پرسیار: حوکمی ژن بە ژنی ئەگەر هەردوو لا مارەیی بدەن، ئایا ئەمەش حەرامە؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١ـ ژن بە ژنی لە ئیسلامدا حەڕامە، کە هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەمە.
٢ـ ژن بە ژنی چەند شێوەی هەیە، لەوانە:
یەکەم: هەردوولا ژن بە یەکتر دەدەن و مارەیی بۆ یەکتر دیار ناکەن و مارەیی نییە، بەڵکو ژن دەدرێت بە لایەکی تر بەرامبەر ئەوە ئەوانیش ژنی تری پێ بدەن، ئەمەیان حەڕامە و داخلی فەرموودەکە دەبێت.
عَنْ نَافِعٍ عَنِ ابْنِ عُمَرَ رَضِيَ اللَّهُ تَعَالَى عَنْهُمَا قَالَ: نَهَى رَسُولُ اللَّهِ (ﷺ) عَنِ الشِّغَارِ، وَالشِّغَارُ أَنْ يُزَوِّجَ الرَّجُلُ ابْنَتَهُ عَلَى أَنْ يُزَوِّجَهُ الآخَرُ ابْنَتَهُ وَلَيْسَ بَيْنَهُمَا صَدَاقٌ، مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ.
واتە: لە نافع دەگێڕنەوە ئەویش لە ابن عمر دەگێڕێتەوە خوا لە هەردووکیان ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) نەهی کردوو لە ژن بە ژنی، ئەویش ئەوەیە پیاو کچەکەی خۆی بەشوو دەدات لەسەر ئەوەی ئەویش کچەکەی خۆی پێ بدات و بێ ئەوەی مارەیی لەنێوانیان هەبێت.
دووەم: هەردوولا ژن بە یەکتر دەدەن و هەر یەکەشیان مارەیی بۆ یەکتر دیار دەکەن، بێ ئەوەی مەرج دابنرێت ئەگەر لایەک ژن بە لایەکەی تر نەدات زەواج ناکرێت، ئەمەیان داخلی (شغار) نابێت و حەڕام نییە.
سێیەم: هەردوولا ژن بە یەکتر دەدەن و هەر یەکەشیان مارەیی بۆ یەکتر دیار دەکەن، مەرج دابنرێت ئەگەر لایەک ژن بە لایەکەی تر نەدات زەواج ناکرێت، ئەمەیان داخلی (شغار) دەبێ یان نە، ئەمەیان جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان:
- هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون ئەمە داخلی (شغار) دەبێت و حەڕامە، کە ئەمە وتەی ظاهری و هەندێک زانای شافعی و حەنابلەیە و ابن باز و زانایان اللجنە الدائمەیە، چونکە مەرج دانراوە ئەگەر ژنی پێ نەدەن ئەوانیش ژنی پێ نادەن.
- زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون ئەمە داخلی (شغار) نابێت، چونکە مارەیی دانراوە و باسکراوە، ئەگەر مارەیی تێیدا نەبێت لەم حالەتە دەبێتە (شغار).
ئەگەر ئەمە نەکرێت و بلێی نابێت باشترە، چونکە:
- ئەم مەرج دانانە لە کتێبی خوای گەورەدا نییە و لە سوننەتیش نەهاتووە.
- ئەم مەرجە ستەم کردنە لە ئافرەت و ئەزیەت دانیەتی، وەک ئەوە وایە ئافرەت کاڵا بێت وەلییەکەی بۆ بەرژەوەندی خۆی هێشتۆتەوە کە کەسێک دەدۆزێتەوە بۆ مەرامەکانی.
- ئەم جۆرە زەواج سەردەکێشێت بۆ ناکۆکی و کێشە، ئەگەر یەکێکیان خراپ بێت بەرامبەر یەکێک ئەوەی تریش خراپ دەبێت.
- هاوەڵانیش تێگەیشتوون و کردەوەیان پێکردووە، العباس بن عبد اللە بن عباس کچی خۆی بە عبد الرحمن بن الحکم دا و ئەویش کچی خۆی پێدا، هەردوولا مارەییان بە یەکتردا، معاویة بن أبي سفیان نامەیەکی نووسی کە خەلیفە بوو بۆ مروان فەرمانی کرد ئەمانە لێک جیا بکرێنەوە، لە نامەکەیدا نووسی بوو: (ئەمە ژن بە ژنی یە ئەوەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) نەهی لێیکردووە).