پرسیار: چۆن دەکرێت خوای گەورە ڕقی لە تەلاق بێت و حەڵاڵیش بێت؟ دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر ئەمە فەرموودەیە: (أبغض الحلال إلی الطلاق)؟
وەڵام: عَنِ ابْنِ عُمَرَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمَا قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ (ﷺ): (أَبْغَضُ الْحَلالِ إِلَى اللَّهِ الطَّلاقُ). رواە أبو داود (٢١٧٨)، وابن ماجە (٢٠١٨)، وَصَحَّحَهُ الْحَاكِمُ.
واتە: لە ابن عمر دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (ناخۆشەویستترین (واتە: مەکروهترین) حەلال لای خوای گەورە تەلاقە).
(أبغض الحلال): ڕیوایەتی تر هاتووە: (ما أحل اللە شیئا أبغض إلیە من الطلاق)، واتە: خوای گەورە هیچ شتێکی حەڵاڵ نەکردووە ئەوەی رقی لێ بێتەوە لە تەلاق، بەڵام لەبەر ئەوەی سوود و بەرژەوەندی و حیکمەتی تێدایە حەرامی نەکردووە و حەڵاڵی کردووە.
فەرموودەکە بەڵگەیە بۆ ڕێگەپێدانی تەلاق، تەلاق مەکروهە لای خوای گەورە، لەبەر فەرموودەی: (أبغض الحلال إلی اللە الطلاق).
ئەگەر چی فەرموودە قسەی لەسەر لە سەنەد و ماناکەی، چۆن دەبێت خوای گەورە ڕقی لێ بێتەوە وحەڵالیش بێت؟! ئەگەر فەرموودەکە لاوازیش بێت دەتوانی بڵێی ماناکەی (صحیح)ە تەلاق مەکروهە لای خوای گەورە نەک حەڕامە، واللە أعلم.
لەبەر ئەوەی خۆشەویستە لای شەیتان، لەبەر فەرموودەی: (یەکێک لە جوندیەکانی شەیتان دێت دەڵێت: من نەوەستام هەتا ژن و پیاوێکم لێک جیاکردەوە، شەیتان بە جوندیەکەی دەڵێت: وەرە لام و نزیکم کەوە، تۆ باشترینی).
هەروەک خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿لِّلَّذِينَ يُؤۡلُونَ مِن نِّسَآئِهِمۡ تَرَبُّصُ أَرۡبَعَةِ أَشۡهُرٖۖ فَإِن فَآءُو فَإِنَّ ٱللَّهَ غَفُورٞ رَّحِيمٞ٢٢٦ وَإِنۡ عَزَمُواْ ٱلطَّلَٰقَ فَإِنَّ ٱللَّهَ سَمِيعٌ عَلِيمٞ٢٢٧﴾ [البقرة: 226-227]، بەڵگەیە تەلاق خۆشەویست نییە لای خوای گەورە، چونکە سەرەتا باسی گەڕاندنەوەی کردووە، هەروەها ئایەتەکە کۆتایی هاتووە بە دوو ناو (غفور) و (رحیم)، بەڵگەیە گەڕاندنەوە خۆشەویستترە لای خوای گەورە، هەروەها کاتێک باسی تەلاق دان دەکات لە ئایەتی دووەم کۆتایی پێ هێنا بە دوو ناوی دەلالەت لەسەر هەڕەشە دەکات، ئەویش ناوی (سمیع) و (علیم)ە.
گرینگی دانی شەرع بە ئاشت بوونەوە و قەدەغەکردنی لێک جیابوونەوە مەگەر زۆر پێویست بێت و هیچ ڕێگا چارەیەک نەبێت مەگەر بە جیابوونەوە نەبێت، چونکە:
ـ بۆ جیابوونەوە سێ تەلاقی داناوە نەک یەک، بەڵکو لەنێوان تەلاقەکان پەشیمان ببنەوە و ئاشت ببنەوە.
ـ نابێت لە حەیزدا تەلاق بدەیت و تەلاق لەحەیزدا ناکەوێت.
ـ نابێت لەو پاک و خاوێنی یەی جووت بووی لەگەڵ خێزانی خۆت تەلاقی بدەیت، تەلاق ناکەوێت.
ـ عیدەی داناوە لەنێوان تەلاقەکاندا، واتە: ماوەیەکی درێژ داناوە بەڵکو پەشیمان ببنەوە و ئاشت ببنەوە.
ـ هەروەها هانی موسڵمانانی داوە سولح بکەن لەنێوانیان کاتی دروست بوونی کێشە.
- هەروەها ئەگەر یەک جار تەلاق درا نەهی کراوە لە پیاو لە ماڵەوە دەر بکات، بەڵکو ئاشت ببنەوە و بگەن بە چارەشە و ئاشتی.
فەرموودەکە بەڵگەیە تەلاق خۆشەویست نییە لای خوای گەورە، یان ڕقی لێی دەبێتەوە، لەوانەیە یەکێک پرسیار بکات چۆن دەکرێت تەلاق حەلال بێت و خۆشەویست نەبێت لای خوای گەورە، زانایان دەڵێن:
یەکەم: حەڵاڵی تەلاق نەفی کەراهەت ناکات، شێوازی فەرموودەکە بەڵگەیە تەلاق مەکروهە، ئەگەر لەبەر ئەوە نەبێت خوای گەورە ڕێگەی داوە و بەرژەوەندی بەندەکانی تێدایە و حیکمەتی تێدایە ئەوە شتێکی مەکروهـ دەبوو.
دووەم: فەرموودەکە باسی تەلاق دانە بێ هۆکار، تەلاق دان بێ هۆکار کەمترین حالەت ئەوەیە مەکروهە یان حەرامە، ئەگەر هۆکار هەبێت دروستە، لەبەر ئەوەی ابن عمر کاتێک خێزانی خۆی تەلاقدا پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئینکاری لێی نەکرد. (الإعلام) لابن الملقن (٨/٣٤١).
الوزیر بن هبیرة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەموو زانایان یەک دەنگن تەلاق دان لەکاتی ئاشتی و بێ بوونی کێشە لەنێوان ژن و پیاو مەکروهە، جگە لەوە نەبێت ئەبو حەنیفە بۆ ئەوە چووە حەرامە تەلاق بدرێت لە کاتێک هیچ کێشە لەنێوانیان نییە و هیچ هۆکار نییە). (الإفصاح) (٢/١٤٧).