پرسیار: حوکمی تەلاقی سەرخۆش، ئایا تەلاقی دەکەوێت؟
وەڵام: زانایان دەڵێن سەرخۆش ئەوەی خێزانی خۆی تەلاق دەدات دوو حاڵەتە:
یەکەم: سەرخۆش هەیە عوزری هەیە، وەک ئەوەی نەزان بێ بە نەزانین سەرخۆش بووبێت یان زۆری لێیکراوە لەسەر خواردنەوەی مەی، ئەمەیان تەلاقی ناکەوێت بە یەک دەنگی هەر چوار مەزهەبەکان، هەندێک زانا ئیجماع نەقڵ دەکەن، قیاس دەکەن لەسەر تەلاقی شێت. (المغني) (7/378)، (الإنصاف) (8/323)، (كشاف القناع) للبهوتي (5/234).
دووەم: سەرخۆش هەیە عوزری نییە و بە ئارەزووی خۆی عەرەقی خواردۆتەوە، ئەمەیان جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە تەلاقی، دوو وتە هەیە:
یەکەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون تەلاقی دەکەوێت، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە، وتەی عەلی و ابن عمر و ابن عباس و ضحاك و سلیمان بن یسار، بەڵگە:
ـ خوای گەورە دەفەرمووێت: (فَإِنْ طَلَّقَهَا فَلَا تَحِلُّ لَهُ مِنْ بَعْدُ حَتَّى تَنْكِحَ زَوْجًا غَيْرَهُ) [البقرة: 230]، ئەمەیان عامە سەرخۆش و جگە لە سەرخۆش دەگرێتەوە. (شرح مختصر الطحاوي) للجصاص (5/14).
ـ سەرخۆش هۆشی خۆی لەدەست داوە بەهۆی تاوانەوە، تەلاقی دەکەوێت وەک سزا بۆی. (البناية شرح الهداية) للعيني (5/301).
دووەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون سەرخۆش تەلاقی ناکەوێت، کە ئەمە وتەی عثمان و عطاء و عمر بن عبدالعزیز و حەنەفی و شافعی یەکان و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ظاهری یەکان و ابن تیمیە و ابن قیم و ابن باز و محمد بن ابراهیم ال الشیخ و ابن عثیمینە، بەڵگە:
ـ خوای گەورە دەفەرمووێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا لَا تَقْرَبُوا الصَّلَاةَ وَأَنْتُمْ سُكَارَى حَتَّى تَعْلَمُوا مَا تَقُولُونَ) [النساء: 43]، خوای گەور هیچ حوکمی بەسەر سەرخۆش دانەناوە تا دەزانێت چی دەڵێت. (إعلام الموقعين) لابن القيم (3/87).
ـ سەرخۆشی بێ ئاگاییە، بێ ئاگاییەکەی سەرووی بێ ئاگایی نووستنە، چونکە کەسی نووستوو دەکرێ بە ئاگابێتەوە ئەگەر یەکێک هەلی بستێنێتەوە، بەڵام سەرخۆش بە ئاگا نایەت تا کات تەواو دەبێ، ئەگەر تەلاقی کەسی نووستوو نەکەوێت ئەوە سەرخۆش لەپێشترە تەلاقی نەکەوێت.
ـ عثمان خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: (ليس لمجنونٍ ولا لِسَكرانَ طَلاقٌ). أخرجه البخاري معلّقا بصيغة الجزم بعد حديث (5269)، وأخرجه موصولًا ابن أبي شيبة في (المصنف) (18209)، والطحاوي في (شرح مشكل الآثار) (12/243)، والبيهقي (15509). صَحَّحه ابن القيم في (زاد المعاد) (5/191)، والألباني في (إرواء الغليل) (2045).
ـ سەرخۆش بوون بە مەی وەک بێ هۆش بوونە بە بەنج وخواردنەوەی دەرمان، بەمانە تەلاقی ناکەوێت بە یەک دەنگی زانایان، سەرخۆش بەهەمان شێوە تەلاقی ناکەوێت. (البناية شرح الهداية) للعيني (5/301).
ـ ئەوەی عەقڵی لەدەست داوە بە سەرخۆش بوون وەک شێت وایە، شێت تەلاقی ناکەوێت. (الشرح الممتع) لابن عثيمين (13/220).
سەبارەت بەوەی تەلاقی دەکەوێت وەک سزا بۆی، دەڵێین:
١ـ سەرخۆش سزای دیارکراوە ئەویش جەلدە لێدانە، نابێت سزا بدرێت بە شتێکی تر کە شەرع بۆی دیاری نەکردووە.
٢ـ سزادان نابێت تێپەڕبێت بەسەر جگە لە تاوانبار، ئەگەر بڵێی تەلاقی دەکەوێت ئەوە ژن و مناڵەکانت سزادا بە تاوانی ئەو.
وتەی ڕاست تەلاقی ناکەوێت، والڵە ٲعلم.