پرسیار // ئایا دروستە پیاو ئافرەتێک مارە بکات لەگەڵ خێزانی باوکی ئەو ئافرەتە ؟
وەلام // زانایان دەلێن ئەگەر پیاو ئافرەتێکی مارە کرد بە ھیچ شێوەیەک دروست نییە پیاو دایکی حەقیقی ئەو ئافرەتە و داپیرەکانی مارە بکات جا چ داپیری دایک بێت یان باوک ، ئەمانە حەڕامن لەسەری ، بەلگە :
خوای گەورە دەفەرمووێت : (( وَأُمَّهَاتُ نِسَائِكُمْ ))النساء : 23 ، واتە : دایکەکانی خێزانتان لەسەرتان حەڕامن .
ئەم ئایەتە دایک و داپیر بەرەو سەرەوە دەگرێتەوە .
حجاوی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( بە عەقد کردن دایکی خێزانی و داپیری حەڕام دەبێت لەسەر پیاو . )) " زاد المستقنع " (ص/164) .
بەلام ئەگەر ژنی باوکی خێزانت دایکی حەقیقی خێزانت نەبێت دروستە مارەی بکەیت .
ئیمام شافعی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھیچی تێدا نییە پیاوێک ئافرەتێک مارە بکات و لەگەڵ خێزانی باوکی ئەو ئافرەتە ، چونکە ھیچ نەسەب لە نێوانیان نییە . )) " الحاوي الكبير " (9/212).
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئایا دروستە پیاو ژنی پیاوێک مارە بکات لەگەڵ کچی ئەو پیاوە لە ئافرەتێکی تر ، ئەگەر پیاوێک بمرێت لە خێزانی خۆی و کچی خۆی لە ژنێکی تر ، پیاوێک ھەردووکیانی مارە کرد پێکەوە ئەوە دروستە ، چونکە خوای گەورە ڕوونی کردۆتەوە دەفەرمووێت : " وَأُحِلَّ لَكُمْ مَا وَرَاءَ ذَلِكُمْ " النساء : ٢٤ )) " الشرح الممتع على زاد المستقنع " (12/132) .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ