سەردێری پرسیار:دروستە پیاو ئافرەتێک مارە بکات لەخۆی دەولەمەندتر بێت؟ ئایا باشتر وانییە ئافرەتێک مارە بکات هاوشێوەی خۆی بێت؟

بەرواری دانان :2024-09-10 کۆدی پرسیار:3553

پرسیار:

پرسیار: دروستە پیاو ئافرەتێک مارە بکات لەخۆی دەولەمەندتر بێت؟ ئایا باشتر وانییە ئافرەتێک مارە بکات هاوشێوەی خۆی بێت؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان سەبارەت بە (الکفاءة) دەڵێن: (الکفاءة): واتە: یەکسانی و هاوشێوە، مەبەست پێی ئەوەیە پیاوی یەکسان بێت لەگەڵ ئافرەتەکە و هاوشێوەی ئافرەت بێت لە هەندێک سیفەتی دیاریکراو، وەک ئایین و نەسب و ئازادی و پیشە و سیفەتی تر لە فوقەهاکان باسیان کردووە، ئەم سیفەتانە هەموویان هەموو زانایان لەسەری یەک دەنگن نین، هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون دەبێت یەکسان بن لە سیفەتی عەیبیشدا یان سیفەتی کەم و کوڕی.

زانایان دەلێن (کفاءة) لەلایەنی پیاوە بۆ ئافرەت دەبێت یەکسان بن نەک ئافرەت بۆ پیاو، بە بەڵگەی کەس هاوشێوەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) نەبووە و یەکسان نەبووە لەگەڵی، هەندێک ئافرەتی عەرەبی مارە کردووە و صفیة بنت حیي بن أخطبی جولەکەی مارەکردووە.

زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون (کفاءة) شتێکە جێگای بایەخە بەڵام جیاوازی لە دیارکردنی سیفەتەکاندایە، وتەی ڕاست ئەوەیە گرینگ لە (کفاءة) دین و ڕەوشتی تایبەتە، ناکرێت کەسێک خراپ هاوشێوەی ئافرەتێکی داوێن پاک بێت، سەبارەت بە نەسەب و پیشە ئەگەر جیاوازیش بن هیچی تێدانییە و دروستە لەسەر وتەی ڕاستی زانایان، بەڵگە:

- خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿إِنَّ أَكۡرَمَكُمۡ عِندَ ٱللَّهِ أَتۡقَىٰكُمۡۚ﴾ [الحجرات: 13]

- هەروەها پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (إذا خطب إليكم من ترضون دينه وخلقه فزوجوه إلا تفعلوا تكن فتنة في الأرض وفساد عريض). رواه الترمذي وحسنه الألباني.

ئەوەی باسمان کرد وتەی ڕاستی زانایان بوو، بەڵام لەم سەردەمە لەبەر ئەوەی ئیمان لاواز بووە و خەڵک ناڵە ناڵیەتی لەدەست ئیمان لاوازی باشتر وایە پیاو ئافرەتێک مارە بکات هاوشێوەی خۆی بێت بۆ کاروباری دونیا، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئافرەتێک مارە بکات لەخۆی بەرزتر بێت لە دونیادا لەوانەیە خۆی بە بەرزتر ببینێت بەسەر پیاویەوە، لەم حاڵەتەدا ژیان لەگەڵ یەکتری کردن بەردەوام نابێت، ئەمەش زانراوە بە تەجروبە، بۆیە ئامۆژگاری ژن و پیاو دەکەین ڕەچاوی ئەم حاڵەتە بکەن.

(کفاءة) لە ئاییندا مەرجی دروستی نیکاح نییە بەڵکو مافی ئافرەتیشە و بۆ وەلی ئافرەت نییە ئافرەت بدات بە کەسێک کە هاوشێوەی خۆی نییە و ئافرەتەکەش ڕازی نییە، هەروەک چۆن بۆ وەلی ئافرەت نییە بێ ڕەزامەندی ئافرەت ئافرەتەکە بەشوو بدات.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام