پرسیار: دەکرێ ڕوونکردنەوەیەک بدەن لەسەر (یمین الغموس)؟
وەڵام: (الیمین الغموس): ئەوەیە سوێند بخۆیت بەدرۆ بۆ ئەوە مالی موسڵمان بخۆت و مالی ببەیت بە ناحەق، لەبەر ئەوە پێی دەڵێن (الغموس) لەبەر ئەوەی خاوەنەکەی نقووم بووە لە تاواندا و لە ئاگری دۆزەخدا، کە ئەم جۆرە سوێندە چەند مەفسەدەتی تێدایە، لەوانە:
١- درۆ دەکات.
٢- مالی موسڵمان دەبات.
٣- سوێندی پێ شتێکی کەمە.
٤- فێل کردن و هەڵخەلەتاندنی قازی یە.
عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بنِ عَمْرٍو رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمَا قَالَ: جَاءَ أَعْرَابِيٌّ إِلَى النَّبِيِّ (ﷺ) فَقَالَ: يَا رَسُولَ اللَّهِ مَا الْكَبَائِرُ؟ فَذَكَرَ الْحَدِيثَ، وَفِيهِ (الْيَمِينُ الْغُمُوسُ)، وَفِيهِ قُلْتُ: وَمَا الْيَمِينُ الْغُمُوسُ؟ قَالَ: (الَّتي يُقْتَطَعُ بِهَا مَالُ امْرِئٍ مُسْلِمٍ هُوَ فِيهَا كَاذِبٌ) أَخْرَجَهُ الْبُخَارِيُّ.
واتە: لە عبد اللە بن عمرو دەگێڕنەوە خوا لە هەردووکیان ڕازی بێت فەرمووی: دەشتەکییەک هاتە لای پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: ئەی نێردراوی خوا تاوانە گەورەکان چین؟ ... فەرمووی: (الیمین الغموس)، وتم: (الیمین الغموس) چییە؟ فەرمووی: (ئەو کەسەیە کە سوێند دەخوات تا مالی موسڵمان ببات و درۆش دەکات).
فەرموودەکە بەڵگەیە (الیمین الغموس) حەرامە و لە تاوانە گەورەکانە، ئەویش سوێند خواردنە بە درۆ بۆ ئەوەی مالی موسڵمان بخوات بە ناحەق، خاوەنەکەی شایستەی سزای خوای گەورەیە و لێی تۆڕەیە.
فەرموودەکە بەڵگەیە سوێند خواردنی بەدرۆ کەفارەتی نییە، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، مالک و ئەبو حەنیفە و وتەی بەناوبانگی ئەحمەدە، لەبەر ئەوەی لە تاوانە گەورەکانە و گەورەترە لە کەفارەت و بە کەفارەت لاناچێت بەڵکو دەبێتە تەوبەیەکی دروست بکات.
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون (یمین الغموس) کەفارەتی هەیە، کە ئەمە وتەی شافعی و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ئەوزاعی و ابن حزم، لەبەر ئەوەی سوێندەکە دامەزراوە وەک هەموو سوێندێكی تر کەفارەتی هەیە.
وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە، لەبەر ئەوەی خاوەنەکەی نقووم بووە لە تاواندا بە یەک دەنگی هەموو موسڵمانان، کەفارەت دانان بۆ ئەم تاوانە ئاسانکاری کردنە و خەڵک بە شتێکی کەم دەبینێت و مالی خەڵک دەخوات بە ناحەق.