سەردێری پرسیار: مەرجی واجب بوونی کەفارەت دانی سوێند چییە ؟

بەرواری دانان :2018-10-08 کۆدی پرسیار:415

پرسیار:

پرسیار // مەرجی واجب بوونی کەفارەت دانی سوێند چییە ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن کەفارەتی سوێند واجب نابێت ئیلا بەم سێ مەرجە نەبێت .

یەکەم // دەبێت سوێندەکە دامەزرا بێت ، ئەگەر سوێندی سەر زمان بێت و دڵی لەگەڵ نەبێت ئەوە کەفارەتی لەسەر نییە ، یان سوێند خواردن بە بێجگە لە خوا ئەم سوێندە دانەمەزراوە و دەبێت تەوبە بکات جا چ سوێندەکە بشکێنێت یان نەشکێنێت .

دووەم // دەبێت سوێند خواردن بۆ داھاتوو بێت ، ئەگەر سوێند بخوات بۆ شتی ڕابردوو ئەوا کەفارەتی لەسەر نییە .

سێیەم // دەبێت ئەو شتەی سوێندی لەسەر دەخوات بکرێت ، ئەگەر نەکرێت و مستحیل بێت ئەوە کەفارەتی لەسەر نییە .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( کەفارەت واجب نابێت ئیلا بە چەند مەرجێک نەبێت :

مەرجی یەکەم // دەبێت سوێند دامەزرا بێت ، سوێندی دامەزراو ئەوەیە دەبێت مەبەستی ھەبێت بۆ داھاتوو و شتەکە بکرێت ، ئەگەر مەبەستی سوێندی نەبێ و ھی سەر زمان بێت ئەوا کەفارەتی لەسەر نییە ، .....

مەرجی دووەم // دەبێت سوێند خواردن بۆ داھاتوو بێت ، ئەگەر سوێندی خوارد بۆ شتی ڕابردوو بوو کەفارەتی لەسەر نییە ، یان ڕاستگۆیە و ڕاست دەکات یان درۆ دەکات ، ئەگەر بلێت : دوێنی فلانە شت و فلانە شت ڕوویدا ، ئەو شتە ڕووی نەدابوو ، کەفارەتی لەسەر نییە ، چونکە سوێندی خواردووە لەسەر شتی ڕابردوو ، بەلام لە نێوان دوو شت دایە یان تاوانبارە یان سەلامەتە لە تاوان ، ئەگەر ڕاستگۆ بێت ئەوا سەلامەتە و ھیچی لەسەر نییە ، ئەگەر درۆ بکات ئەوا تاوانبارە و کەفارەتی لەسەر نییە ، بەلام تەوبەی لەسەرە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ لای خوا و وە حەق بۆ خاوەنەکەی بگەڕێنێتەوە . ....

مەرجی سێیەم // دەبێت ئەو شتەی کە سوێندی لەسەر دەخوات بکرێت ، بەلام ئەگەر شتێک نەکرێت و مستحیل بێت و سوێندی لەسەر بخوات بۆ ھاتنەدی ، وەک ئەوەی بلێت : سوێند بەخوا خانوویەک دروست دەکەم لەسەر مانگ ، ئەوا سوێندی خواردووە لەسەر شتێکی مستحیل ، جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان :

ھەندێک دەلێن : لەو کاتە دەبێت کەفارەتی بدات .

وە ھەندێک زانای تر دەلێن ھیچی لەسەر نییە ، چونکە ئەمە لە بابەتی لەغوەیە و ھیچ مەبەستی نییە .

ئەگەر پابەندی بکەین بە کەفارەت دان بۆ ئەوەی چاک بێت و خۆی لەم قسانە بگرێتەوە ئەوە باشە ، کاتێک پابەندی دەکەین بە کەفارەت ئەوە واجب دەبێت یەکسەر کەفارەت بدات ، چونکە ھەموو واجبەکان ئەسڵ وایە دەبێت یەکسەر بێت ئیلا ئەوانەی بەلگەی لەسەر ھاتبێ . )) فتح ذي الجلال والإكرام ج١٤ لاپەڕە ٣٩٧ ــ ٣٩٩

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام