سەردێری پرسیار:حوکمی فرۆشتنی کاڵا بە کەمتر لە نرخی بازاڕ؟

بەرواری دانان :2025-02-20 کۆدی پرسیار:3642

پرسیار:

پرسیار: حوکمی فرۆشتنی کاڵا بە کەمتر لە نرخی بازاڕ؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:

١ـ ئەسڵ وایە بازرگانەکان نییەتی خێریان هەبێت و هەر شتێک بکەن مەبەستیان خوای گەورە بێت و یارمەتی دانی خەڵک بێت لەپێناو خوا، هەروەها ڕاستگۆ بێت، لەبەر ئەوەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (التَّاجِرُ الصَّدُوقُ الأَمِينُ مَعَ النَّبِيِّينَ، وَالصِّدِّيقِينَ، وَالشُّهَدَاءِ). رواه الترمذي.

٢ـ بازرگان ئەگەر کاڵا بە کەمتر لە نرخی بازاڕ بفرۆشێت دوو حاڵەتە:

حاڵەتی یەکەم: نییەتی زیان گەیاندنی هەبێت بە کەسانی تر ئەمەیان حەڕامە، نموونە: نرخ هەرزان دەکات بۆ ئەوەی زیان لە کەسانی تر بدات و لە بازاڕ دەربچن و تەنها خۆی لە بازاڕ بمێنێتەوە، ئەمەیان حەرامە لەبەر وتەی پێغەمبەری خوا (ﷺ): (لَا ضَرَرَ ولا ضِرارَ). رواه الدارقطني.

حاڵەتی دووەم: ئەگەر نییەتی زیان گەیاندنی نەبێت ئەمەشیان دوو حاڵەتە:

١ـ ئەگەر زیانەکە کەم بێت ئەمەیان مەجالی تێدایە، نموونە: هەندێک شت دەفرۆشێت بۆ ئەوەی نەمێنێتەوە  لەبەر تەواو بوونی وەرز یان کاتی فرۆشتنی یان پێویستی بە پارە هەیە.

٢ـ ئەگەر زیانەکە زۆر بێت ئەمەیان جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان دوو وتە هەیە:

ـ زۆربەی فوقەهاکان بۆ ئەوە چوون دروستە، لەبەر ئەوەی مالی خۆیەتی و کەس بۆی نییە حجر بخاتە سەری مالی و چۆن بییەوێت تەسەڕوفی تێدا دەکات، کەس بۆی نییە پابەندی بکات بەوەی بە نرخێکی دیاریکراو بیفرۆشێت.

ـ هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون حەڕامە، کە ئەمە وتەی مالکی یەکانە، لەبەر ئەوەی بازاڕ تێکدەدات و زیان بە کەسانی تر دەگەیەنێت.

دابەزاندنی نرخ ئەگەر لەپێناو منافەسەیەکی باش بێت و بۆ ئەوەی یارمەتی خەڵک بدەن هیچی تێدانییە، ئەگەر مەبەستیان زیان گەیاندن بێت بە یەکتری و دەرکردنی کەسانی تر بێت لەبازاڕ ئەمەیان حەڕامە.

٣ـ ئەوەی گرینگ بێت موسڵمان ڕەوشتی هەبێت لە مامەڵە و بازرگانی کردندا و نییەتی باش بێ و هەست بە برایەتی بکات، چۆن زیانی بۆ خۆی پێ ناخۆشە ئاواش بۆ براکەی پێ ناخۆش بێ، دڵنیایی وەربگرێت شتێک نەکات زیان بە برای بگەیەنێت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام