سەردێری پرسیار:حوکمی شایەت گرتن لەسەر تەلاق دانی ئافرەت؟

بەرواری دانان :2024-10-24 کۆدی پرسیار:3585

پرسیار:

پرسیار: حوکمی شایەت گرتن لەسەر تەلاق دانی ئافرەت؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: نیکاح سێ شتی هەیە: گرێبەست و تەلاق و گەڕاندنەوە: یەکەم: گرێبەست: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون شایەت مەرجە بۆ گرێبەستی زەواج، ئەگەر شایەت نەبێت پوچە.

دووەم: تەلاق: شایەت گرتن سوننەتە نەک مەرج بێت، ئەگەر تەلاق بدات بێ شایەت ئەوە تەلاقی دروستە.

سێیەم: گەڕاندنەوە: شایەت گرتن سوننەتە واجب نییە، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە. (فتح ذي الجلال والإکرام) (١٢/١٥٠).

جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە شایەت گرتن، سێ وتە هەیە:

یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون واجبە شایەت بگریت لەسەر تەلاق و گەڕاندنەوە، کە ئەمە وتەی کۆنی شافعی و ابن حزمە، بەڵگە:

- خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَأَشۡهِدُواْ ذَوَيۡ عَدۡلٖ مِّنكُمۡ﴾ [الطلاق: 2]

- پێغەمبەری خوا فەرمانی کردووە بە شایەت گرتن لەسەر تەلاق و گەڕاندنەوە. 

دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون شایەتی گرتن بۆ تەلاق واجب نییە بەڵام بۆ گەڕاندنەوە واجبە، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و وتەیەکە لە وتەکانی شافعی.

سێیەم: شایەت گرتن بۆ تەلاق و گەڕاندنەوە سوننەتە، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و شافعی و مالک و ئەبو حەنیفەیە، لەبەر ئەوەی کاتێک ابن عمر خێزانی خۆی تەلاقدا پێغەمبەری خوا فەرمانی نەکرد بە شایەت گرتن، بەڵگەیە ئەو ئایەتەی هاتووە فەرمانی کردووە دەلالەت لەسەر سوننەت بوون دەکات نەک واجب بوون.

وتەی ڕاست وتەی سێیەمە کە شایەت گرتن لەسەر تەلاق و گەڕاندنەوە سوننەتە نەک واجب، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندی لەوەدابوو شایەت بگیرێن لەبەر زۆر بوونی غەش و فێل کردن، ئەوە ئەو وتەی دەڵێت واجبە لەم حاڵەتە وتەیەکی بەهێزە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام