سەردێری پرسیار: ئایا حیکمەت چییە لە حەڕام کردنی ڕەنگی ڕەش بۆ قژ ؟ ئایا بۆ گەنجیش حەڕامە ڕەش لە کاتێک دا گەنجە و قژی سپی نەبووە یان سپی بووە بەلام گەنجە ؟ ئایا موسلمان کافر دەبێت بە قژ ڕەش کردن ؟

بەرواری دانان :2018-10-09 کۆدی پرسیار:445

پرسیار:

پرسیار // ئایا حیکمەت چییە لە حەڕام کردنی ڕەنگی ڕەش بۆ قژ ؟ ئایا بۆ گەنجیش حەڕامە ڕەش لە کاتێک دا گەنجە و قژی سپی نەبووە یان سپی بووە بەلام گەنجە ؟ ئایا موسلمان کافر دەبێت بە قژ ڕەش کردن ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن قژ ڕەش کردن حەڕامە ، بەلگە :

عن ابن عباس رضی الله عنهما قال : قال رسول اللە صلی الله علیه وسلم قال : (( یكون قوم یخضبون في اخر الزمان بالسواد كحواصل الحمام ، لایریحون رائحة الجنة )) رواە ابو داود (٤۲۱۲) .

واتە : خەلکانێک دێن لە کۆتایی زەمان قژی خۆیان ڕەش دەکەن وەک سینگی کۆتر ، ئەمانە بۆنی بەهەشت ناکەن .

هەروەها فەرموودەی ابی الدرداء هەندێک زانا دەلێن ڕاستە و هەندێکی تر دەلێن لاوازە ، دەفەرمووێت : (( من خضب بالسواد سود الله وجهه یوم القیامة )) اخرجە الطبراني ، واته : هەر کەسێک قژی ڕەش بکات خوای گەورە ڕووی ڕەش دەکات ڕۆژی قیامەت .

زانایان دەلێن بە قژ ڕەش کردن کەس کافر نابێت ، ڕاستە فەرموودە هاتووە دەلێت بۆنی بەهەشت ناکات بەلام زانایان دەلێن :

(۱) مەبەست پێی ترساندن و دوورخستنەوەیە ( تهدید ) .

(۲) یان ئەمە باسی ئەو کەسەیە کە ڕەش کردن بە حەلال دادەنێت ، ئەو کاتە حەلال کردنی هەر حەڕامێک یان حەڕام کردنی هەر حەلالێک کوفرە ئەگەر بێ بەلگە و شوێن هەواو ئارەزوو کەوتن بێت .

(۳) ئەمە باسی پێش چوونە بەهەشتە وەک : ناو گۆڕ یان ڕاوەستان لە گۆڕەپانی مەحشەر یان ئاگر .

سەبارەت بەوەی ئایا حیکمەت چییە لە حەڕامی ڕەنگی ڕەش ، زانایان دەلێن ڕەنگی ڕەش تێکەلی و گۆرینی زیاترە وە نزیکترە لە خۆ چوواندن بە گەنج .

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( لەوانەیە حیکمەت خۆ دوور خستنەوە لە ڕەنگی ڕەش ئەوە بێت خوا زاناترە ڕەنگی ڕەش تێکەلی و گۆرینی زیاترە لە ڕەنگەکانی تر ، وە خۆ چوواندنە بە گەنج ، تێکەلی و شاردنەوەیە کە گەنجە و لە تەمەنی گەنجاتییە ، بەلام سۆر و زەرد بە دیار دەکەوێ کە قژی سپی بووە ڕەنگی کردووە ، هەر لەبەر ئەوەش ڕەنگی کردووە ، هەروەک ئەوە وایە فێل بکات و بلێت من پیر نەبووم و گەنجم ، ئەمەش جۆرێکە لە جۆرەکانی درۆ بە کردەوە ، پێچەوانەی ڕەنگی سۆر و زەرد کە ڕوون و ئاشکرایە )) فتاوی نور علی ج۲ لاپەڕە ٥۹۲

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( حیکمەت لە حەڕامی ڕەنگی ڕەش پێچەوانەی حیکمەتی خوای گەورەیە کە لەسەری دروست کردووە ، چونکە ئەگەر ڕەنگی سپی بگۆرێت بۆ ڕەش ، هەروەک ئەوە وایە بییەوێت بگەڕێتەوە لە پیرییەوە بۆ گەنجییەتی ، کەواتە پێچەوانەی ئەوەیە کە پیر دەبێت ڕەنگی ڕەش دەگۆرێت بۆ سپی واتە پیر دەبێت ، نابێت پێچەوانەی خوای گەورە بکەیت لە دروست کراو ، هەروەک چۆن نابێت پێچەوانەی خوای گەورە بکەیت لە شەرع ، ......)) مجموعە فتاوی ابن عثیمین ج۱۱

زانایان دەلێن ڕەنگی ڕەش بۆ گەنجیش حەڕامە ، لەوانیە یەکێک بلێت ئەگەر بە حیکمەت بێت بۆ گەنج حەڕام نییە ، زانایان دەلێن :

(۱) فەرموودەکە گشتییە ، هیچ جیاوازی نەخستۆتە نێوان گەنج و پیر .

(۲) هەندێک دەلێن گەنجیش کاتێک ڕەش دەکات ئەم دوو حالەتەیە :

(ٲ) یان پێویستی پێیەتی کەمێک ، لەبەر ئەوە ڕەش دەکات ، ئەوە بەقەدەر گۆڕینی تاوانبار دەبێت وە لەتاواندا وەک پیرەمێرد نییە .

(ب) یان پێویستی پێی نییە قژی ڕەش دەکات ، ئەمەشیان هەر حەڕامە ، چونکە فەرموودەکە گشتییە و وە نەهی کراوە لە زیادەڕەوی کردن لە جوانی بۆ پیاو .

(۳) ئەو حیکمەتانەی کە هەندێک لە زانایان باسیان کردووە هیچ بەلگەی ڕوون و ئاشکرا لەسەری نەهاتوون ، بەلکو احتمالاتە .

(٤) چەندین حەلال و حەڕام هەن لە دین دا کەس حیکمەت نازانێت بێجگە لە خوا نەبێت .

کەواتە دەلێین ئیمانی ئیماندار دروست نییە هەتا باوەڕی بە ناو و سیفەتەکانی خوای گەورە نەبێت ، یەکێک لە ناوەکانی خوایی گەورە (( الحکیم )) هیچ کارێک ناکات بئ حیکمەت ، وە هەندێک حیکمەتی بەدیار خستووە وە چەندین حیکمەتیش مرۆڤ پێی نەگەیشتووە و دیار نین ، بەلام بەداخەوە ئەهلی بیدەع دەلێن گونجاوە خوای گەورە شتێک بکات بێ حیکمەت پەنا بەخوا ، زانایان دەلێین مرۆڤ ئەگەر ژیر بێت دەلێی هیچ کارێک ناکات بێ حیکمەت ، ئەی چۆن خوای گەورە کە بەراورد ناکرێ لە گەل مرۆڤ !! بێ حیکمەتی دەدرێتە پال منال و شێت چۆن دەلێیت خوای گەورە کارێک دەکات بێ حیکمەت !!!! ، ئیسلام تەسلیم بوونە بۆ خوای گەورە ، نابێت دوو دڵ بیت لە وەحی ، وە مەرج نییە حیکمەتی هەموو شتێک بزانی ، وە دەلێین بێ حیکمەتی دانە پال خوای گەورە کوفرە پەنا بەخوا .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام