پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوەیەک بدەن لەسەر گەڕاندنەوەی ئافرەت دوای تەلاق؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەلێن:
١- (الرجعة): واتە: گەڕاندنەوە، گەڕاندنەوەی ئافرەتە دوای تەلاق بێ گرێبەستێکی تری نوێ، تەلاقەکەش بائن نەبێت، بەڵگە لەسەر گەڕاندنەوە قورئان و سوننەت و یەک دەنگی زانایان هەیە، سەبارەت بە قورئان خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَبُعُولَتُهُنَّ أَحَقُّ بِرَدِّهِنَّ فِي ذَٰلِكَ إِنۡ أَرَادُوٓاْ إِصۡلَٰحٗاۚ﴾ [البقرة: 228]، سەبارەت بە سوننەت پێغەمبەری خوا فەرمانی کرد ابن عمر خێزانی خۆی بگەڕێنێتەوە: (مرە فلیراجعها)، سەبارەت بە ئیجماع ابن منذر یەک دەنگی زانایان نەقل دەکات لەسەر گەڕاندنەوە ئەگەر تەلاق کەمتر بێت لە دوو سێ تەلاق، پیاو لە دوو تەلاق بۆی هەیە خێزانی بگەڕێنێتەوە. (الإجماع) لابن المنذر لاپەڕە (٩٩-١٠٠)، (المغني) (١٠/٥٤٧).
٢- حیکمەت لە گەڕاندنەوەی ئافرەت دوای تەلاق نیعمەتێکی خوای گەورەیە بۆ ئەوەی ئاشت ببنەوە و زیاتر لێک تێبگەن و کێشەکە لەنێوانیان خۆیان چارەسەر بێت بەتایبەتی ئەگەر منالیان هەبێت، مەرجی گەڕاندنەوەش ئەوەیە اصلاح بکرێت لەسەر وتەی هەندیک زانا، لەبەر وتەی: ﴿إِنۡ أَرَادُوٓاْ إِصۡلَٰحٗاۚ﴾، ئیمام ئەحمەد بۆ ئەوە چووە اصلاح مەرج نییە بۆ گەڕاندنەوە، ڕاستە تاوانبار دەبێت بەڵام مەرجیش نییە و گەڕاندنەوەی دروستە.
٣- گەڕاندنەوەی ئافرەت چەند مەرجی هەیە:
یەکەم: گەڕاندنەوە دەبێت دوای تەلاق بێت، ئەگەر فەسخ بێت ئەوە گەڕاندنەوە نییە، نموونە: ئەگەر نیکاح فەسخ کرا لەبەر عەیبێک لە ئافرەتدا ئەوە گەڕاندنەوە نییە.
دووەم: دەبێت چووبێتە لای ئافرەتەکە یان بە تەنیا لەلای بووبێت (واتە: خەلوەت دروست بووبێت لەنێوانیان)، هەر ئافرەتێک تەلاق درا بێ خەلوەت یان چوونە لای ئەوە عیدەی لەسەر نییە، گەڕاندنەوە فەرعێکە لە جێگیربوونی عیدە.
سێیەم: دەبێت نیکاحەکە صحیح بێت، گەڕاندنەوە لە نیکاحی فاسد نییە، چونکە هەر شتێک لەسەر فاسد بنیات بنرێت فاسدە، ئەگەر ئافرەت شوو بکات بێ وەلی نیکاح فاسدە.
چوارەم: نابێت تەلاق دانەکە لەسەر مال و پارە بێت، ئەگەر ئافرەت بە پیاوەکەی وتم: تەلاقم بدە داکۆکی لە مارەیی خۆم دەکەم یان ئەوەندە پارەت پێ دەدەم ئەوە گەڕاندنەوە نییە.
پێنجەم: دەبێت گەڕاندنەوە پێش تەواو بوونی ژمارەی تەلاقەکان بێت، واتە: لە تەلاقی یەکەم و دووەم دەتوانێ بیگەڕێنێتەوە، لە تەلاقی سێیەم گەڕاندنەوە نییە. (فتح ذي الجلال والإکرام) (١٢/١٤٧-١٤٨).