پرسیار: حوکمی وەڵام دانەوەی سەلام؟
وەڵام: وەڵام دانەوەی سەلام بەشێوەیەکی گشتی واجبە، لەبەر ئەوەی فەرمان کراوە بە وەڵام دانەوەی سەلام، لەبەر وتەی: (وَإِذَا حُيِّيتُمْ بِتَحِيَّةٍ فَحَيُّوا بِأَحْسَنَ مِنْهَا أَوْ رُدُّوهَا)، وتەی: (فَحَيُّو)، فەرمان کراوە ئەسڵ لە فەرمان کردن بۆ واجب بوونە. (نظم الدرر) للبقاعي (5/351)، (تفسير ابن عاشور) (5/145)، (تفسير ابن عثيمين- سورة النساء) (2/40).
زانایان دەڵێن وەڵام دانەوەی سەڵام سێ حاڵەتە:
یەکەم: ئەگەر یەک کەس بێت ئەوە واجبە لەسەر کەسەکە وەڵامی سەلامەکە بداتەوە، واتە: (فرض العین)ە.
دووەم: ئەگەر دوو کەس بن یان زیاتر، ئەوە یەک کەس وەڵام بداتەوە لەسەر ئەوانی تر لادەچێت، واتە: (فرض الکفایە)یە، ئەگەر هەمووش وەڵامی بدەنەوە باشترە. (كشاف القناع) (2/250).
سێیەم: ئەگەر کۆمەڵە کەسێک لە مەجلس بن، کەسێک سەلام بکات مەبەستی کەسێک بێت، لەبەر ئەوەی گەورەیە لەنێوانیاندا، ئەوە واجبە لەسەر ئەو کەسە وەڵامی سەلام بداتەوە. (فتاوى نور على الدرب) لابن عثیمین.