سەردێری پرسیار: ئایا واجبە سیلەی ڕەحم بە ئامۆزا و خالۆزا و پورزا بەگەیەنیت؟ تاوانبار دەبیت ئەگەر پێنج ساڵ جارێک بیانبینیت؟

بەرواری دانان: 2025-10-13 کۆدی پرسیار: 3706

پرسیار:

پرسیار: ئایا واجبە سیلەی ڕەحم بە ئامۆزا و خالۆزا و پورزا بەگەیەنیت؟ تاوانبار دەبیت ئەگەر پێنج ساڵ جارێک بیانبینیت؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: هەموویان زانایان یەک دەنگن کە گەیاندنی سیلەی ڕەحم واجبە، بەلکو جیاوازی لەوەدایە ئایا ئەوانە کێن کە واجبە سیلەی ڕەحمیان بگەیەنی، سێ وتە هەیە:

یەکەم: هەندێک زانا دەلێن ئەوانەی واجبە سیلەی ڕەحمیان بگەیەنی مەحرەمن، وەک: باوک و دایک، خوشک و برا، باپیر و داپیر، منال و منالی مناڵ، مام و پور، خال و خالات (پور)، کە ئەمە وتەی بەناوبانگی حەنەفی و مالکی یە، بەلگە:

- عن أبي هریرة أن رسول الله (ﷺ) قال: (لا یجمع بین المرأة و عمتها، ولا بین المرأة و خالتها). رواە البخاری (٥١٠٩)، مسلم (١٤٠٨). واتە: لە ئەبو هوڕەیڕە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: (ژن و پورەکەی پێکەوە کۆناکرێتەوە جا خوشکی دایکی بێت یان باوکی (واتەکاتێک لە ژیاندا بن پێکەوە خێزانی یەک پیاو بن حەڕامە بەلام پاش مردنی حەلالە).

لەم فەرموودەیە ڕێگری کراوە ئافرەتێک بهێنی لەگەل پووری بۆ ئەوەی پەیوەندی نیوانیان نە پچڕێت، ئەمە بەلگە کە واجبە سیلەی ڕەحم بگەیەنێت، بەلام بێجگه لە مەحرەمەکان گەیاندنی سیلەی ڕەحم واجب نییە، چونکە دروستە پێکەوە کۆیان بکەیتەوە خێزانی یەک پیاو بن، وەک مناڵی خال و خالەت (پور).

دووەم: هەندێک زانای تر دەڵێن ئەوانەی کە واجبە سیلەی ڕەحمیان بگەیەنی ئەوانەن کە میرات وەردەگرن بێجگه لە ئەمانە ئەوانی تر واجب نییە، که ئەمە وتەی قاضي عیاض و ئیمام النووي یە، بەلگە: - ئەبو هوڕەیڕە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پیاوێک وتی ئەی نێردراوی خوا کێ لە هەمووان لە پێشترە چاکەی لەگەل بکەم، وتی: (دایکت، پاشان دایکت، پاشان دایکت، پاشان باوکت، پاشان ئەوانەی دواتر دواتر). رواە البخاری (٥٨٧١)، مسلم (٢٥٤٨).

سێیەم: هەندێک زانای تر دەڵێن ئەوانەی کە واجبە سیلەی ڕەحمیان بگەیەنیت نزیکەکانن جا میراتی وەربگریت لێیان یان وەرنەگریت، وە مەحرەم بێت یان مەحرەم نەبێت، کە ئەمە وتەی بەناوبانگی مالکی و وتەیەکە لە وتەکانی حەنەفی و ڕووکەشی وتەی شافعی و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد، بەلگە:

- ئەو بەلگانەی هاتوون باسی سیلەی ڕەحم دەکەن گشتین، کەواتە هەموو نزیکەکان دەگرێتەوە.

وتەی ڕاست وتەی یەکەمە واجبە سیلەی ڕەحم بۆ مەحرەمەکان بگەینیت، وە بێجگە لە مەحرەمەکان سوننەتە سیلەی ڕەحم بگەینیت، چونکە:

- زانایان دەلێن شەرع نایەوێت سیلەی ڕەحم بگەیەنێت بۆ هەموو نزیکەکان، چونکە ئەگەر وابێت دەبێت سیلەی ڕەحم بگەیەنیت بۆ هەموو نەوەی ئادەم، کەواتە دەبێت ڕێگایەک هەبێت بۆ دیارکردنی پلەی خزمایەتی، وە دەبێت پلەشیان جیاواز بێت.

- ئەگەر بلێیت تەنها سیلەی ڕەحمی میراتگر واجبە بگەیەنیت ئەمەیان ڕاست نییە، چونکە ئەگەر وابێت گەیاندنی سیلەی ڕەحم بۆ خال و خالەت "پور" واجب نییە، کەچی پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرمووێت: (خالەت "پور" لە جێگای دایکە).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام