سەردێری پرسیار: ئایا نەزر کردن مرۆڤ دڵ تەنگ دەکات ؟

بەرواری دانان :2018-10-08 کۆدی پرسیار:432

پرسیار:

پرسیار // ئایا نەزر کردن مرۆڤ دڵ تەنگ دەکات ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // سەرەتا خوای گەورە تەماشاکردنی حەڕامی " نەزەر" پێش پاراستنی داوێن کردووە ، چونکە سەرەتای کاری زیناکە لە بینین و تەماشاکردنی نادروستەوە سەرچاوە دەگرێت ، ھەروەک چۆن ئاگر لە پێشدا لە بلێسەوە دروست دەبێت ، جا لە پێشدا تەماشایەکە ، پاشان بیرۆکەیەکە ، دواتر ھەنگاوێکە سەرئەنجام تاوانێکە .

زۆربەی ئەو تاوانانەی تووشی مرۆڤ دەبن سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تەماشاکردنی نادروست ، چونکە وەک زنجیرەیەکی یەک لە دوای یەک وایە بەرەو حەزو ئارەزوو و تەماشاکردن ھەنگاو دەنێت ، دواتر بیرۆکە دروست دەکات ، بیرۆکەش دەبێتە بیرێکی تەواو ، بیریش حەز و ئارەزوو دەبزوێنێت ، ئارەزووش ئیرادە دروست دەکات ، دواتر ئەو ئیرادەیە دەبێت عەزیمە و سووربوون لەسەر جێ بەجێ کردنی ئەو کارە ، کە سەر ئەنجام تاوان ڕوودەدات ، وە ھیچ بەربەستێک و ڕێگریەکی دەرونی ئاستەنگی بۆ دروست ناکات .

ھەر بۆیە وتراوە : ئارام گرتن لەسەر ئەنجام نەدانی تەماشا و نەزەری حەڕام باشترە لە ئارام گرتن لە کارەساتەکەی .

زۆر جار نەزەر کردنی نا دروست دەبێتە مایەی خەم و پەژارە و دڵ تەنگی و داخ و حەسرەت ، بە تایبەتی ئەوەی دەبینێت بە دەستی ناکەوێت و لە ھەمان کاتیشدا ناتوانێت ئارام بێت ، لێرەدا غەم و پەژارە ڕووی تێ دەکات .

ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە کە ھەر تەماشاکردنێک برینێک دەکاتە نێو دڵەوە ، تا برین لەسەر برین زیاد دەکات ، وتراوە : بەند کردنی چاوەکان بۆ چەند ساتێک باشترە لەخەم و پەژارەیەکی بەردەوام ، واتە : کاتێک تەماشای شۆخێک ناکەیت و چاوی خۆت دەگریت ، چیتر بیری لێ ناکەیتەوە و نابێتە مایەی خەم و پەژارەت .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام