پرسیار: لەدایکبوونی مناڵ ڕێککەوتە یان ویستە؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١- تەوحیدی بەندە تەواو نابێت تاوەکو ئیمان بە قەدەر دەهێنێت، ئینکاری کردنی قەدەر کوفرە بەخوا و نەفی ئەسڵی تەوحید دەکات، هەروەک ابن عباس خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: قەدەر نیزامی تەوحیدە، هەر کەسێک قەدەر بەدرۆبخاتەوە تەوحیدی هەڵوەشاوەتەوە. (التمهید) لصالح آل الشیخ لاپەڕە (٥١٩).
٢- خوای گەورە زانستی بە هەموو شتێک هەیە له هەرچیەک کە هەبووە و هەرچیەک کە دەبێت زانیویەتی و دەیزانێت، خەڵکی سەبارەت بە قەدەر سێ دەستەن:
یەکەم: جەبرییەکان قەدەر بۆ خوای گەورە جێگیر دەکەن بەڵام زیادەڕەوی دەکەن لە جێگیرکرن، دەڵێن: هەموو شتێک بەدەست خوای گەورەیە و بەندە هیچی بەدەست نییە و ناچارە، بەندە نە توانای هەیە و نە ویستی هەیە، نووستن و هەستان و عیبادەت و تاوان بە ویستی خۆی نیە و هیچ توانایەکی نیە.
دووەم: قەدەرییەکان نەفی قەدەری خوای گەورە دەکەن و دەڵێن: بەندە ویست و توانای هەیە و هیچ لە ژێر توانایی خوای گەورەدا نیە، هەروەها خوای گەورە زانستی نیە بەو شتەی بەندە دەیکات، بەڵکو ئەو کاتە دەزانێت کە بەندە کردەوەکە دەکات.
سێیەم: ئەهلی سوننە کۆمەلێكی مام ناوەندن، ئیمانیان بە قەزا و قەدەر هەیە بەوەی بەندە توانای هەیە و ویستیشی هەیە، هەر شتێک ڕووبدات بە ویستی خوای گەورەیە و خوای گەورە زانستی پێ هەیە و هیچ شتێک لەژیر قەدەری خوا دەرناچێت.
محمد عبدالرحمن الخمیس خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (قەدەر چوار مەرتەبەی هەیە و دەبێت ئیماندار باوەڕی پێی هەبێت:
مەڕتەبەی یەکەم: ئیمان هێنان بە زانستی خوای گەورە، خوای گەورە زانستی بە هەموو شتێک هەیە له هەرچیەک کە هەبووە و هەرچیەک کە دەبێت، زانیویەتی و دەیزانێت.
مەڕتەبەی دووەم: ئیمان هێنان بە کتابی، كه هەموو ئەو شتانەی تێدایە کە ڕوودەدەن لە داهاتوو.
مەڕتەبەی سێیەم: ئیمان هێنان بەوەی کە خوای گەورە خالقی هەموو شتێکە.
مەڕتەبەی چوارەم: ئیمان هێنان بە ویستی خوای گەورە، واتە هەرچی بووە و هەرچی دەبێت، بە ویستی خوا بووە و بە ویستی ئەو دەبێت).
٣- مناڵ بوون لەژێر قەدەری خوای گەورەدایە، مناڵ دەدات بەوەی بییەوێت و نادات بەوەی بییەوێت، بەندە هەوڵی خۆی دەدات بۆ مناڵ بوون و هەر شتێکی تر، خوای گەورە ئەگەر ویستی مناڵی پێی دەدات، مرۆڤیش ویستی هەیە بەوەی هۆکارەکانی مناڵ بوون دەگرێتەبەر یان ناگرێتەبەر.