هێنان و جاریە، هەلبژاردنی جاریە واجب نییە بە یەک دەنگی هەموو زانایان، ئەگەر زەواج واجب بوایا سەرپشکی نەدەکرد لەنێوان ژن هێنان و جاریە، ناکرێت سەرپشک بێت لەنێوان واجب و سوننەت. (المعلم بفوائد مسلم) للمازري (2/128).

- پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە جیاتی زەواج بۆ ئەو کەسەی کە توانای نییە ڕۆژووی داناوە، ئەم ڕۆژوو گرتنە واجب نییە، بەڵگەیە زەواجیش واجب نییە، چونکە سوننەت شوێنی واجب ناگرێتەوە.

وتەی ڕاست ئەوەیە زەواج واجبە بە دوو مەرج:

یەکەم: کەسێکی خاوەن شەهوەت بێت.

دووەم: توانای ژن هێنانی هەبێت.

قرطبي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەو کەسەی توانای زەواجی هەیە و ژن نەهێنانی ترسی زیانی بەسەر نەفس و دینی هەیە بەجۆرێک ئەمە لاناچێت مەگەر بە زەواج کردن، ئەوە ئەمەیان جیاوازی نییە لەنێوان زانایان کە زەواج بۆی واجبە). (المفهم) (٤/٨٢).

زانایان دەڵێن زەواج ئەم پێنج حالەتانەن:

یەکەم: واجب، ئەگەر ترسی تووش بوون بە زینای هەبێت واجبە.

دووەم: حەرام، ئەگەر لە ولاتی کوفر بێت و لە حالەتی جەنگ لە ولاتیان بێت، ئەوە زەواج لەم حالەتە حەڕامە، لەبەر ئەوەی ترسی ئەوەی هەیە مناڵەکان بکرێن بە بەندە و تووشی فیتنە ببن، بەڵام ئەگەر ترسی تووش بوون بە زینای هەبێت دروستە زەواج بکات.

سێیەم: مەکروهـ، کەسێک هەژارە و شەهوەتی نییە، ئەمەیان هیچ سوودی نییە تەنها چاودێری کردنی ئافرەت و بەخێوکردنی، گومانی تێدانییە ئەمەیان پێویست ناکات، مادەم پیاو شەهوەتی نییە پیویست بە زەواج ناکات.

چوارەم: مباح: کەسێک شەهوەتی هەیە بەڵام مالی نییە، ئەگەر پارە قەرز بکات و زەواج بکات ئەوەی بۆی ڕێگەپێدراوە بەڵام سوننەت نییە.

پێنجەم: سوننەت، جگە لەم حالەتانە ئەسل وایە زەواج سوننەتە و دینە و ڕێچکەی پێغەمبەران بووە، وتەی ڕاستیش ئەوەی ئەم فەرمانە بۆ واجب بوونە، چونکە زەواج عیبادەتە، لەبەر ئەوەی پێغەمبەری خوا فەرمانی کردووە و سوننەتی پێغەمبەران بووە. (فتح ذي الجلال والإکرام) (١١/٩-١١).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام