پرسیار: کەسێک جل و بەرگی خاوێنی دەست ناکەوێت ئایا بە جل و بەرگی خاوێنەوە نوێژ دەکات یان بە ڕووتی؟
وەڵام: زانایان دەڵێن ئەگەر جل و بەرگ پیس بوو لەم سێ حاڵەتە زیاتر نییە:
یەکەم: دەتوانی جل و بەرگەکە یان شوێنە پیسەکە بشۆیت و نوێژی پێوە بکەیت، ئەمەیان واجبە بشۆیت و نوێژی پێوە بکەیت، لەبەر ئەوەی توانایت هەیە جل و بەرگەکە خاوێن بکەیتەوە و هیچ عوزرت نییە.
دووەم: دەتوانی جل و بەرگەکە دابکەنیت بێ ئەوەی عەورەتت بەدیار بکەویت، وەک ئەوەی لەژێرەوە جل و بەرگی ترت هەیە عەورەتی داپۆشیوە، ئەمەیان دەبێت دابکەنیت و نوێژ بەو جلەوە بکەیت، بۆیە پێغەمبەری نەعلەکانی داکەند کاتێک جبریل ئاگاداری کردەوە بەوەی نەعلەکانی پیسن.
سێیەم: هیچ جل و بەرگی دەست ناکەوێت و ناتوانێت جل و بەرگەکە پاک بکاتەوە، ئەمەیان لەسەر وتەی ڕاستی زانایان بە جل و بەرگی پیسەوە نوێژ دەکات، چونکە عوزری هەیە، نوێژی دروستە و پێویست ناکات دووبارە بکاتەوە دواتر.
سەبارەت بەوەی هیچ جل و بەرگی دەست ناکەوێت جگە لە جل و بەرگی پیس وتەی مەزهەبەکان ئەمەیە:
- ئیمام ئەحمەد و مالک و موزنی بۆ ئەوە چوون بە جل و بەرگی پیسەوە نوێژ دەکات و نابێت بە ڕووتی نوێژ بکات.
- ئیمام شافعی و ئەبو ثور بۆ ئەوە چوون بەڕووتی نوێژ دەکات.
- ئەبو حەنیفە بۆ ئەوە چووە ئەگەر جل و بەرگی هەمووی پیس بوو ئەوە سەرپشکە لەنێوان ئەم کردەوەیە، چونکە دەبێت یەکێکیان تەرک بکات.
- هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون بە جل و بەرگی پیسەوە نوێژ دەکات و دووبارە دەکاتەوە.
وتەی ڕاست ئەوەیە بە جل و بەرگی پیسەوە نوێژ دەکات و دووبارە ناکاتەوە، واللە أعلم. (مجموع الفتاوى ابن تیمیە (٢٢/ ٣٤ـ٣٥).