سەردێری پرسیار: ئایا دروستە ئافرەت ئاژەڵ سەر ببڕێت و لە گۆشتی بخوات ؟

بەرواری دانان :2018-10-08 کۆدی پرسیار:412

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە ئافرەت ئاژەڵ سەر ببڕێت و لە گۆشتی بخوات ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن دروستە ئافرەت ئاژەڵ سەرببڕێت و کوژراوەی دەستی حەلالە ، بەلگە :

(١) عن كعب بن مالك رضى الله عنه : (( أن امرأة ذبحت شاة بحجر ، فسئل النبي صلى الله عليه وسلم عن ذالك ، فأمر بأكلها )) رواه البخاري (٥٥٠٤) .

واتە : کەعبی کوڕی مالک خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت : ئافرەتێک مەڕێکی سەر بڕی بە بەردێک ، پرسیار لە پێغەمبەری خوا کرا سەبارەت بەم مەڕە ، فەرمانی کرد بە خواردنی .

(٢) ئەسڵ وایە ژن و پیاو وەک یەک وان بۆ ئاژەڵ سەربڕین ئیلا بەلگە ھاتبێت نەھی لە ئافرەت کردبێت بۆ سەر بڕینی ئاژەڵ .

زانایان دەلێن کاتێک ئافرەت ئاژەڵ سەر دەبڕێت ئەم دوو حالەتانەن :

حالەتی یەکەم // ئافرەت پاکە و تووشی حەیز نەبووە ، وە تووشی لەش گرانیش نەبووە ، لەم حالەتە دروستە ئافرەت ئاژەڵ سەر ببڕێت .

حالەتی دووەم // ئافرەت تووشی حەیز بووە ، یان تووشی لەشگرانی بووە ، لەم حالەتەش دروستە ئافرەت ئاژەڵ سەرببڕێت .

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( کوژراوەی دەستی ئافرەت حەلالە جا چ موسلمان بێت یان ئەھلی کتاب بێت لە جوولەکە و گاور .

کوژراوەی دەستی موسلمانی پیاو و ئافرەت ، وە کوژراوەی ئەھلی کتابی ژن و پیاو ھەموویان دروستە ، ئەگەر بە شێوەیەکی شەرعی سەر بڕدرابێت ، پرسیار لە پێغەمبەر کراوە سەلامی خوای لێ بێت سەبارەت بە خواردنی ئەو ئاژەڵەی بە دەستی ئافرەت سەر بڕدراوە ، ڕێگەی داوە بۆ خواردنی و فەرمانی کرد بە خواردنی .

ئافرەت وەک پیاو وایە لە ھەموو ئەحکامەکان ئیلا ئەوە نەبێت کە تایبەت کراوە ، کوژراوەی دەستی ئافرەت وەک ھی پیاوە ، ئەگەر ئافرەت ئاژەڵی سەر بڕی بە شێوەی شەرعی جا چ مەڕ بێت یان مانگا یان وشتر یان ڕاو یان مریشک یان کۆتر یان شتی تر ، کوژراوەی دەستی دروستە ئەگەر بە شێوەی شەرعی بێت . )) فتاوی نور علی الدرب .

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ابن منذر یەک دەنگی زانایان نقل دەکات كە کوژراوەی لەشگران حەلالە ، دەلێت : قورئان بەلگەیە کە کوژراوەی ئەھلی کتاب دروستە و حەلالە لەگەڵ ئەوەش پیسن ، ئەوەی نەفی پیسایی لێ کرا بێت لە پیشترە " کە ئیماندارە " ، دەلێت : ئەو ئافرەتەی تووشی حەیز دەبێت وەک لەشگران وایە و ھەمان حوکمی ھەیە . )) "المجموع" (9/74) .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دروستە کوژراوەی دەستی ئەو ئافرەتە بخۆیت کە تووشی حەیز بووە ، ڕووی کردنە بەلگە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت لێی نەپرسی ئایا ئافرەتەکە لە حەیز دایە یان نە ، وە ھەندێک زانا ئەمە دەکەنە بەلگە کە کوژراوەی دەستی لەش گرانیش دروستە ، دەلێن بێ نوێژی حەیز گەورەترە لە بێ نوێژی لەشگرانی ، بەلام ئەم قیاس کردنە جێگای تێڕوانینە ، چونکە موجباتی حەیز کەمترن لە موجباتی لەشگرانی ، واتە ئافرەتی تووشی حەیز بووە نابێتە ڕێگری بۆ داخل بوونی فریشتەی ڕەحمەت بۆ ماڵیان ، بەلام بۆ لەشگران فریشتە داخلی ماڵ نابێت لەشگرانی تێدا بێت ، بە ھەر حاڵ ئەسڵ لە کوشتنەوەی لەشگران حەلالە جا چ قیاس بکەیت لەسەر ئەو ئافرەتەی تووشی حەیز بووە یان بە سەربەخۆ . )) فتح ذي الجلال والإكرام ج١٤ لاپەڕە ٢٩٣

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام