پرسیار: ئافرەتێک تەلاق دراوە سێ جار، ئایا پێش تەواو بوونی عیددەی واجبە لەسەر پیاو مەسرەفی بکات؟
وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە ئافرەتی تەلاق دراوی بائن، سێ وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون ئافرەتی تەلاقی بائن نە شوێنی نیشتەجی بوون و نە مەسرەف بۆی هەیە لەکاتی عیددە، کە ئەمە وتەی عەلی وبن عباس و جابر و عطاء و طاوس و حەسەن و ئیمام ئەحمەد و ابن حزم و إسحاق و ابن عبد البر و ابن تیمیة و ابن قیم و شەوکانی و ابن عثیمینە، بەڵگە:
ـ عَنِ الشَّعْبِيِّ عَنْ فَاطِمَةَ بِنْتِ قَيْسٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهَا عَنِ النَّبِيِّ (ﷺ) فِي الْمُطَلَّقَةِ ثَلاثًا لَيْسَ لَهَا سُكْنَى وَلا نَفَقَةٌ، رَوَاهُ مُسْلِمٌ.
واتە: لە الشعبي دەگێڕنەوە ئەویش لە فاطمة بنت قیس دەگێڕێتەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) سەبارەت بەو ئافرەتەی سێ جار تەلاق دراوە فەرمووی: (نە شوێنی نیشتەجێ بوون و نە مەسرەف کردن بۆی هەیە).
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون شوێنی نیشتەجێ بوون و مەسرەف بۆی هەیە لە ماوەی عیددەدا، کە ئەمە وتەی عمر و ابن مسعود و سفیان الثوری و ئەبو حەنیفەیە، بەڵگەیە:
- خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿لَا تُخۡرِجُوهُنَّ مِنۢ بُيُوتِهِنَّ وَلَا يَخۡرُجۡنَ إِلَّآ أَن يَأۡتِينَ بِفَٰحِشَةٖ مُّبَيِّنَةٖۚ﴾ [الطلاق: 1]، نەهی کراوە لە دەرکردنیان، بەڵگەیە شوێنی نیشتەجێ بوون و مەسرەف کردن واجبە، هەروەها ئایەتی تریش فەرمانی کردووە بە شوێنی نیشتەجێ کردن: ﴿أَسۡكِنُوهُنَّ مِنۡ حَيۡثُ سَكَنتُم﴾ [الطلاق: 6]
سێیەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون تەنها شوێنی نیشتەجێ بوون بۆی هەیە، کە ئەمە وتەی مالکی یەکان و شافعی یەکان و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد، ابن حجر ئەمەی داوەتە پاڵ زۆربەی زانایان، بەڵگە:
- خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿أَسۡكِنُوهُنَّ مِنۡ حَيۡثُ سَكَنتُم﴾ [الطلاق: 6]، فەرمان کراوە بە شوێن دابین کردن بۆ ئافرەت، ڕیوایەتیش هاتووە: (لا نفقة لك)، ئەمەش بەڵگەیە مەسرەف کردنی واجب نییە.
- خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَإِن كُنَّ أُوْلَٰتِ حَمۡلٖ فَأَنفِقُواْ عَلَيۡهِنَّ حَتَّىٰ يَضَعۡنَ حَمۡلَهُنَّۚ﴾ [الطلاق: 6]، ماناکەی ئەوە هەڵدەگرێت ئەگەر دووگیان نەبێت مەسرەفی ناکات و لەسەری واجب نییە.
حەنەفی یەکان سەبارەت بە فەرموودەی باب دەڵێن:
١- فەرموودەکە پێچەوانەی قورئانە.
٢- پێچەوانەی وتەی عومەرە خوا لێی ڕازی بێت.
٣- وتەی ئافرەت ئەگەری هەڵە و لەبیرکردنی هەیە.
وەلام بۆیان سەبارەت بەوەی دەڵێن فەرموودەکە پێچەوانەی قورئانە، دەڵێین:
١- فەرموودەکە پێچەوانەی قورئان نییە، چونکە ئایەتەکە باسی تەلاقی ڕەجعی یە نەک بائن، هەروەک طبری ئەمەی نەقل کردووە لە کۆمەڵێک پێشینەکان. (تفسیر الطبري) (٢٨/٨٦).
٢- گریمان ئایەتەکە گشتییە تەلاقی ڕەجعی و بائن دەگرێتەوە، دەڵێین فەرموودەکە ئەم عمومەی تایبەت کردووە، تایبەت کردنی قورئان بە سوننەت هەیە و جێگیربووە، کردەوە کردن بە فەرموودەی فاطمە وازهێنان نییە لە قورئان، کە عومەر خوا لێی ڕازی بێت فەرموویەتی: (لا نترك کتاب ربنا)، چونکە کتێبی خوای گەورە باسی تەلاقی ڕەجعی یە، کە واجبە شوێنی بۆ دابین بکەیت و مەسرەفی بکەیت.
سەبارەت بەوەی فەرموودەکە پێچەوانەی وتەی عومەرە دەڵێین:
١- ئەمە لە عومەر بە صحیحی نەقل نەکراوە.
٢- کۆمەڵێک لە هاوەڵان پێچەوانەی عومەریان کردووە، وەک عەلی و ابن عباس.
سەبارەت بەوەی ئافرەتی ئەگەری هەڵە و لەبیرکردنی هەیە، دەڵێین:
١- ئەم تەعن لێدانە پوچە بە یەک دەنگی هەموو زانایان.
٢- نەقل نەکراوە خەبەرێک ڕەت بکرێتەوە لەبەر ئەوەی ڕاویەکە ئافرەتە.
٣- نەقل نەکراوە خەبەرێک ڕەت بکرێتەوە لەبەر ئەوەی ڕاوی لەوانەیە شت لەبیر بکات، چونکە کەس سەلامەت نییە لە لەبیرکردن.
٤- فاطمة بنت قیس بەناوبانگ بووە بەوەی زاکیرەی باش بووە، زۆر فەرموودە لە ئافرەتی تر نەقل کراون و وەرگیراون کەچی ناگەن بە پلەی فاطمة لە زاکیرەدا، نموونە فەرموودەی فریعة بنت مالك.
وتەی ڕاست وتەی یەکەم کە شوێنی نیشتەجێ بوون و مەسرەف کردن بۆی نییە، چونکە فەرموودەی باب ڕوون و ئاشکرایە، جگە لە دووگیان نەبێت واجبە مەسرەفی بکرێت، ئەمەش لەبەر حەملەکە مەسرەفی دەکرێت نەک عیددە. (فتح ذي الجلال والإکرام) (١٢/٢٥٣).