سەردێری پرسیار: ئایا دروستە یەک ئاژەڵ سەر ببڕیت بۆ قوربانی و عەقیقە ؟

بەرواری دانان :2018-10-07 کۆدی پرسیار:400

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە یەک ئاژەڵ سەر ببڕیت بۆ قوربانی و عەقیقە ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان سەبارەت بە ئاژەڵ سەر بڕین بۆ قوربانی و عەقیقە " واتە دوو مەبەستت ھەبێت " دوو وتە ھەیە :

یەکەم // ھەندێک زانا دەلێن دروستە وشتر یان مانگا سەر ببڕیت بۆ قوربانی و عەقیقە ، کە ئەمە وتەی حەنەفی و شافعییەكانە .

ابن حجر ھیتمی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر وشتر یان مانگا سەرببڕێت بۆ حەوت ھۆکار ، لەوانە قوربانی و عقیقە و کەفارەتەکانی تر وەک سەر تاشین لە حەج ئەوا دروستە ، .... )) الفتاوى الفقهية الكبرى لابن حجر الهيتمي الشافعي (4 / 256) .

دووەم // ھەندێک زانا دەلێن نابێت دوو نییەتت ھەبێت بۆ قوربانی و عەقیقە ، کە ئەمە وتەی مالکی و حنابلەیە .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( وشتر و مانگا بۆ حەوت کەس دروستە پێکەوە بیکەن بە قوربانی بێجگە لە عەقیقە نەبێت بۆ حەوت ، چونکە وشتر بۆ عەقیقە نابێت ئیلا بۆ یەک کەس ، لەگەڵ ئەمەش مەڕ بۆ عەقیقە باشتر ، .....

ئەگەر مرۆڤ حەوت کچی ھەبێت ، ھەموویان پێویستیان بە عەقیقە ھەبێت ، یەک وشتر سەرببڕێت بۆ حەوت کچ ئەمە نابێت ، ......)) الشرح الممتع على زاد المستقنع (7 / 428) .

کەواتە دوو نیەت پیکەوە بۆ عەقیقە و قوربانی ئەم سێ حالەتانەن :

حالەتی یەکەم // یەک مەڕ دەکاتە قوربانی و عەقیقە ، ئەمەیان دروست نییە .

حالەتی دووەم // یەک وشتر یان یەک مانگا دەکاتە قوربانی و عەقیقە ، ئەمەیان لەسەر وتەی ھەندێ زانا دروستە ، بەلام ئەگەر نەکرێ باشترە خۆت لە جیاوازی ڕزگار بکەیت .

حالەتی سێیەم // وشتر یان مانگا چەند کەسێک پێکەوە دەکەن بە قوربانی ، ئەمەیان دروستە ، وە وشترێک یان مانگایەک باوکێک دەکاتە عەقیقە بۆ چەند مناڵی خۆی ، ئەمەیان جیاوازی ھەیە باشتر وایە بەم شێوە عەقیقە نەکەیت ، وە مەڕ سەربڕین بۆ عەقیقە باشترە لە وشتر یان مانگا ، بەلام بۆ قوربانی وشتر و مانگا سەر بڕین باشترە لە مەڕ .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام