پرسیار: پیاوێک لە خێزانی خۆی جیابۆتەوە بە یەکجاری، چۆن بۆی حەڵاڵ دەبێتەوە؟ دەتوانێت مارەی بکاتەوە؟
وەڵام: زانایان دەڵێن ئافرەت ئەگەر تەلاق درا بۆ پیاوی یەکەم حەڵاڵ دەبێتەوە بەم مەرجانە:
یەکەم: دەبێتە ئافرەت شوو بە پیاوێکی تر بکات بە ئارەزووی خۆی، نەک هەرسێ لا ڕێک بکەون لەگەڵ یەکتر تا بۆ پیاوی یەکەم حەڵاڵ بێتەوە، یان پیاوی یەکەم و دووەم ڕێک بکەون تا بۆ پیاوی یەکەم حەڵاڵ بێتەوە، یان تەنها پیاوی دووەم ئەم مەبەستەی هەیە بەڵام پیاوی یەکەم دەزانێت پیاوی دووەم بۆ ئەو مەبەستە مارەی کردووە و تەلاقی داوە، لەم کاتە پیاوی یەکەم نابێت مارەی بکاتەوە، چونکە نیکاحی دووەم (باطل)ە، دەبێت عەقدەکە (صحیح) بێت.
دووەم: دەبێتە شوو کردنەوە بە پیاوی دووەم (صحیح) بێت، نیکاحێک نەبێت (باطل) بێت.
سێیەم: دەبێت پیاوی دووەم بچێتە لای ئەو ئافرەتە، نەک پێش چوونە لای تەلاق بدات، ئەگەر پێش چوونە لای تەلاق بدات بۆ پیاوی یەکەم حەڵاڵ نابێتەوە.
هەروەها مەرج بۆ گەڕاندنەوەی ئافرەت ئەوەیە دەبێت سنورەکانی خوا رابگرن و مامەڵەیان لەگەڵ یەکتر باش بێت، هەریەکەیان مافی ئەوەی تر بدات، لەبەر وتەی: ﴿إِنْ ظَنَّا أَنْ يُقِيمَا حُدُودَ اللَّهِ﴾، ئەگەر گومانی بۆ ئەوە چوو سنورەکانی خوا ڕاناگرن، ئەوە دروست نییە بگەڕێنێتەوە.