پرسیار: دەکرێ ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر ئەم فەرموودەیە: (خَيْرُ الصَّدَاقِ أَيْسَرُهُ)؟
وەڵام: عَنْ عُقْبَةَ بنِ عَامِرٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ (ﷺ): (خَيْرُ الصَّدَاقِ أَيْسَرُهُ) أخرجە أبو داود في کتاب (النکاح)، باب (فیمن تزوج ولم یسم صداقا تی مات) (٢١١٧)، والحاکم (٢/١٨١-١٨٢)، والحدیث صححە الألباني.
واتە: لە عقبة بن عامر دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (خێرترین مارەیی ئەوەیە کە کەم و ئاسان بێت).
راڤەی وشەکانی فەرموودەکە:
(خیر الصداق أیسرە): واتە: خێرترین و باشترین مارەیی ئەوەیە کەم بێت و ئاسان بێت، چونکە هۆکارە بۆ زۆر زەواج کردن و باش بوونی مامەڵەی ژن و پیاو لەگەڵ یەکتری.
سوودەکانی فەرموودەکە:
١- فەرموودەکە بەڵگەیە باشترین مارەیی ئەوەیە کەم بێت و ئاسان بێت، باشترین مارەیی بۆ ئەوەی بەرەکەت بکەوێتە نێوان ژن و پیاو و بەختەوەری دونیا و قیامەت بن مارەیی کەم و ئاسانە.
ابن تیمیة رەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (سوننەتە مارەیی کەم و ئاسان بێت، زیاتر نەبێت لە مارەیی خێزانەکانی پێغەمبەری خوا و کچەکانی، مەکروهە پیاو مارەییەک بدات زۆر بێت و زیانی بەر بکەوێت و توانای دانەوەی قەرزەکانی نەبێت ئەگەر مارەییەکە بە قەرز بوو). (الفتاوی) (٣٢/١٩٢-١٩٣).
٢- مفهومی فەرموودەکە بەڵگەیە مارەیی زۆر و گران پێچەوانەی سوننەتە، شەرع پێی خۆش نییە باری موسڵمان گران بکرێت، دین ئاسانە و لەگەڵ ئاسانکاری یە، خوای گەورە فەرمانی بە بەندەکانی خۆی کردووە بۆ زەواج و ھانی داون بۆ زەواج، چونکە چەندین سوودی گەورەی تێدایە، پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت گەنجانی ھانداوە بۆ زەواج و فەرمانی کردووە.
ئیمام ئەحمەد ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ھیچ شتێک بۆ ئافرەت باشتر و بەخێرتر نییە لە پیاوێکی باش، ھیچ شتێکیش بۆ پیاو باشتر و بەخێرتر نییە لە ئافرەتێکی باش).
طاوس ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئافرەت نیوەی دینی پیاوە).
زۆر مارەی داوا کردن ئەمە یەکێکە لە گەورەترین ھۆکار بۆ دواکەوتنی زەواج، ڕاستە مارەیی بە ئافرەت دان واجبە بەلام زانایان دەلێن سوننەتە مارەی کەم داوا بکرێت، دەولەمەندترین ھاوەلی پێغەمبەر (ﷺ) عبدالرحمانی کوڕی عەوف مارەییەکی زۆر کەمی داوە بە خێزانی خۆی.
مارەی کەم چەند سوودی ھەیە:
یەکەم: کردەوەی بە سونەت کردووە، چونکە پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرمووێت: (باشترین و خێرترین مارەی ئەوەیە کە کەم بێت و ئاسان بێت).
دووەم: ئاسانکارییە بۆ زەواج کردن، چەندین گەنج زەواج ناکەن وەستاون لەبەر مارەیی زۆر.
سێیەم: مارەیی کەم داواکردن ھۆکارە بۆ بەردەوام بوونی خۆشەویستی لە نێوانیان، ئەگەر مارەیی کەم داوا بکات پیاو ڕقی لێ نابێتەوە، بەلام ئەگەر زۆر داوا بکات ئەگەری ڕق لێ بوونەوەی ھەیە.
چەندین گەنج چوونەتە داخوازی کچ مارەیی زۆری داوا کردووە ھێشتا مارەی نەکردووە و ڕقی لێ دەبێتەوە و دەلێت: ئەم ئافرەتە باش دەزانێت حالم چۆنە بۆچی وا دەکات؟! ئەم ئافرەتە سەرەتای زەواج منی تووشی بارگرانی کرد دەبێت لە داھاتوو بارم گران تر نەکات؟! چەندین ئافرەتی خاوەن دین و ژیر ھەن ماڵ و مارەیی لایان شتێکی کەمە و نایانەوێت باری ھاوسەری خۆیان گران بکەن بەلام دایک و باوک و خوشک و پوور دێنە ناو بابەتەکە گالتەی پێ دەکەن لەسەر کەم داواکردنی مارەیی یان ڕازی نابن ڕێگری لێ دەکەن.
چوارەم: مارەی کەم داوا کردن ھۆکارە بۆ ئەوەی ئەگەر کێشە دروست بوو لە نێوان ژن و پیاو، پیاو دەستی لە خێزانی بەر بدات، چەند ئافرەت ھەن زۆر پێیان خۆشە لە پیاویان جیاببنەوە بەلکو مردنیان لا خۆشترە لەوەی کە لەگەڵ پیاوی خۆی دایە، بەلام پیاوی وازی لێ ناھێنێت و دەست بەرداری نابێت و تەلاق نادات لەبەر ئەو مارەییە زۆرەی پێی داوە، پیاو ڕازی نابێت ئیلا خلع بکرێت، (خلع): ئەوەیە ئافرەت داوای جیابوونەوە دەکات لە پیاوی خۆی، ئافرەت دەست بەرداری مارەیی دەبێت و دەداتەوە بە پیاوەکەی.
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (مارەی کەم یارمەتی دەرە بۆ زەواج، چونکە ئەگەر مارەی کەم بێت زەواج زۆر دەبێت، ھەروەھا بەرەکەتی مارەی کەم ھۆکارە بۆ باش بوونی ژن و پیاو لەگەڵ یەکتری، چونکە پیاو ئەگەر مارەی زۆر بدات بە خێزانی ھەموو جار بیر لە مارەی بکات دڵ تەنگ و خەمبار دەبێت، مامەلەی خراپ دەبێت لەگەڵ خێزانی، ئەگەر بزانێت ئەم ئافرەتە بە ئاسانی بۆی ھاتووە دڵی پێ خۆش دەبێت و ئارام دەبێت لەگەڵی). (فتح ذي الجلال والإکرام) (١١/٣٦١-٣٦٢).