پرسیار: ئافرەتێک پیاوێکەی مردووە هێشتا نەگوستراوەتەوە، ئایا مارەیی بۆ ئافرەت هەیە و چەندە؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١ـ ئافرەت مارەیی تەواو دەبات ئەگەر پیاوەکەی مرد و نەچوویە لای ئەگەرچی مارەییش دیار نەکرابێت، ئەمەش لەوانەیە لەبەر دڵ دانەوەی ئافرەت بێت کە پیاوەکەی مرد و نەیتوانی بێتە لای، کە ئەمە موسیبەتە بە نسبەت ئافرەت، چونکە ئومێدی خێری هەبوو دوای ئەم زەواجە، پێچەوانەی ئەوەی ئەگەر پیاو ئافرەتەکە تەلاق بدات، بەڵگە:
ـ عَنْ عَلْقَمَةَ، عَنِ ابْنِ مَسْعُودٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمَا أَنَّهُ سُئِلَ عَنْ رَجُلٍ تَزَوَّجَ امْرَأَةً وَلَمْ يَفْرِضْ لَهَا صَدَاقًا وَلَمْ يَدْخُلْ بِهَا حَتَّى مَاتَ فَقَالَ ابْنُ مَسْعُودٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ: لَهَا مِثْلُ صَدَاقِ نِسَائِهَا لا وَكْسَ وَلا شَطَطَ، وَعَلَيْهَا الْعِدَّةُ وَلَهَا الْمِيرَاثُ، فَقَامَ مَعْقِلُ بنُ سِنَانٍ الأَشْجَعِيُّ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ فَقَالَ: قَضَى رَسُولُ اللَّهِ (ﷺ) فِي بَرْوَعَةَ بِنْتِ وَاشِقٍ امْرأَةٍ مِنَّا مِثْلَ مَا قَضَيْتَ فَفَرِحَ بِهَا ابْنُ مَسْعُودٍ، رَوَاهُ أَحْمَدُ وَالأَرْبَعَةُ، وَصَحَّحَهُ التِّرْمِذِيُّ، وَحَسَّنَهُ جَمَاعَةٌ.
واتە: لە علقمة دەگێڕنەوە ئەویش لە ابن مسعود خوا لە هەردووکیان ڕازی بێت: پرسیار کرا سەبارەت بە پیاوێک ئافرەتێکی مارە کردووە مارەیی بۆی دیار نەکراوە و پیاوەکەش نەچۆتە لای تا پیاوەکە مرد، ابن مسعود خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: مارەیی بۆی هەیە وەک مارەیی ئافرەتەکانیان، بێ کەم و بێ ستەم لێکردن، هەروەها عیدەشی لەسەر و میراتیش بۆی هەیە، معقل بن سنان الأشجعي هەستایە سەر قاچ فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) دادوەری کرد سەبارەت بە بروعة بنت واشق ئافرەتێک بوو لە ئێمە وەک دادوەری تۆ، ابن مسعود دڵی خۆش بوو بەمە.
٢- ئافرەت ئەگەر پیاوەکەی مرد و پێش ئەوەی بچێتە لای ئەوە عیدە لەسەر ئافرەت هەیە، عیدەکەی چوار مانگ و دە ڕۆژە، کە هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەمە، لەبەر وتەی خوای گەورە: ﴿وَٱلَّذِينَ يُتَوَفَّوۡنَ مِنكُمۡ وَيَذَرُونَ أَزۡوَٰجٗا يَتَرَبَّصۡنَ بِأَنفُسِهِنَّ أَرۡبَعَةَ أَشۡهُرٖ وَعَشۡرٗاۖ فَإِذَا بَلَغۡنَ أَجَلَهُنَّ فَلَا جُنَاحَ عَلَيۡكُمۡ فِيمَا فَعَلۡنَ فِيٓ أَنفُسِهِنَّ بِٱلۡمَعۡرُوفِۗ وَٱللَّهُ بِمَا تَعۡمَلُونَ خَبِيرٞ٢٣٤﴾ [البقرة: 234]، ئەمەیان گشتییە ئەو ئافرەتە دەگرێتەوە کە پیاوەکەی چۆتە لای و ئەوەش کە پیاوەکەی نەچۆتە لای، پێچەوانەی ئەوەی تەلاق دەدرێت و پیاوەکەی نەچۆتە لای کە عیدەی نییە، لەبەر وتەی: ﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوٓاْ إِذَا نَكَحۡتُمُ ٱلۡمُؤۡمِنَٰتِ ثُمَّ طَلَّقۡتُمُوهُنَّ مِن قَبۡلِ أَن تَمَسُّوهُنَّ فَمَا لَكُمۡ عَلَيۡهِنَّ مِنۡ عِدَّةٖ تَعۡتَدُّونَهَاۖ فَمَتِّعُوهُنَّ وَسَرِّحُوهُنَّ سَرَاحٗا جَمِيلٗا٤٩﴾ [الأحزاب: 49]
٣- ئافرەت ئەگەر پیاوەکەی مرد و پێش ئەوەی بچێتە لای ئەوە میرات لە پیاوەکە دەگرێت، چونکە خێزانیەتی، میرات لە یەکتر وەرگرتن تەنها بە گرێبەستی زەواج واجب دەبێت، کەواتە گرێبەستەکە هۆکاری میرات لەیەکتر وەرگرتنە نەک جووت بوون، کە هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەمە، هەروەک خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَلَهُنَّ ٱلرُّبُعُ مِمَّا تَرَكۡتُمۡ إِن لَّمۡ يَكُن لَّكُمۡ وَلَدٞۚ﴾ [النساء: 12]
٤- جیاوازی نییە لەنێوان زانایان ئافرەت ئەگەر پیاوەکەی مرد و نەچووە لای و مارەییش دیارکرا، ئەوە ئافرەت مارەیی تەواو دەبات، بەڵکو جیاوازی لەوەدایە ئەگەر مارەیی بۆی دیار نەکردبوو ئایا مارەیی بۆی هەیە یان نە، دوو وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون مارەیی تەواو بۆی هەیە، مارەییەکەیشی وەک هی ئافرەتەکانیانە، کە ئەمە وتەی ئەبو حەنیفە و ئەحمەد و شافعی و ئیمام النووي یە.
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون تەنها میرات دەبات مارەیی بۆی نییە و هەدیەش بۆی نییە (متعة)، کە ئەمە وتەی عەلی و زید بن ثابت و ابن عمر و چەند هاوەڵی ترە، وتەی مالک و شافعی یە، بەڵگە:
- قیاس دەکەن لەسەر ئافرەتێك پیاوەکەی نەچۆتە لای و تەلاقی دەدات.
وتەی ڕاست وتەی یەکەمە، ئیجتهادی ابن مسعود موافقی بەڵگەیە، سەبارەت بە (متعة) هەندێک مال دان بە ئافرەت جگە لە مارەیی ئەمەیان تایبەتە بە تەلاق.