سەردێری پرسیار: ئایا دروستە ئافرەت و پیاو عەدەسەی ڕەنگاو ڕەنگ دابنێن بۆ چاو ؟

بەرواری دانان :2018-10-08 کۆدی پرسیار:439

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە ئافرەت و پیاو عەدەسەی ڕەنگاو ڕەنگ دابنێن بۆ چاو ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن گومانی تێدا نییە دانانی عەدەسە بۆ کەسێک چ پیاو بێت یان ئافرەت ئەگەر نەشتەرگەری کردبێت و پێویستی پێی ھەبێت دروستە بەکاری بهێنێت ، بەلام بۆ جوانی زانایان دەلێن دروستە ئافرەت عەدەسەی ڕەنگاو ڕەنگ بەکاربهێنی بەلام بە مەرج :

یەکەم : نابێت دانانی عەدەسە زەرەری هەبێت بۆ چاو .

دووەم : نابێت خۆ چوواندن بێت بە چاوی ئاژەڵ .

سێیەم : نابێت بۆ فێل کردن بێت وەک : شاردنەوەی عەیبی چاو یان دیارکردنی ڕەنگێکی جوان ، بۆ ئەوەی پیاو هەلخەلەتێنێت بەو ڕەنگە جوانەی چاوی .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت پرسیار لێ دەکرێت ئایا حوکمی دانانی عەدەسەکانی ڕەنگاو ڕەنگ چییە بۆ جوانی ؟

لە وەلام دا دەفەرمووێت : (( هیچی تێدا نییە و دروستە بە دوو مەرج :

(۱) دانانی ئەم عەدەسەیە بۆ چاو زەرەری نەبێت .

(۲) هەروەها خۆ چوواندن نەبێت بە چاوی ئاژەل . ))

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دفەرمووێت : (( ئەگەر بۆ بەهێز کردنی بینین بێت وسوودی لێ وەربگرێت دروستە وەک چاویلکە ، بەلام ئەگەر تەنها بۆ جوانی بێت باشتر وایە وازی لێ بهێنیت ، ئەوە بەسە بۆی کە خوای گەورە بۆی دروستی کردووە ))

صالح الفوزان خوا بپارێزێت دەفەرمووێت : (( نابێت نینۆکی دەستکرد و عەدەسەی ڕەنگاو ڕەنگ بەکار بهێنی ، چونکە زەرەری هەیە بۆ لاشە ، هەروەها فێلی تێدایە و لەگەل گۆڕینی دروست کراوی خوا ))

وتەی ڕاست دروستە ئافرەت عەدەسە دابنێت بەو مەرجانە ، بەلام سەبارەت بە پیاو زانایان دەلێن :

یەکەم : ئەگەر چاوی عەیبدار بێت دەتوانێت بەکاری بهێنێت .

دووەم : ئەگەر چاوی ساغ و سەلامەت بێت باش نییە پیاو بەکاربهێنێت .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئافرەت پێویستی بە زێڕو حەریر و شتی تری هاوشێوەی ئەمانە هەیە ، چونکە پێویستی بە خۆ جوان کردنە بۆ پیاوی ، بەلام پیاو پێویستی بەوە نییە لەبەر پیاوەتی خۆی .......)) مجموعە فتاوی ج۱۱ لاپەڕە ٦۰

هەروەها دەفەرمووێت : (( ئەو عەدەسانەی لە چاو دەکرێن بۆ جوانی ئێمە ئاماژە بۆ ئەوە ناکەین کە پیاو لە چاوی بکات بە تایبەتی گەنج ، ئیلا ئەگەر ڕەشاتی چاوی تێک چووبێت ئەو کاتە دروستە چونکە لە بابەتی داپۆشینی عەیبە ، .........)) لقاءات باب المفتوح ج۱٥ لاپەڕە ۱٨۲

پوختەی وەلامی زانایان :

(۱) دروستە بۆ پیاو و ئافرەت عەدەسە لەچاو بکەن کاتی پێویستی .

(۲) دروستە بۆ ئافرەت عەدەسەی ڕەنگاو ڕەنگ لە چاو بکات بەو سێ مەرجانەی کە باسمان کرد .

(۳) باش نییە بۆ پیاو عەدەسەی ڕەنگاو ڕەنگ لە چاو بکات لە پیاوەتی پیاو نییە .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام