سەردێری پرسیار: ئەو شتانەی نوێژ پوچ دەکەنەوە چین؟

بەرواری دانان: 2025-05-04 کۆدی پرسیار: 3666

پرسیار:

پرسیار: ئەو شتانەی نوێژ پوچ دەکەنەوە چین؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن ئەو شتانەی نوێژ پوچ دەکەنەوە ئەمانەن:

یەکەم: هەلوەشێنەری دەست نوێژ (حدث) لەناو نوێژدا

١- هەر کەسێک تووشی هەلوەشێنەری دەست نوێژ بێت بە ئەنقەست ئەوە دەست نوێژ و نوێژی بەتال دەبێتەوە، سەر لەنوێژ نوێژی دەکاتەوە لە سەرەتاوە دوای دەست نوێژ گرتنەوە، ابن رشد و النووي و الرملي یەک دەنگی زانایان نەقل دەکەن.

٢- هەر کەسێک تووشی هەلوەشێنەری دەست نوێژ بوو بێ ئەنقەست ئەوە دەست نوێژ و نوێژی بەتال دەبێتەوە، سەر لەنوێژ نوێژی دەکاتەوە لە سەرەتاوە دوای دەست نوێژ گرتنەوە، کە ئەمە وتەی شافعی یەکان و حەنابلە و ابن باز و ابن عثیمینە.

دووەم: ڕوو لە قیبلە وەرگێڕان لەناو نوێژدا: هەر کەسێک ڕووی لە قیبلە لابدات بێ عوزر، ئەوە نوێژی پوچە، ابن حزم و ابن تیمیة یەک دەنگی زانایان نەقل دەکەن.

سێیەم: تەرککردنی ڕوکنێک لە ڕوکنەکانی نوێژ: هەر کەسێک ڕوکنێک لە ڕوکنەکانی نوێژ تەرک بکات بە ئەنقسەت ئەوە نوێژی پوچ دەبێتەوە، ئیمام النووي یەک دەنگی زانایان نەقل دەکات.

چوارەم: قسەکردن لەناو نوێژدا: هەر کەسێک قسە بکات لەناو نوێژدا بە ئەنقەست و زانا بێت بە حەرام بوونی و بێ ئەوەی هیچ مەسلەحەتی تێدابێت، ئەوە نوێژی بەتالە، ابن منذر و ابن عبد البر و ابن قدامة و ابن تیمیة و ابن حجر یەک دەنگی زانایان نەقل دەکەن.

پێنجەم: پێکەنین: نوێژ بەتال دەکاتەوە بە یەک دەنگی هەموو زانایان، ابن منذر و ابن رشد و ابن حزم یەک دەنگی زانایان نەقل دەکەن.

شەشەم: زۆر جوولە کردن بێ ئەوەی پێویست بێت و بە ئەنقەست: دروست نییە زۆر جوولە بکرێت ئەگەر پێویست نەکات و بە ئەنقەست بێت و بێ عوزر بێت نوێژ بەتال دەکاتەوە، کە هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەمە، ابن عبد البر و ابن تیمیة یەک دەنگی زانایان نەقل دەکەن.

حەوتەم: ڕۆیشتن لەناو نوێژدا: ڕۆیشتنی زۆر لەناو نوێژدا نوێژ بەتال دەکاتەوە، ابن حجر و ابن بطال یەک دەنگی زانایان نەقل دەکەن.

هەشتەم: خواردن و خواردنەوە لەناو نوێژدا بە ئەنقەست: نوێژ بەتال دەکاتەوە بە یەک دەنگی هەموو زانایان، ابن منذر و ابن حزم و ابن عبد البر و ابن قدامة و ابن مفلح یەک دەنگی زانایان نەقل دەکەن.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام