سەردێری پرسیار: ئایا چۆلەکە کوشتن یان هەر بالندەیەکی تر یان ئاژەل بە چەک سەر بڕینی لەسەرە ؟

بەرواری دانان :2018-10-08 کۆدی پرسیار:408

پرسیار:

پرسیار // ئایا چۆلەکە کوشتن یان هەر بالندەیەکی تر یان ئاژەل بە چەک سەر بڕینی لەسەرە ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین کە جیاوازی هەیە لە نێوان ڕاو کردن و ئاژەل سەر بڕین ، یەکێک ئاژەل بکوژێتەوە تەنها خوێن لێ هاتنی بەس نییە ، بەلام بۆ ڕاو ئەگەر تەنها خوێنی لێ بێت بەسە بەلام بە مەرج ، مەرجی حەلاڵ بوونی ڕاو ئەمانەن :

(۱) دەبێت نێچیرەکە حەلال بێت گۆشتی بخورێت .

(۲) دەبێت ئالەتی ڕاو کردن ئالەتێک بێت ڕێگە پێدراو بێت ، ئەویش دوو جۆرە :

(ٲ) بەکارهێنانی چەک بۆ ڕاوکردن یان هەرشتێکی تری وەک چەک .

(ب) بەکارهێنانی ئاژەل یان بالندەی فێرکراو بۆ ڕاوکردن وەک سەگ و باز .

(۳) دەبێت سەگ و باز نێچیرەکە بۆ ڕاو بگرێت واتە بۆ خاوەنەکەی ، ئەگەر بۆ خۆی گرت و لێ خوارد نابێت .

(٤) ڕاوچی دەبێت (( باسم اللە )) بلێت کاتێک سەگ یان باز دەنێرێت بۆ ڕاو ، هەروەها کاتی تەقاندنی چەکیش دەبێت ((باسم اللە)) بلێت .

ئەگەر بالندە یان سەگ بۆ ڕاو بەکار بهێنی ئەم چەند حالەتانەن :

حالەتی یەکەم // ئەگەر سەگ یان بازت نارد (باسم اللە) ت وت سەرەتای ناردن بۆ ڕاو ، ئەگەر بۆ تۆی گرت بە زیندووی دەبێت بیکوژیتەوە .

حالەتی دووەم // ئەگەر سەگ یان بازت نارد (باسم اللە)ت وت سەرەتای ناردن بۆ ڕاو ، ئەگەر بۆ تۆی گرتبوو ، بەلام نێچیرەکە کوژرا بوو ، وە باز و سەگ لێیان نەخواردبوو دروستە و حەلالە .

حالەتی سێیەم // ئەگەر سەگ یان بازت نارد (باسم اللە )ت وت سەرەتای ناردن بۆ ڕاو ، ئەگەر بۆ تۆی گرتبوو ، بەلام نێچیرەکە کوژرا بوو ، وە هەندێک سەگی تر یان بازی تر لەگەل هی خۆت بەژداری ڕاوکردنەکەیان کرد نابێت لێی بخۆیت ، چونکە تۆ نازانیت سەگی خۆت نێچیرەکەی کوشتووە یان سەگی تر .

بەلگە حەدیسی عدی بن حاتم دەلێت : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ٳذا ٲرسلت كلبك فاذكر اسم الله ، فٳن ٲمسك علیك فٲدركته حیا فاذبحه ، وٳن ٲدركته قد قتل ولم یٲكل منه فكله ، وٳن وجدت مع كلبك كلبا غیره و قد قتل فلا تٲكل ، فٳنك لاتدری ٲیهما قتله ....)) رواە البخاری (٥٤٨٤) , مسلم ( ۱۹۲۹) .واتە : ئەگەر ویستت سەگی ڕاو بنێری بۆ نێچیر ناوی خوای لەسەر بهێنە ، ئەگەر نێچیری بۆ تۆ هێنا بە زیندوویی بیکوژەوە ، ئەگەر نێچیری گرتبوو وە نێچیرەکەی کوشتبوو لێی نەخواردبوو خۆت بیخۆ ، ئەگەر سەگێکی تر بێجگە لە هی خۆت بەژداری کوشتنی نێچیرەکەیان کرد مەیخۆ ، چونکە نازانیت کێ ئەو نێجیرەی کوشووە .

ئەگەر چەک یان هەر شتێکی تر بە کاربهێنی بۆ ڕاو ئەم چەند حالەتانەن :

حالەتی یەکەم // ئەگەر چەکت بەکارهێنا بۆ ڕاو ناوی خوات هێنا ، وە گەیشتی بە نێجیرەکە بە زیندووی بیکوژەوە و بیخۆ .

حالەتی دووەم // ئەگەر چەکت بەکارهێنا بۆ ڕاو ناوی خوات لەسەر هێنا ، وە گەیشتی بە نێچیرەکە بە مردووی حەلالە بیخۆی بەلام دەبێت خوێنی لێ هاتبێت .

حالەتی سێیەم // ئەگەر چەکت بە کارهێنا بۆ ڕاو ناوی خوات لەسەر هێنا ، بەلام نێچیرەکە بزر بوو دوای ڕۆژێک یان چەند ڕۆژک دۆزیتەوە ، ئەگەر تەنها شوێنی گولەی تۆی پێوە دیار بوو دروستە بیخۆی ئەگەر بۆگەن نەبووبێت ، بەلام ئەگەر شوێنی گولەی تری پێوە بێت نابێت بیخۆیت .

(٤) ئەگەر چەکت بە کارهێنا بۆ ڕاو ناوی خوات لەسەر هێنا ، بەلام نێچیرەکە کەوتە ناو ئاو یان دوای ڕۆژیک دۆزیتەوە لە ناو ئاو نابێت لێی بخۆی چونکە تۆ نازانی ئاو نێچیرەکەی کوشتووە یان گولەی چەکەکەت ، هەروەها ئەگەر بزانی ئاو نێچیرەکەی کوشتووە گومانی تێدا نییە نابێت لێی بخۆی .

تێبینی / (۱) ئەگەر نێچیرەکە مرد بێت ، دەبێت خوێنی لێ ھاتبێت هەتا حەلال بێت کاتێ سەگ دەیگرێت یان گولە یان هەر شتێکی بەری دەکەوێ .

(۲) ئەگەر شتێکت لێدا خوێن لە دەمی هات و مرد باشتر وایە لێی نەخۆیت ، چونکە مەبەستمان خوێن لێ هاتنە لە دەرەوەی لاشەی نەک ناو دەمی .

(۱) باسمان کرد وتنی ناوی خوا " بسم اللە " مەرجە بۆ حەلالی ڕاوەکە.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام