سەردێری پرسیار: دەکرێ بە کورتی باسی چۆنیەتی نوێژی جەژن بکەن؟

بەرواری دانان: 2025-06-04 کۆدی پرسیار: 3671

پرسیار:

پرسیار: دەکرێ بە کورتی باسی چۆنیەتی نوێژی جەژن بکەن؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان سەبارەت بە چۆنیەتی نوێژی جەژن دەڵێن:

١- ژمارەی ڕەکاعەتەکان: نوێژی جەژن دوو ڕەکاعەت بە یەک دەنگی هەموو زانایان، ابن حزم و ماوردی و ابن قدامة و النووي و صنعانی یەک دەنگی زانایان نەقل دەکەن.

٢- حوکمی تەکبیرەکانی نوێژی جەژن: تەکبیرەکان سوننەتن بۆ هەردوو نوێژەکان، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، وتەی مالکی و شافعی و حەنابلەیە.

٣- ژمارەی تەکبیرەکانی نوێژی جەژن: سوننەتە لە ڕەکاعەتی یەکەم حەوت تەکبیر بخوێنی (واتە: بە تەکبیرەی ئیحرامەوە) و لە ڕەکاعەتی دووەم پێنج تەکبیر بخوێنی (واتە: جگە لەو تەکبیرەی کە هەلدەستیەوە)، کە ئەمە وتەی مالکی و حەنابلە و بخاری و ابن تیمیة و ابن قیم و ابن باز و ابن عثیمینە.

٤- شوێنی تەکبیرەکانی نوێژی جەژن: تەکبیرەکان لە ڕەکاعەتی یەکەم دوای دوعای سەرەتای نوێژ و پێش الاستعاذة و قورئان خوێندنەوەیە، لە ڕەکاعەتی دووەم دوای تەکبیرەی نەقل بوون و پێش الاستعاذة و قورئان خوێندنەوە، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، وتەی مالکی و شافعی و حەنابلەیە.

٥- دەست بەرزکردنەوە لەکاتی تەکبیرەکانی نوێژی جەژن: سوننەتە دەستەکانت بەرز بکەیتەوە لە تەکبیرەکانی نوێژی جەژن، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، وتەی حەنەفی و شافعی و حەنابلە و وتەیەکە لە وتەی مالك.

٦- زیکر لەنێوان تەکبیرەکانی نوێژی جەژن: سوننەت نییە زیکر بخوێندرێت لەنێوان تەکبیرەکانی جەژن، لەسەر نوێژخوێنە تەکبیرەکان بخوێنێ بێ ناوبڕ، کە ئەمە وتەی حەنەفی و مالکی و ئەوزاعی و ابن حزم و صنعانی یە، ئیمام النووي ئەم وتەیەی دواەتە پاڵ زۆربەی زانایان.

٧- لەبیرکردنی تەکبیرەکانی نوێژی جەژن: هەر کەسێک تەکبیرەکان لەبیر بکات تا دەگات بە خوێندنەوەی سورەتی فاتیحە ئەوە لەدەستی چوو و قەزا ناکاتەوە، کە ئەمە وتەی ڕاستی شافعی یەکان و حەنابلە و ابن باز و ابن عثیمینە.

٨- حوکمی سوجدەی سەهو بۆ ئەوەی تەکبیرەکانی نوێژی جەژنی لەبیرکردووە: سوجدەی سەهو نابات ئەوەی تەکبیرەکانی لەبیرکردووە، جا تەکبیرەکانی تەرککردووە بە ئەنقەست یان لەبیری کردووە، کە ئەمە وتەی شافعی یەکان و حەنابلە و وتەیەکە لە وتەی مالکی یەکان.

٩- ئەو کەسەی بە تەکبیرەکانی ڕەکاعەتی یەکەمی نوێژی جەژن نەگەیشتووە: هەر کەسێک بە تەکبیرەکانی نوێژی جەژنی لەدەست چوو لەگەڵ ئیمام نوێژ دەبەستێت و قەزا ناکاتەوە، کە ئەمە وتەی شافعی یەکان و حەنابلە و ابن عثیمین و زانایانی اللجنة الدائمةیە.

١٠- خوێندنەوە (سبح) و (الغاشیة) لە نوێژی جەژندا: سوننەتە لە نوێژی جەژندا سورەتی (الأعلی) و (الغاشیة) بخوێنیتەوە، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە.

١١- خوێندنەوەی سورەتی (ق) و (القمر) لە نوێژی جەژندا): سوننەتە لە نوێژی جەژندا سورەتی (ق) و (القمر) بخوێنیتەوە، کە ئەمە وتەی شافعی یەکان و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد.

١٢- خوێندنەوەی قورئان بە دەنگ لە نوێژی جەژندا: سوننەتە قورئان بە دەنگ بخوێنیتەوە بە یەک دەنگی هەر چوار مەزهەبەکان.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام