پرسیار: جیاوازی چییە لەنێوان (الزهد) و (الورع)؟
وەڵام: (الزهد): ئەسڵی وشەکە دەلالەت لەسەر کەمی دەکات لە هەموو شتێکدا، لەڕووی شەرعەوە ئەوەیە ڕووت وەربگێڕی لە شتێک حەزت بۆ دەڕوات بۆ شتێکی تر کە خێرتر و باشترە، یان سەیرکردنی دونیا بەو تێڕوانینە کە نامێنێت و دەڕوات، بۆ ئەوەی لەبەر چاوت بچووک بێتەوە، دواتر پشت لە دونیا کردن بۆت ئاسان دەبێت.
ابن تیمیة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (زوهد وازهێنانە لە حەز لەو شتانەی سوودی بۆ ئاخیرەتت نییە)، ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەمە باشترین پێناسەیە لەسەر زوهد وترا بێت). (مدارج السالکین) (٢/١٠).
(الورع): ئەسڵی ئەم وشەیەیە دەلالەت لەسەر خۆگرتنەوە دەکات، ابن تیمیة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (وەرع وازهێنانە لەوەی زیانی بۆ ئاخیرەتت هەیە)، واتە: وازهێنانە لە حەرام و گومانەکان، چونکە زیانی هەیە بۆ ئاخیرەتت. (الفتاوی) (١٠/٢١).
ابن تیمیة ڕەحمەتی خوای لێ بێت باسیکردووە واجبەکان و سوننەتەکان زوهد و وەرعی تێدانییە، حەرامەکان و مەکروهەکان زوهد و وەرعی تێدایە، سەبارەت بە شتە مباحەکان دەکرێ زوهدی تێدابێت بێ وەرع. (الفتاوی) (١٠/٦١٩).
بەمە بەدیار دەکەوێت زوهد بەرزترە لە وەرع، لەبەر ئەوەی وەرع وازهێنانە لەوەی زیانی بۆت هەیە یان زیانت پێ دەگەیەنێت، زوهد وازهێنانە لەوەی سوودتت پێ ناگەیەنێت، لەبەر ئەوەی شتەکان سێ جۆرن:
- هەیە زیان بە ئاخیرەتت دەگەیەنن.
- هەیە سوودی نییە بۆ ئاخیرەتت.
- هەیە نە سوودی هەیە و نە زیان.
وەرع وازهێنانە لەوەی زیانی بۆ ئاخیرەتت هەیە، زوهد وازهێنانە لەوەی سوودی بۆ ئاخیرەتت نییە، ئەوەی زیانی هەیە لەپێشترە وازی لێ بێنێ، لەسەر ئەمە هەموو کەسێکی زاهد وەرعی هەیە، بەڵام کەسێک وەرعی هەبێت مەرج نییە زاهد بێت. (شرح ریاض الصالحین) (٣/٣٥٩-٣٨٥).