پرسیار: حوکمی ئاشکراکردنی زەواج؟
وەڵام: سوننەتە نیکاح ئاشکرا بکرێت، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە، هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون واجبە، بەڵگە:
ـ عَنْ عَامِرِ بنِ عَبْدِ اللَّهِ بنِ الزُّبَيْرِ عَنْ أَبِيهِ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ (ﷺ) قَالَ: (اعْلِنُوا النِّكَاحَ) أخرجە أحمد (٢٦/٥٣)، والحاکم (٢/١٨٣).
واتە: لە عامر بن عبد اللە بن الزبیر دەگێڕنەوە ئەویش لەو باوکیەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (ژن هێنان و شوو کردن ئاشکرا بکەن و ڕابگەیەنێنن).
(أعلنوا النکاح): واتە: نیکاح ئاشکرا بکەن و ڕابگەیەنن، ئەمەیان گرێبەستی مارەکردن و گواستنەوەش دەگرێتەوە.
پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمانی کردووە، ئەسڵ لە فەرمان کردن بۆ واجب بوونە.
- بۆ ئەوەی نیکاحی شەرعی و سفاح لێک جیابکرێنەوە، لەبەر زینا نیکاحی نهێنی یە، سەبارەت بە نیکاحی شەرعی ئەوەیە کە دیار بێت و ئاشکرا بکرێت و ڕابگەیەندرێت.
ئاشکرا کردنی زەواج چەند سوودی هەیە لەوانە:
- جیاوازی نێوان نیکاح و سفاح بەدیار دەکەوێت، چونکە سفاح زینایە بە نهێنی دەبێت، نیکاح شەرعی ئاشکرا دەکرێت.
- ئاشکراکردنی دروشمی فیترەتی شەرعی ئەویش نیکاحە، شەرع و فیترەت داوای ئەمە دەکات.
- ئاشکراکردنی هاندانی کەسانی تری تێدایە بۆ ڕوو لە زەواج کردن و شوێن سوننەت کەوتن.
- هەندێک جار کەسی وایە شیری ئافرەتێکی تری خواردووە کەسانێک هەن زانستیان لەلایە، ئەگەر ئاشکرا کرا ئەوە ئەم مەفسەدەتە لادەچێت، ئەگەر نیکاح ئاشکرا نەکرێت زۆرجار زەواج دەکرێت و مناڵیشیان دەبێت دواتر بەدیار دەکەوێت کە لەسەر یەکتری حەرامن لەبەر شیرخواردن. (فتح ذي الجلال والإکرام) (١١/١٠٢).