سەردێری پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن ئەگەر ژن و مێردێک یەکێک موسڵمان بوو و ئەوەی تر تاخیر موسڵمان بوو، ئایا پێویست دەکات سەر لەنوێ مارە بکرێتەوە و گرێبەستێکی نوێ بکرێتەوە؟

بەرواری دانان :2024-09-22 کۆدی پرسیار:3561

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن ئەگەر ژن و مێردێک یەکێک موسڵمان بوو و ئەوەی تر تاخیر موسڵمان بوو، ئایا پێویست دەکات سەر لەنوێ مارە بکرێتەوە و گرێبەستێکی نوێ بکرێتەوە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:

١- ئافرەت ئەگەر موسڵمان بوو پێش پیاوەکەی، پێش ئەوەی پیاوەکەی بچێتە لای (واتە: مارە کراوە پیاوەکەی نەچۆتە لای)، ئەمەیان نیکاح فەسخ دەبێتەوە بە موسڵمان بوون، چونکە ئافرەت لەم حالەتە هیچ عیدەی نییە تا چاوەڕێ بکات تا موسڵمان دەبێت. (فتح ذي الجلال والإکرام) لابن عثیمین (١١/٢١٦).

٢- ئافرەت ئەگەر موسڵمان بوو پێش پیاوەکەی، دوای ئەوەی پیاوەکەی چووتە لای (واتە: مارە کراوە و پیاوەکەی چووتە لای)، ئەمەیان چاوەڕێ دەکات:

یەکەم: ئەگەر پێش تەواو بوونی عیدە پیاوەکەی موسڵمان بوو، ئەوە ئەو ئافرەتە خێزانیەتی و پێویست بە گرێبەستی تری نوێ ناکات.

دووەم: ئەگەر دوای تەواو بوونی عیدە بوو، ئەمەیان جیاواز هەیە لەنێوان زانایان دوو وتە هەیە:

- زۆربە زانایان بۆ ئەوە چوون نیکاح فەسخ دەبێتەوە.

- هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون نیکاح ماوە و فەسخ نەبۆتەوە و پێویست بە گرێبەستێکی تری نوێ ناکات، کە ئەمە وتەی ڕاستە، واللە أعلم.

٣- ئەگەر پیاو موسڵمان بوو پێش خێزانی پێش ئەوەی بچێتە لای ئەوە سەیری دەکەین ئەگەر ئافرەتەکە ئەهلی کتاب بێت (جوولەکە بێ یان گاور) ئەوە گرێبەستەکە فەسخ ناکرێت، چونکە ئافرەتی ئەهلی کتاب حەڵاڵە بۆ موسڵمان، ئەگەر ئەهلی کتاب نەبێت ئەوە نیکاح فەسخ دەبێتەوە. (فتح ذي الجلال والإکرام) لابن عثیمین (١١/٢١٧).

ئەگەر دوای چوونە لای بێت و ئەهلی کتاب نەبێت، ئەگەر پێش تەواو بوونی عیدە موسڵمان بێت ئەوە خێزانیەتی، ئەگەر دوای تەواو بوونی عیدەش بێت ئەوە خێزانیەتی، واللە أعلم.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام