سەردێری پرسیار:دروستە پلکی خێزانم مارە بکەم؟

بەرواری دانان :2024-09-05 کۆدی پرسیار:3547

پرسیار:

پرسیار: دروستە پلکی خێزانم مارە بکەم؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:

١ـ نەهی کراوە لە کۆکردنەوەی ئافرەتێک و خالەتەکەی و ئافرەتێک و مەتەکەی (واتە: پلکەکەی)، بەڵگە:

عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رَضِيَ اللَّهُ تَعَالَى عَنْهُ أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ (ﷺ) قَالَ: (لا يُجْمَعُ بَيْنَ الْمَرْأَةِ وَعَمَّتِهَا، وَلا بَيْنَ الْمَرْأَةِ وَخَالَتِهَا) مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ.

واتە: لە أبي هریرة دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (ئافرەتێک و پوری (واتە: خوشکی باوکی) پێکەوە کۆ مەکەنەوە، هەروەها ئافرەتێک و خالەتەکەی پێکەوە کۆ مەکەنەوە (واتە: لە یەک کاتدا هەردووکیان خێزانی یەک پیاو نەبن)).

ئەم نەهی یە دەلالەت لەسەر حەرام بوون دەکات بە یەک دەنگی هەموو زانایان. (الإجماع) لابن المنذر لاپەڕە (٩٥).

هەروەها خالەت و مەت لە شیریش حەرامە پێکەوە کۆیان بکەیتەوە. (فتح ذي الجلال والإکرام)  لابن عثیمین (١١/١٤٥).

٢- حکمەت لە نەهی کردن لە ئافرەتێک و خالەتی یان مەتی لەبەر ئەوەیە تا دوژمنایەتی و ڕق و کینە نەکەوێتە نێوانیان، لەبەر ئەوەی ئافرەت غیرەی هەیە، بۆیە شەرع نەهی کردووە لەمە تا پەیوەندی خزمایەتی نێوان نزیکەکان تێک نەچێت، لەبەر ئەوەی فەرموودەی ابن عباس هاتووە پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (إنکم إذا فعلتم ذلك قطعتم أرحامکم). (صحیح ابن حبان) (١١/٤٢٧)، (المعجم الکبری) (١١/٣٣٧)، وسندە حسن، وهذا لفظ الطبراني، ولفظ ابن حبان (إنکم إذا فعلتن قطعتن أرحامکن)، (المغني) (٧/٨٩).

٣- مفهومی فەرموودەکە بەڵگەیە دروستە خالەتی ئافرەتەکە یان مەتی مارە بکەیت ئەگەر ئافرەتەکە جیابووەوە لە پیاوەکە یان مرد، لەبەر ئەوەی نەهی لەوە کردەوە پێکەوە کۆیان بکەیتەوە لە یەک کاتدا هەردووکیان خێزانی ئەو پیاوە بن.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام