سەردێری پرسیار:حوکمی کون کردنی گوێی مناڵ بۆ گوارە ؟

بەرواری دانان :2018-10-09 کۆدی پرسیار:448

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە گوێی مناڵ یان لووتی کون بکەیت بۆ گوارە ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن ئەسڵ وایە کون کردنی گوێ نابێت چونکە ئازاردانی مرۆڤی تێدایە ، ئیلا بۆ ئافرەتان نەبێت ڕێگە پێدراوە لەبەر پێویستیان پێی بۆ جوانی ، کەواتە چاو پۆشی کراوە بۆ ئافرەت بۆ کونی کردنی گوێی لەبەر ئەوەی مەسلەحەتی زیاتری تێدایە .

هەندێک زانا دەلێن نابێت گوێی کون بکرێت بۆ گوارە چونکە ئازاردانێکی زۆری تێدایە وە جوانییەکەش پێویست و گرینگ نییە ، بەلام وتەی ڕاست دروستە چونکە چەند فەرموودە هاتوون کە ئافرەتان گواریان لە گوێ بووە و پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت ڕێگری لە کەسیان نەکردووە بە کون کردنی گوێیان .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( وتەی ڕاست گوێ کون کردن دروستە هیچی تێدا نییە ، چونکە ئەمە مەبەستێکە دەگات بە خۆ ڕازاندنەوە بە شتێکی ڕێگه پێدراو ، وە جێگیر بووە کە هاوەلان گوارەیان هەبووە و لە گوێیان کردووە ، ئەم ئازاردانەش ئازاردانێکی کەمە ، ئەگەر لەتەمەنی منالی گوێی کون بکات چاک بوونەوەی گوێی زووتر دەبێت .

بەلام سەبارەت بە کون کردنی لووت من هیچ وتەی زانایانم لەبیر نییە ، بەلام وەک ئێمە دەیبینین گۆڕینی دروست کراو شێواندنە ، لەوانەیە بێجگە لە ئێمە بەم شێوەیە نەبینێت ، ئەگەر ئافرەتێک لە شارێک بێت لەو شارە گوارە لە لووت کردن جوانی بێت و خۆیانی پێ بڕازێننەوە هیچی تێدا نییە لووتی کون بکات و گوارەی تێ بکات )) مجموعە فتاوی ابن عثیمین ج۱۱ سؤال رقم ٦۹

بەلام کون کردنی گوێی منال یان ئافرەت بێ ئەوەی گوارەی لە گوێ بکات نابێت چونکە هیچ سوودی تێدانییە ، هەروەها دروست نییە و حەڕامە گوێی کوڕ یان پیاو کون بکرێت بۆ گوارە و بێجگە لە گوارە ، بۆ گوارە چونکە خۆ چوواندنە بە ئافرەت ، وە بۆ بێجگە لە گوارە دەلێن سوودی نییە و ئەسل وایە نابێت .

هەروەها زانایان دەلێن دروستە گوێ کون بکرێت زیاتر لە یەک جار ئەگەر ئەو شارە لایان وا باو بوو یان جوان بوو کە زیاتر لە یەک کون لە گوێ بکرێت .

هەروەها دەلێن ئافرەت دەتوانێت و دروستە بۆی خۆی بڕازێنێتەوە بە هەر شتێک کە ئافرەتان خۆیانی پێ دەڕازێنێتەوە وە هەلواسێت بە ناوکیشەوە ئەگەر لە کومەلگای ئەوان وا باو بێت ، بەلام بە مەرج :

(۱) نابێت کەس ناوکی ئەو ئافرەتە ببینێت بێجگە لە پیاوی .

(۲) هەروەها نابێت ئەو شتەی کە خۆی پێ دەڕازێنێتەوەە زەرەری هەبێت بۆ ناوکی .

(۳) نابێت شیعارێکی روون و ئاشکرای کافرەکان بێت .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام