پرسیار: ئافرەتێک تەلاق دراوە مناڵی بچووکی هەیە و ئەهلی کتابە، ئایا مناڵ لەلای باوک دەبێ کە موسڵمانە یان دایک؟
وەلام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان ئایا دایەنگە بۆ کافر هەیە یان نە، دوو وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون دایەنگە بۆ دایکی کافر هەیە ئەگەر مناڵەکە موسڵمان بوو، لەبەر ئەوەی ئەگەر دایەنگە بۆ دایکی کافر نەبوایا ئەوە پێغەمبەری خوا (ﷺ) مناڵی لەنێوان دایک کافر و باوکی موسلمان دانەدەنا، یەکسەر بە باوکی دەدا، کە ئەمە وتەی حەنەفی یەکان و مالکی یەکانە.
عَنْ نَافِعِ بنِ سِنَانٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ أَنَّهُ أَسْلَمَ وَأَبَتِ امْرَأَتُهُ أَنْ تُسْلِمَ، فَأَقْعَدَ النَّبِيُّ (ﷺ) الأُمَّ نَاحِيَةً وَالأَبَ نَاحِيَةً، وَأَقْعَدَ الصَّبِيَّ بَيْنَهُمَا، فَمَالَ إِلَى أُمِّهِ، فَقَالَ: (اللَّهُمَّ اهْدِهِ) فَمَالَ إِلَى أَبِيهِ فَأَخَذَهُ، أَخْرَجَهُ أَبُو دَاوُدَ وَالنَّسَائِيُّ، وَصَحَّحَهُ الْحَاكِمُ.
واتە: لە نافع بن سنان دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت خۆی موسڵمان بوو و خێزانەکەی قبولی نەکرد موسڵمان بێت، پێغەمبەری خوا (ﷺ) دایکی لەلایەک دانا و باوکیشی لەلایەک دانا، مناڵەکەش لەنێوانیان دانیشت، مناڵەکە لایدا بۆ لای دایکی، پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (ئەی خوایە هیدایەتی بدەیت)، مناڵەکە لایدا بۆ لای باوکی و بردی.
دووەم: مەرجە بۆ ئەوەی پەروەردەی مناڵ لە ئەستۆی خۆی دەگرێت موسڵمان بێت، کە ئەمە وتەی شافعی یەکان و حەنابلە و وتەی ابن وهبی مالکی یە، ئەم وتەیە دراوەتە پاڵ زۆربەی زانایان، وتەی ابن حزم و ابن قیم و ابن باز و ابن عثیمینە، بەڵگە:
ـ خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَلَنْ يَجْعَلَ اللَّهُ لِلْكَافِرِينَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ سَبِيلًا﴾ [النساء:١٤١].
ڕووی کردنە بەڵگە: خوای گەورە موالاتی نێوان موسڵمان و کافری بڕیوە، موسڵمان هەندێکیان دۆست و پشتیوانی هەندێکیانن و کافریش هەندێکیان دۆست و پشتیوانی یەکترن، دایەنگە لە بەهێزترین هۆکاری موالاتە کە خوای گەورە بڕیویەتی لەنێوان ئەم دوو دەستەیە. (زاد المعاد) لابن القيم (5/410)، (سبل السلام) للصنعاني (3/229).
ـ عن أبي هُريرةَ رَضِيَ اللهُ عنه قال: قال النَّبيُّ (ﷺ): (كُلُّ مَولودٍ يُولَدُ على الفِطرةِ فأبَواه يُهَوِّدانِه أو يُنَصِّرانِه أو يُمجِّسانِه). رواه البخاري (1385 )، ومسلم (2658).
ڕووی کردنە بەڵگە: ئەوەی دایەنگەی گرتۆتە ئەستۆ ئەمین نییە لەوەی مناڵەکە بگاتە گاور یان جولەکە، فیترەتی مناڵ دەگۆڕێت ئەوە فیترەتە پاکەی خوای گەورە مناڵی لەسەر دروستکردووە. (زاد المعاد) لابن القيم (5/410)، (سبل السلام) للصنعاني (3/229).
وتەی ڕاست وتەی دووەم و وتەی زۆربەی زانایانە، سەبارەت بە فەرموودەی باب دوو وەڵام هەیە:
- فەرموودەکە قسەی لەسەر و لاوازە.
- ئەگەر صحیح بێت ئەوە دوعا کردنی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بۆ ئەوەی مناڵ باوک هەلبژێرێت بەڵگەیە دایەنگە هەلبژاردنی کافر پێچەوانەی سوننەتی پێغەمبەری خوایە (ﷺ).