سەردێری پرسیار:حوکمی پشت کردن لە ئایین؟

بەرواری دانان :2024-11-08 کۆدی پرسیار:3594

پرسیار:

پرسیار: حوکمی پشت کردن لە ئایین؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (بزانە پشت لەدین کردن بەدرۆخستنەوە نییە، بەڵکو پشت لە گوێڕایەلی کردنە، خەڵك لەسەریان واجبە خەبەرەکانی پێغەمبەر بەڕاست دابنێن و گوێڕایەلی فەرمانی پێغەمبەر (ﷺ) بکەن، وە دژی بەڕاست دانان بەدرۆخستنەوەیە، وە دژی گوێڕایەلی پشت کردنە لە گوێڕایەلی). الایمان لاپەڕە (١٣٧).

ابن القيم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (کوفری پشت کردن لە دین ئەوەیە بە بیستن و دڵ پشت لە پێغەمبەر (ﷺ) بکەیت، نە بەڕاستی دادەنێیت و نە بەدرۆی دەخەیتەوە، نە پشتگیری دەکات و نە دوژمنایەتی). (مدارج السالکین) (١/٣٤٧).

زانایان دەڵێن (إعراض) لە قورئاندا چەند مانایەک دەدات:

١- بەمانای گوێ نەگرتن بۆ فەرمانی خوا دێت.

٢- بەمانای قبول نەکردن دێت.

٣- بەمانای تەرک کردنی کردەوە دێت.

٤- بەمانای تەرک کردنی حوکمی خوا دێت.

سەبارەت بە پشت کردن لە دین دوو حالەتە:

یەکەم: ئەگەر پشت لە فێربوونی بنچینەکانی دین و عەقیدە بکات، وە حەزی لێ نەبێت، ئەمە هەلوەشێنەرێکە لە هەلوەسێنەرەکانی ئیسلام.

دووەم: ئەگەر پشت لە فێربوونی تەفاسیلەکانی دین بکات، وەک تەفاسیلی ئەحکامەکان، جا لەبەر تەمبەڵی بێت یان کاتی نەبێت، ئەمەیان تاوانێکە لە تاوانەکان لە دین دەرناچێت.

هەروها تەرک کردنی کردەوە پشت لە دین کردنە، هەر کەسێک ئەم دینەی لا ڕاست بێت بە دڵ و باوەڕی بە پێغەمبەر (ﷺ) هەبێت، وە بە زمان شایەتوومان بهێنێت، بەڵام هیچ کردەوەی نەکردووە (مەبەستمان لە کردەوە ئەوەیە هیچ لە چوار ڕوکنەکانی ئیسلامی نەکردووە)، ئەمەیان موسڵمان نییە بە یەک دەنگی ھەموو زانایان، کەواتە خەڵک لە کردەوەی لاشە و کردەوەی دیار و بەرچاو ئەم چوار حاڵەتانەن:

١-کەسێک هەر چوار ڕوکنی ئیسلام تەرک بكات دوای شایەتوومان ھێنان، ئەمەیان ئیجماع هەیە کە موسڵمان نییە، ئەگەر ڕاستگۆ بوایا ئیمانەکەی پاڵی پێوە دەنا یەکێک لە چوار ڕوکنەکان ئەنجام بدات.

٢-کەسێک تەنها نوێژ دەکات، ئەمە موسڵمانە، چونکە هەر چوار ڕوکنی ئیسلامی پێکەوە تەرک نەکردووە.

٣-کەسێک تەنها ڕۆژوو دەگرێت و زەکات دەدات، دەڵێین لە بابەتی  ئیمان ڕزگاری بووە چونکە هەر چوار ڕوکنی تەرک نەکردووە، بەڵام  جیاوازی هەیە ئەگەر یەکێک نوێژ بەتەواوی تەرک بکات ئایا موسڵمانە یان نا؟.

٤-کەسێک هەر چوار ڕوکنی ئیسلام جێبەجێ دەکات، ئەمەیان گومانی تێدا نییە کە ئیماندارە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام