سەردێری پرسیار:دەکرێ ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر گومانی خراپ بردن بەخوای گەورە ئایا دەبێتە کوفر؟

بەرواری دانان :2024-10-28 کۆدی پرسیار:3590

پرسیار:

پرسیار: دەکرێ ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر گومانی خراپ بردن بەخوای گەورە ئایا دەبێتە کوفر؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:

١ـ گومانی خراپ بردن بەخوا لە تاوانە گەورەکانە و کوفر نییە، حاڵەت هەیە تووشی کوفر بووە و نەفی ئەسلی تەوحید دەکات. (الداء والدواء) (١/١٣٨)، (الزواجر عن اقتراف الكبائر) لابن حجر الهيتمي (١/١٥٠).

٢ـ گومانی باش بردن بە خوای گەورە لە واجبەکانی تەوحیدە و گومانی خراپیش بەخوای گەورە بردن نەفی تەواوی تەوحید یان ئەسڵی تەوحید دەکات.

٣ـ خوای گەورە وەسف کراوە بە سیفەتی تەواو و کردەوەکانی پڕن لە حیکمەت و دادپەروەری و ڕەحمەت و چاکە، خوای گەورە کامڵە لە ناوەکانیدا، کامڵە لە سیفەتەکانیدا، کامڵە لە پەروەردگارییەتیدا، لە کەمالی پەروەردگاریەتی و ناو و سیفەتەکانیدا ئەوەیە هیچ شتێک ناکات مەگەر پڕ بێت لە حیکمەت، حیکمەتیش ئەوەیە خوا ی گەورە هەر شتێک بکات لە جێگای  خۆیەتی، شتێکی باش و سوپاسکراوە، ئەمە بەڵگەیە لەسەر کەمالی خوا و، وەسف و سیفەتەکانی هەمووی کەمال و جوانن، لەبەرئەوە لەبەر کەمالی خوای گەورە دەبێت گومانی باش و حەق بە خوای گەورە ببەیت، وە نابێت گومانی خراپی پێ ببەیت و دەبێت باوەڕت وا بێت خوای گەورە کاملە لە حیکمەت و دادپەروەری و ڕەحم و ناو و سیفەت دا، ئەوەی وا گومان ببات کە خوای گەورە لە هەندێک شت کە دەیکات بێ حیکمەتە ئەوه گومانی نەقسی بە خوای گەورە بردووە و ئەمە گومانی خراپ بردنە بەخوای گەورە بە گومانی جاهلی، گومانی ناحەق بردن بە خوای گەورە نەفی تەوحید دەکات و دەکرێت نەفی تەواوی تەوحید بکات، هەندێکیان خاوەنەکەی دەرکردووە لە ئیسلام، وەک گومانی خراپ بردن لە هەندێک بابەتی قەدەر، وە هەیە نەفی تەواوی تەوحید دەکات وەک باوەڕ نەبوون بە حیکمەت. (التمهید) لصالح آل الشیخ لاپەڕە (٥١٠).

٤ـ زۆرینەی خەڵکیش گومانی بەد دەبەن بەرامبەر خوای گەورە لەو شتانەدا کە تایبەتە بە خۆیان، لەوەشدا کە خوا چ کارێ بە خەڵکی دیکە دەکات، هیچ کەسێک لەم بەد گومانیە سەلامەت نابێت، مەگەر ئەوانەی کە ناو سیفەتەکانی خوا دەناسن، دەشزانن کە خوا هەر خۆی حەکیمە و هەر خۆی شایستەی حەمد و ستایشە، جا با مرۆڤی ئاقل و دڵسۆز خۆی گرینگی بدات بەم بابەتە و تەوبە بکات و بگەڕێتەوە بۆ لای خوا و داوای لێ خۆش بوونی لێ بکات، لەوەدا بەد گومانی کردووە بە پەروەردگاری.

جا ئەگەر لە هەر کەسێک ورببیتەوە و پشکنینی بۆ بکەیت، دەبینی لە قەدەر ناڕازیە و لۆمەی دەکات و دەڵێت: دەبوایا ئاوا بوایە و ئاوا بوایە، هەیە ئەم سیفەتەی بەکەمی تێدایە و هەشە زۆری تێدا هەیە، تۆش تەفتیشی نەفسی خۆت بکە و بزانە لەو بەڵایە سەلامەتی یان نا؟ جا ئەگەر لەم فیتنەیە ڕزگار بووبيت، ئەوا لە بەڵایەکی گەورە دەرباز بوویت، ئەگەر واش نەبوو وا نازانم ڕزگارت بووبيت. (زاد المعاد) لابن القیم (٣/٢٣٤-٢٣٥).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام