پرسیار // ئافرەت تا چەند بۆی دروستە ڕێگری مناڵ بوون بکات چ بە نھێنی و ئاشکرا ئەگەر پیاوی پێی خۆش بێت ؟
وەلام // سەرەتا زانایان دەلێن یەکێک لە گرینگترین مەبەستەکانی ژن ھێنان و شوو کردن ئەوەیە کە مناڵیان ببێت .
عَنْ مَعْقِلِ بْنِ يَسَارٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ قَالَ : قال رسول الله صلى الله عليه وسلم : ( تَزَوَّجُوا الْوَدُودَ الْوَلُودَ فَإِنِّي مُكَاثِرٌ بِكُمْ الأُمَمَ ) رواە أبو داود (2050) ، صححه الألباني في " صحيح أبي داود " (1805) .
پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەو ژنانە بھێنن کە پیاوەکانی خۆش دەوێت و خۆشەویستن و مناڵیان دەبێت ، چونکە من شانازیتان پێوە دەکەم بەسەر ئومەتەکانی پێشتر . ))
زانایان دەلێن مناڵ بوون مافێکی ھاوبەشە لە نێوان ژن و پیاو دەبێت بە ئارەزووی ھەردوو لا بێت ، وە دەلێن نابێت پیاو عزل " واتە : فڕێ دانی ئاوە لە دەرەوەی ڕەحم کاتی جووت بوون " بکات ئیلا مەگەر خێزانیشی پێی خۆش بێت .
زۆربەی زانایان دەلێن دەبێت عەزل لەگەل ژنی ئازاد بە ویستی ژنیش بێت ، بەلگە :
فەرموودەی عمر ان النبی صلی الله علیه وسلم نهی عن العزل عن الحرة ٳلا بٳذنها ، اخرجە احمد ، ابن ماجە .
واته : عومەڕ خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت نەهی کردووە لە عەزل لە گەل ژنی ئازاد ئیلا بە ویستی ئەویش بێت .
زانایان دەلێن فەرموودەکە لاوازە چونکە لەسەند ابن لهیعەی تێدایە ، بەلام دەلێن ئەگەر لاوازیش بێت مانای ڕاستە چونکە جووت بوون لەگەل عەزل کردن ژن بێ بەش دەبێت لە پلەی چێژ و خۆشی جووت بوون ، ئەویش مافی هەیە و دەبێت ڕەزامەندی ئەویشی لەگەل بێت .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەوڵدان بۆ مناڵ نەبوو لە ئەسڵ دا دروستە ، چونکە ھاوەڵان عەزلیان کردووە لەسەردەمی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت وە پێغەمبەر نەھی لێیانی نەکردووە ، بەلام پێچەوانەی باشترە واتە مناڵ بوون و ڕێگری نەکردن ، چونکە زۆر مناڵ بوون کارێکی ڕێگە پیدراوە و ھاندراوە . )) "فتاوى نور على الدرب للعثيمين " (22/ 2، بترقيم الشاملة آليا) .
زانایان دەلێن دروستە ڕێگری مناڵ بوون بکەن لەبەر ئەوەی ئافرەت بەرگەی سکپڕی ناگرێت یان لەبەر ڕێکخستن و پەروەردەکانی مناڵ یان ھەر عوزرێکی تر ، بەلام نابێت ڕێگری مناڵ بوون بکەن لە ترسی ھەژاری ئەمەیان گومانی خراپ بردنە بە خوای گەورە .
نابێت پەیوەندی ژن و پیاو بگاتە ئەو ڕادەیە کە ئافرەت بە نھێنی ڕێگری مناڵ بوون بکات و حەب بخوات ، دەبێت پیاو ڕای ئافرەتیش وەربگرێت و لێک تێبگەن یان قەناعەت بۆ یەکتر دروست بکەن ئەگەر لایەک ڕێگری بکات ، وە دەبێت پیاو باش بزانێت مناڵ بوون تەنھا مافی خۆی نییە .
کەواتە باشتر وایە ئافرەت ڕێگری مناڵ بوون نەکات بە نھێنی بە ھۆی حەب خواردن ، چونکە حەب خواردن دوو مەرجی ھەیە :
(١) نابێت زیانی ھەبێت بۆ ئافرەت و نابێت بە بەردەوامی بخوات .
(٢) دەبێت ئیزن لە پیاوی وەربگرێت .
نابێت ئافرەت ڕێگری مناڵ بوون بكات لەبەر ژان و ئازار " واتە : بۆ ئەوەی تووشی ژانی مناڵ بوون نەبێت " چونکە مناڵ بوون ژانی ھەر دەبێت ئەگەر وا بێت دەبێت ڕێگری مناڵ بوون بکات بە یەکجاری ئەمەش دروست نییە ، وە ژانی مناڵ بوون چەند سوودی ھەیە .
(١) ئەم ژانە دەبێتە کەفارەتی تاوان بۆ ئافرەت .
(٢) وە پلەی بەرز دەبێت لە لای خوای گەورە ئەگەر ئارام بگرێت .
(٣) ئافرەت قەدر و ڕێزی دایکی دەزانێت کاتێک ھەست بەم ئازارە دەکات .
(٤) قەدری نیعمەتی لەش شاغی دەزانێت .
(٥) خۆشەویستی و سۆزی و ڕەحمی بۆ مناڵی زیاد دەبێت ، چونکە ئەگەر شت بە زەحمەت بە دەست بێت ئەوا زیاتر خۆشی دەوێت .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ