سەردێری پرسیار: ئەكرێ ڕوونكردنەوەیەك بدەیت لەسەر پێشەكی و پاشەكی مارەیی؟ ئایە حوكمەكەی چیە؟ ئایە جائیزە؟

بەرواری دانان :2024-10-04 کۆدی پرسیار:3572

پرسیار:

پرسیار: ئەكرێ ڕوونكردنەوەیەك بدەیت لەسەر پێشەكی و پاشەكی مارەیی؟ ئایە حوكمەكەی چیە؟ ئایە جائیزە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: سەبارەت بەمە دەڵێین:

١ـ دروستە مارەیی ئافرەت هەمووی بدەیت پێش وەقتە یان هەمووی تاخیر بکەیت یان هەندێکی پێ بدەیت و هەندێکی تر تاخیر بکەیت بەپێی ڕێککەوتنی ژن و پیاو. (المغني) (٧/١٦٩)، (مجموع فتاوى ابن باز) (٢١/ ٨٩ـ٩٠).

٢ـ ئەسل لە مارەیی یەک مارەییە نەک دوو مارەیی، نموونە: ژن و پیاو ڕێککەوتوون لەسەر (٤٠) مسقاڵ زێڕ، (٣٠) مسقاڵ پێشەکی دەدات و (١٠) مسقاڵی تر دواتر پێی دەدات، ئەمەیان دروستە و هیچ کێشەی تێدانییە.

ئەوەی لەم ڕۆژگارە ڕوودەدات پاشەکی مارەیی دانراوە زیادە بەسەرە مارەییەوە، نموونە: ژن و پیاو لە مەجلس لەسەر (٤٠) مسقاڵ زێڕ ڕێککەوتوون، پیاوەکە (٤٠) مسقاڵی پێ دەدات پێشەکی و (٢٠) مسقاڵ یان (٥٠) مسقاڵی تری دەکەن بە پاشەکی و لەسەر پیاو دەنووسن، ئەمەیان هەڵەیە، چونکە:

ـ ژن و پیاو لەسەر (٤٠) مسقاڵ ڕێککەوتوون نەک زیاتر.

ـ زۆربەی ئافرەتان ئەم پاشەکی یە دادەنێن تا ئافرەتەکە تەلاق نەدرێت، یان ئەگەر تەلاق درا زیان بەر پیاوەکە بکەوێت، ئەمەش بێ متمانەیی دروست دەکات بەرامبەر بە پیاو، هەروەها دەبێتە هۆکار پیاو مامەڵەی لەگەڵ ئافرەت خراپ بێ و ئافرەتەکەی لەبەر دڵ پیاوەکە دەکەوێت.

٣ـ پاشەکی مارەیی ئەگەر بڵێن ئەمە مەرجێکە دانراوە  مارەیی نییە، ئەوە با لە دادگا پاشەکی مارەیی لابدەن و بە مەرج وەسف بکەن تا خەڵک بزانێت، ئەگەر ئەم مەرجەش دانرا ئەوە ئیماندار دەبێ وەفا بەو مەرجە بکات کە پێی ڕازی بووە.

٤ـ باشترین مارەیی و خێرترین مارەیی ئەوەیە کە کەم بێت و ئاسان بێت، بەمە بەرەکەت دەکەوێتە زەواجەوە و بەختەوەری دونیا و قیامەت دەبن.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام