سەردێری پرسیار:حوکمی سنور بەزاندنی خۆشەویستی نێوان ژن و پیاو ؟

بەرواری دانان :2018-10-10 کۆدی پرسیار:480

پرسیار:

پرسیار // ئایا چ کاتێک خۆشەویستنی نێوان ژن مێرد حەڕامە یان تاوانبار دەبن ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن ڕاستە خۆشەویستیەکی زۆر لە نێوان ژن و مێرد ھەیە ، بەلام دەبێت مرۆڤ ئاگادار بێت ھەموو شتێک سنوری بۆ دانراوە ھەتا لە عیبادەت کردنیش .

ئەسلم دەلێت : عومەر بە منی وت : ئەی ئەسلم خۆشەویستییەکەت با کلفە نەبێت ، وە ڕق لێ بوونەوەکەتیش با تیاچوون نەبێت ! ، وتم : چۆن ؟

وتی : ئەگەر خۆشت ویست تەکلیف مەکە وەک تەکلیفی مناڵ بۆ شتێک کە خۆشی دەوێت ، وە ئەگەر ڕقیشت لێ بووەوە بەو شێوەیە ڕقت لێ نەبێتەوە حەز بکەی ھاوڕێکەت تیابچێت و بە ھیلاک بچێت . رواه عبد الرزاق في المصنف (20269) ، وإسناده صحيح .

ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( عەیب نییە پیاو خێزانی خۆی خۆش بووێت ، بەلام ئەگەر خۆشەویستی سەرقالت بکات لە خۆشەویستی خوا و پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت ، ئەوا ھەموو خۆشەویستییەک ئەگەر تێکەل بوو بە ھی خوا و پێغەمبەر بە جۆرێک خۆشەویستی و پێغەمبەر لاواز دەکات یان کەمی دەکات ئەوە زەم کراوە .

بەلام ئەگەر یارمەتیدەر بێت بۆ خۆشەویستی خوا و پێغەمبەر و ھۆکارە بۆ بەھێز بوونی ئەوە سوپاس کراوە .....

خۆشەویستی سوود بەخش سێ جۆرن : (١) خۆشەویستی خوا . (٢) خۆشەویستی لە ڕێگای خوا . (٣) خۆشەویستی یارمەتی دەر بۆ کردنی چاکە و دوورکەوتنەوە لە خراپە .

خۆشەویستی زیان بەخش سێ جۆرن : (١) خۆشەویستی لەگەل خوا . (٢) خۆشەویستی شتێک خوای گەورە ڕقی لێیەتی . (٣) خۆشەویستی شتێک داتدەبڕێت لە خۆشەویستی خوا یان خۆشەویستی خوا کەم دەکات . )) "إغاثة اللهفان" ج٢ لاپەڕ ١٣٩ــ ١٤٠

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( پیاو ئەگەر دلی پەیوەست بوو بە ئافرەت ، کەچی بۆی ڕێگەپێدراوە ، دلی وەک ئەسیر لێی دێت خێزانی ھەلسوکەوتی پێی دەکات چۆن بییەوێت ، لە ڕووکەشدا پیاو گەورەی خێزانی خۆیەتی چونکە پیاویەتی ، لە ڕاستیشدا ئەسیر و بەندەی خێزانی خۆیەتی ، .....

ئازادی ڕاستەقینە ئازادی دڵە ، بەندایەتی بەندایەتی دڵە ، ھەروەک چۆن دەولەمەندی دەولەمەندی نەفسە ، پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : " ليس الغنى عن كثرة العرض وإنما الغنى غنى النفس " واتە : دەولەمەندی ئەوە نییە دەولەمەند بیت لە شت و کەل و پەل و مال ، بەلکو دەولەمەندی دەولەمەندی نەفسە ، ...... )) مجموع الفتاوى " (10/185-186) .

خۆشەویستی ھەیە تایبەتە بە خوای گەورە ھەر کەسێک تووشی ببێت تووشی شیرک بووە ، ئەویش خۆشەویستی بەندایەتی کردنە زەلیلی و ملکەچ بوون و بەگەورەدانانی تێدایە .

ھەروەھا زانایان دەلێن عشق خۆشەویستیێکی لە ڕادەبەدەر نە بۆ مرۆڤ دروستە وە نە بۆ خوای گەورە ، لەوانەیە یەکێک لای سەیر بێت چۆن دەبێت خۆشەویستی خوای گەورە سنوردار بکەیت !؟ ئەگەر بە وردی سەیر بکەیت دین سنوری بۆ ھەموو شتێک داناوە ھەتا نابێت زیادەڕەوی بکەیت لە ترسان لە خوا و وە ئومێد بوون بە خوا و چەندین شتی تر .

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( عیشق زەم کراوە بەشێوەیەکی گشتی مەدح نە نەکراوە نە بۆ خالق " دروستکار " وە نە بۆ مخلوق " دروستکراو " چونکە عیشق خۆشەویستیێکی لە ڕادەبەدەرە لە سنوری سوپاس کراو دەرچووە ..... )) مجموعة الفتاوي ج١٠ لاپەڕە ١٣١

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام