پرسیار: لە سورەتی (الشعراء) کاتێک باسی پێغەبەرەکان دەکات بۆ هەموو پێغەمبەرەکان دەفەرمووێت: (إِذۡ قَالَ لَهُمۡ أَخُوهُمۡ)، بەڵام بۆ شوعەیب وشەی: (أَخُوهُمۡ)، بۆی بەکارنەهێناوە؟
وەڵام: زانایان دەڵێن لە سورەتی (الشعراء) کاتێک باسی پێغەمبەران دەکات بە برای قەومیان وەسفیان دەکات، بەڵام کاتێک باسی شوعەیب دەکات بە برا وەسف ناکات: (إِذْ قَالَ لَهُمْ شُعَيْبٌ أَلَا تَتَّقُونَ)، نەیفەرموو: (أخوهم شُعَيبٌ)، بۆ ئەمە دوو وەڵام هەیە:
١ـ لەبەر ئەوەی دراونەتە پاڵ عیبادەتی (الأَيْكة)، واتە:الشجر، هاوەڵانی دارەکە. (تفسير ابن كثير) (6/158، 159).
٢ـ لەبەر ئەوەی برایان نەبووە لە نەسەب، بەڵام کاتێک باسی شوعەیب دەکات بۆ مەدیەن بە برای ئەوان وەسف دەکات: (وَإِلَى مَدْيَنَ أَخَاهُمْ شُعَيْبًا). (تفسير البغوي) (3/477)، (نظم الدرر) للبقاعي (14/85).
جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان ئایا شوعەیب بۆ دوو ئوممەت نێردراوە یان یەک ئوممەت، لەبەر ئەوەی کاتێک لە قورئان باسی دەکات بە شێوازی جیاواز باسی دەکات:
١ـ لە سورەتی (الأعراف) و (هود) و (العنكبوت) کاتێک باسی (مدین) دەکات دەفەرمووێت: (أخوهم شُعَيبٌ)، بەڵام لە سورەتی (الشعراء) کاتێک باسی (الأَيْكة) دەکات نافەرمووێت: (أخوهم شُعَيبٌ).
٢ـ شوعەیب بۆ (مدین) دەفەرمووێت: (يَاقَوْمِ)، بەڵام بۆ (الأَيْكة) نافەرمووێت: (يَاقَوْمِ).
٣ـ لە سورەتی (الأعراف) و (العنكبوت) کاتێک باسی سزای (مدین) دەکات ئەوەی بەسەریان هات (الرجفة) بوو و لە سورەتی (هود) سزاکەی (الصيحة) بوو، بەڵام لە سورەتی (الشعراء) کاتێک باسی سزای (الأَيْكة) دەکات سزاکەی (عذاب يوم الظلة) بوو.
بەڵام بانگەوازەکەی بۆ (مدین) و (الأَيْكة) یەک بانگەواز بوو، ئەویش فەرمان کردن بوو بە دادپەروەری و وەفا کردن لە کێشان و پێوانەدا و نەهی کردن لە فەساد لە زەویدا بڵاوکردنەوە.
زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون ٲصحاب (مدین) و (الأَيْكة) یەک شتن نەک دوو ئوممەت بن، دوو جۆری سزاش ئاساییە دوو سزا بۆیان چوو بێت.