سەردێری پرسیار: مەرجەکانی بانگدان چین؟

بەرواری دانان: 2025-04-01 کۆدی پرسیار: 3659

پرسیار:

پرسیار: مەرجەکانی بانگدان چین؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان سەبارەت بە مەرجەکانی بانگدان دەڵێن:

١ـ داخل بوونی کات مەرجە بۆ دروستی بانگ: بانگ نادرێت مەگەر دوای داخلی کات بوون، کە هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەمە، ابن جریر و ابن رشد و النووی یەک دەنگی زانایان نەقل دەکەن.

جگە لەم دوو حاڵەتە داخل بوونی کات مەرج نییە بۆ نوێژ:

ـ بانگی یەکەم بۆ نوێژی بەیانی: دروستە بانگ بدرێت پێش هەڵاتنی فەجر، واجبە دووبارە بکرێتەوە جاری دووەم کاتی هەڵاتنی فەجر، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی حەنابلە و ابن منذر و ابن حزم و ابن بازە.

ـ بانگی یەکەمی ڕۆژی هەینی: دروستە بانگی یەکەم بدرێت بۆ ڕۆژی هەینی، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، وتەی حەنەفی و مالکی و حەنابلەیە.

٢ـ نییەت: نییەت مەرجە بۆ دروستی بانگ، کە ئەمە وتەی مالکی و حەنابلە و وتەیەکە لە وتەی شافعی یەکانە.

٣ـ تەرتیب لەنێوان وشەکانی بانگ: تەرتیب مەرجە بۆ دروستی بانگ، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، وتەی مالکی یەکان و شافعی یەکان و حەنابلەیە.

٤ـ موالاة لەنێوان وشەکانی بانگ:

ـ حوکمی ناوبڕێکی کەم لەنێوان وشەکانی بانگ: بانگ پوچ ناکاتەوە لەسەر وتەی هەر چوار مەزهەبەکان.

ـ حوکمی ناوبڕێکی زۆر لەنێوان وشەکانی بانگ: بانگ پوچ دەکاتەوە و دەبێت سەر لەنوێ دەست پێ بکاتەوە، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، وتەی حەنەفی و مالکی و حەنابلە و وتەیەکە لە وتەکانی شافعی یەکان.

٥ـ بانگدان بە زمانی عەرەبی: مەرجە بەنگدان بە زمانی عەرەبی بێت، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، وتەی حەنەفی و شافعی و حەنابلەیە.

٦ـ دەبێت بانگ لەحنێکی وای تیا نەبێت مانای بگۆڕێ: مەرجە بانگ لەحنی تیا نەبێت، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، وتەی حەنەفی و شافعی و حەنابلەیە.

٧ـ دەبێت یەک کەس بانگ بدات و تەواوی بکات: مەرجی دروستی بانگ ئەوەیە یەک کەس بانگ بدات، نابێت کەسێکی تر تەواوی بکات بە یەک دەنگی هەر چوار مەزهەبەکان.

٨ـ بەرزکردنەوەی دەنگ بۆ بانگ: بەرزکردنەوەی دەنگ بۆ بانگ مەرجە بۆ دروستی بانگ ئەگەر بانگ بدات بۆ کەسانێک ئامادەی نوێژ نەبووینە، کە ئەمە وتەی شافعی یەکان و حەنابلە و ابن حزمە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام