پرسیار: دەکرێ ئەم ئایەتە بکەیتە بەڵگە فێل و تەلەی ئافرەت گەورەترە لە هی شەیتان: ﴿إِنَّهُۥ مِن كَيْدِكُنَّۖ إِنَّ كَيْدَكُنَّ عَظِيمٞ)؟ چۆن دەبێ فێل ئافرەت لە هی شەیتان گەورەتر بێ؟
وەڵام: زانایان دەڵێن دوو ئایەت هاتوون سەبارت بە فێل و پیلان و تەلەی شەیتان و ئافرەت:
١ـ خوای گەورە دەفەرمووێت: (إِنَّ كَيْدَ الشَّيْطَانِ كَانَ ضَعِيفًا) [النساء:٧٦].
٢ـ خوای گەورە دەفەرمووێت: (إِنَّهُۥ مِن كَيْدِكُنَّۖ إِنَّ كَيْدَكُنَّ عَظِيمٞ) [يوسف: ٢٨]
سەبارەت بەمە زانایان دوو وتەیان هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا دەڵێن وەسفی فێل و مەکری ئافرەت کراوە بە گەورە، هەروەها وەسفی فێلی شەیتان کراوە بە لاواز، بەڵگەیە فێل و مەکری ئافرەت گەورەترە لە هی شەیتان. (أضواء البيان) للشنقيطي (٢/٢١٧).
بۆیە هەندێک زانا دەڵێن: (من ئەوەندەی لە ئافرەت دەترسم ئەوەندە لە شەیتان ناترسم، چونکە خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿إِنَّ كَيْدَ الشَّيْطَانِ كَانَ ضَعِيفًا﴾، سەبارەت بە ئافرەت دەفەرمووێت: ﴿إِنَّهُۥ مِن كَيْدِكُنَّۖ إِنَّ كَيْدَكُنَّ عَظِيمٞ﴾، چونکە شەیتان وەسواس بۆ مرۆڤ دەهێنێت بەشێوەی نهێنی و شاراوە، بەڵام ئافرەتان ڕووبەڕوو بۆ پیاوان دێن بە شێوەی ئاشکرا). (تفسير القنوجي) (6/320).
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ئەمە نابێتە بەڵگە فێل و تەلەی ئافرەت لە هی شەیتان گەورەترە، چونکە:
ـ وتەی: (إِنَّ كَيْدَ الشَّيْطَانِ كَانَ ضَعِيفًا)، مەبەست پێی ئەوەیە پیلان و فێل و تەلەی لاوازە بەرامبەر بە فێل و پیلانی خوای گەورە، گەورەیی فێل و تەلەی ئافرەتیش بەرامبەر هی پیاوان گەورەیە. (تفسير الألوسي) (٦/٤١٥)، (تفسير المنار) لمحمد رشيد رضا (١٢/٢٣٨).
ـ فێل و پیلانی ئافرەت گەورەیە مەبەست پێی بۆ جووت بوون و شەهوەتە، ئەگەرنا لە شتی تری جگە لە شەهوەت و جووت بوون فێلی پیاو گەورەترە. (تفسير القنوجي) (٦/٣٢٠).
ـ خوای گەورە کاتێک دەفەرمووێت: (إِنَّ كَيْدَ الشَّيْطَانِ كَانَ ضَعِيفًا) [النساء:٧٦]، ئەمە قسەی خۆیەتی و حوکمی خۆیەتی، بەڵام ئایەتی سورەتی یوسف: (إِنَّهُۥ مِن كَيْدِكُنَّۖ إِنَّ كَيْدَكُنَّ عَظِيمٞ٢٨) [يوسف: ٢٨]، ئەمەیان قسەی شاهدەکەیە حوکمی خوای گەورە نییە.