پرسیار: دەکرێت باسی فەزلی گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی بکەن بە کورتی؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١- گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی هۆکارە بۆ فراوان بوونی ڕزق و هۆکارە بۆ تەمەنی درێژی، کە ئەم دووانەش مرۆڤ حەز دەکات پێیان بگات، هەروەک پێغەمبەری خوا (ﷺ): (مَنْ أَحَبَّ أَنْ يُبْسَطَ لَهُ فِي رِزْقِهِ وَأَنْ يُنْسَأَ فِي أَثَرِهِ فَلْيَصِلْ رَحِمَهُ)، واتە: (هەر کەسێک ویستی ڕزقی فراوان بێت و مردنی تاخیر بێت ئەوە با پەیوەندی خزمایەتی بگەیەنێت).
٢- گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی نیشانەی ئیمانە، لەبەر وتەی پێغەمبەری خوا (ﷺ): (من کان یؤمن باللە والیوم الآخر فیلصل رحمە). رواە البخاري (٦١٣٨).
٣- فەرموودەکە بەڵگەیە پاداشت لە جنسی کردەوەیە، لەبەر ئەوەی ئەو کەسەی پەیوەندی خزمایەتی دەگەیەنێت خۆشی دەخاتە دڵی خەڵکەوە، خوای گەورەش خۆشی دەخاتە دڵی یەوە و دەرگای ڕزقی لێ فراوان دەکات و تەمەنی درێژ دەکات.
٤- بڕینی پەیوەندی خزمایەتی حەرامە و لە تاوانە گەورەکانە، لەبەر ئەوەی خاوەنەکەی شایستەی ئەوەیە سزا بدرێت: عَنْ جُبَيْرِ بنِ مُطْعِمٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ (ﷺ): (لا يَدْخُلُ الْجَنَّةَ قَاطِعٌ( يَعْنِي قَاطِعَ رَحِمٍ) مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ، واتە: لە جبیر بن مطعم دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (ناچێتە بەهەشت ئەوەی دەپچڕێنێت) واتە: ئەوەی پەیوەندی خزمایەتی دەپچڕێنێت).