سەردێری پرسیار:من ئافرەتم زوو تووشی خۆشەویستی دەبم ، ماوە ماوە کەسێک ببینم زۆر بیری دەکەم ، وە زیکر دەکەم و دوعا دەکەم بەلام زەحمەتە ڕزگار بوون لێی ، چارەسەر چییە ؟

بەرواری دانان :2018-10-08 کۆدی پرسیار:436

پرسیار:

پرسیار // من ئافرەتم زوو تووشی خۆشەویستی دەبم ، ماوە ماوە کەسێک ببینم زۆر بیری دەکەم ، وە زیکر دەکەم و دوعا دەکەم بەلام زەحمەتە ڕزگار بوون لێی ، چارەسەر چییە ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن خۆشەویستی دوو حالەتە :

حالەتی یەکەم // خۆشەویستیێک مرۆڤ ھۆکاری تووش بوونی نەبێت ھیچی لەسەر نییە تاوانبار نابێت ، وەک ئەوەی کچێک ببینێت لە ناکاو وە خۆشەویستی ئەو کچە بکەوێتە ناو دڵی بێ ئەوەی نەزەر دووبارە بکاتەوەو تەوقەی لەگەڵ بکات و بە تەنیا لەگەڵی بمێنێتەوەو قسەی خۆشویستی لەگەڵی بکات .

حالەتی دووەم // خۆشەویستیێک مرۆڤ ھۆکاری تووش بوونی بێت ئەمەیان حەڕامە و تاوانبار دەبێت ، وەک دووبارە کردنەوەی نەزەر یان تێکەڵ بوون یان نامە بۆ یەکتر ناردن یان قسە لەگەڵ یەکتر کردن .

ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر خۆشەویستی دروست بوو بە ھۆکارێک کە قەدەغەکراو نەبوو ، ئەوا لۆمەی لێ ناکرێت ، وەک کەسێک خێزانی خۆی خۆش دەوێت و یان جارییەی خۆی خۆش دەوێت و لێی جیابووەوە بەلام خۆشەویستی ھەر ماوەو جیا نەبۆتەوە ، ھەروەھا ئەگەر تووشی نەزەرێکی لە ناکاو بوو و پاشان ڕووی وەرگێڕا و وە خۆشەویستی لە دڵی جێگیر بوو بێ ویستی خۆی ئەوا دەبێت ھەولی لادانی بکات . )) " روضة المحبين " ص 147

زانایان دەلێن ئەگەر دڵ پڕ خۆشەویستی خوای گەورە بوو ئیلا خۆشەویستی تر لاواز دەکات یان ناھێلێت ، بەلکو ئەو دڵە ھەموو مەبەستێک و نیازێکی بەندە لەسەر ڕەزامەندی کردنی خۆشەویستەکەیانە کە خوای گەورەیە ، کە ھەمیشە ھۆش و بیر و دەرونیان پەیوەستە بەوەوە لە ھەول و ڕازی کردن و دیداریدان و ھەر بۆ ئەو دەژین ، وە ھەر لە پێناوی ئەویشدا دەمرن و خۆیان بەخت دەکەن ، جا بێ دەنگیان ، لە گفتوگۆکردنیان ، گوێبیستیان ، تەماشاکردن و وردبونەوەیان ، جوڵە و کردەوەکانیان ھەر ھەمووی لە پێناوی خۆشەویستەکەیاندایە کە خوای گەورە و میھرەبانە .

جا ئەگەر خۆشەویستی دوو مرۆڤ بۆ یەکتری ئەم ھەلبەستەی لێ بکەوێتەوە کە دەلێت :

خیالك في عيني ، وذكرك في فمي ومثواك في قلبي ، فأين تغيب ؟

خەیالی تۆ لە چاوانم دایە ، یادت لەسەر لێوانم لانەت لە دڵدایە ، جا ئیتر چۆن لێم وون دەبیت ؟

جا ئەبێ شەیدایی و تامەزرۆی بەندەکان بۆ خوای خۆیان چۆن بێت ؟

بەداخەوە زۆربەی کوڕان و کچان بێ بەش بووینە لەو خۆشەویستەیە تەواوەی خوای گەورەکە ، کەس کەس تام و چێژی نازانێت ئیلا ئەو کەسەی بەدەستی ھێناوە و خوای گەورە نەبێت ، خۆیان خەریکی خوشەویستیێک کردووە کە حەڕامە و ھەست بە ئازار و لاوازی دەکەن ، چەندین کچ چاوەڕێی کوڕ دەکەن ؟! وە چەندین کوڕیش چاوەڕێی کچ دەکەن بە ڕێگای ناشەرعی ؟! چەندین کچ چەندین کوڕیان لەناو دڵ دایە شەو و ڕۆژ بیری دەکەن ؟! چەندین کچی نیقاب بەڕاشکاوی وتوویانە باشترین کوڕ داوای ئێمەیان کردووە بەلام ڕەتمان کردۆتەوە لەبەر ئەوەی کوڕێکی ترمان لە دڵدایە و تووشی ئەم دەردە کوشندەیە بووینە بە ڕێگای ناشەرعی ، وە باشیش دەزانین کە ئەوەی داوای ئێمەی کردووە زۆر لەوە باشترە کە لەناو دڵماندایە ، ئەمەش حالی باشترین کچ لە ڕووکەش دا ، ئایا دڵت بەم نیقابە خۆشە ؟! چەند عاشقی ئاوا بەیەک گەیشتوون ؟! وە چەند عاشقی ئاوا بەیەک نەگەیشتوون ؟! وە چەند عاشق دوای ئەوەی کە نەبووینە قسمەتی یەکتری تووشی فاحیشە بووینە ؟! چەند کوڕ و کچ زەواجیان لەسەر خۆیان حەڕام کردووە لەبەر ئەوەی بەکتر نەگەیشتوون ؟!

ھەر کاتێک مرۆڤ ھەستی کرد لە سەرەتایی تووش بوونێتی بە داوی عشق ، وە بە تایبەتی کاتێ بۆی دەرکەوت کە گەیشتنی بە دۆست و یارەکەی لە ڕێگەی شەرع و یاسا و عورفەوە زۆر دژوارە و ئەستەمە . پێویستە زۆر بە وریایی ڕێگری بکات لەم عیشقە بێ ئەنجامە و خۆی دەرباز بکات لە لافاوی ئەم دەریایە بێ ئاکامە ، ھەروەھا پێویستە بە ھیچ شێوەیەک ناوی یار و دۆستی نەدرکێنێ و پارێزگاری لە ئابرۆ و کەسایەتی بکات .

ھۆکاری تووش بوون بەم دەردە کوشندەیە نەزەر کردنە کە ئەمە ترسناکترین ھەنگاوی یەکەمە ، وە تێکەلاوی پیاو ئافرەت کە ھەر ئەمەشە وات لێ دەکات تووشی نەزەر و خەلوەت و نامە ناردن و قسەکردن ببیت .

چارەسەر بۆ ڕزگار بوون لەم دەردە :

(١) تەوبە کردن و گەڕانەوەیە بۆ لای خوای گەورە .

(٢) زۆر دوعا کردن کە خوای گەورە لەم دەردە ڕزگارت بکات ، چونکە ھەموو شت بە دەست خوای گەورەیە و ئاسانە .

(٣) زۆر زیکر کردن و کردنی کردەوەی باش .

(٤) خۆ پاراستن لە نەزەر و تێکەلاوی ناشەرعی و نامە ناردن لەگەل کوڕان و قسە کردن لەگەل کوڕان .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام