پرسیار // ئایا ظهار چییە ؟
وەلام // زانایان سەبارەت بە پێناسەی دەلێن :
ظهار : ٲن یُشَبَّهَ الرجُلُ زوجته بمن تحرم علیه تٲبید، یرید التحریم .
واتە : خێزانی خۆت بچوێنی بەو ئافرەتانەی کە لەسەرت حەرامن بۆ هەتا ھەتایی ، وە مەبەست پێی حەرام کردن بێت .
کەواتە مانای پێناسەکە ئەوە دەگەیەنێت ئەگەر خێزانی خۆت بچوێنی بەئافرەتێکی لەسەرت حەرام کراو ، بۆ ماوەیەکی کاتی بە ظهار حساب ناکرێت ، ئەو ئافرەتانەی لەسەرت حەرامن بۆ هەتا ھەتایی وەک : دایک و خوشک..... ، وە ئەو ئافرەتانەی لەسەرت حەرامن بۆ ماوەیەکی کاتی وەک : خوشکی خیزانت و ......
کەواتە ئەگەر پیاو بە خێزانی خۆی بلێت : (( ٲنتِ علی كظهر ٲَختك )) واته : تو لەسەر من وەک پشتی خوشکی خۆتی بۆ من ، لەم حالەتە دوو وتە هەیە :
یەکەم / هەندێک زانا دەلێن بە ظهار حساب دەکرێت .
دووەم / هەندێک زانا دەلێن بە ظهار حساب ناکرێت ، کەئەمە وتەی ابن عثمینه .
هەموویان زانایان یەک دەنگن ئەگەر خێزانی خۆت بچوێنی بە دایک بە ظهار حساب دەکرێت ، بەلام بۆ بێجگە لە دایک جیاوازی هەیە :
یەکەم / زۆر بەی زانایان دەلێن ظهار تایبەت نییە بە چوواندن بەدایک .
دووەم / هەندێک زانا دەلێن ظهار تایبەتە بە چوواندن بەدایک .
وتەی راست وتەی زۆربەی زانایانە کە ظهار تایبەتە نییە بە تەنھا چوواندن بە دایک .
" یرید بذالك التحریم " مەبەست پێی حەڕام کردن بێت لەسەر خۆی ، ئەگەر مەبەستی رێزگرتن بێت وەک ئەوەی بلێت بە خێزانی : (( ٱنتِ عندی مثل ٲَمي )) واتە : تۆ لای من وەک دایکمی ، مەبەست پێی رێزگرتن بێت یان دەلێن : تۆ لەسەر من وەک خوشکم وایی لە سۆزو رەحم، لەم حالەتە دەلێن بە ظهار حساب ناکرێت .
هەروەها زانایان دەلێن چوواندن بەهەر ئەندامێکی تر کە جیانەبێتەوە بە ظهار حساب دەکرێت ، وەک ئەوە بلێیت : (( ٲنتِ علی كید ٲمي )) واته : تۆ لەسەر من وەک دەستی دایکمی ، دەست جیانابێتەوە لە مرۆڤ ، بەلام ئەگەر بلێت :(( ٲنتِ علی كشعر ٲمي )) واته : تۆ لەسەر من وەک قژی دایکمی ، دەلێن ئەمە بە ظهار حساب ناکرێت ، چونکە قژ جیادەبێتەوە لەمرۆڤ .
لەسەردەمی نەزانین ظهاریان بە طلاق دادەنا ، زانایان دەلێن ئەگەر کەسێک بلێت مەبەستم لە ظهار طلاق بوو ئەمە لێ وەرناگرێت بە طلاق حساب ناكرێت ، چونکە :
(۱) پێچەوانەی قسەکەیەتی ، ئەوەی پێچەوانەی قسەی روون وئاشکرا بێت وەرناگیرێت .
(۲) ئەگەر قبول بکەین بەطلاق حساب بکەین ئەوە گەراندمانەوە بۆ سەردەمی جاهلی .
ابن عثیمین رەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت :(( ئەگەر مەبەست بە ظهار طلاق بێت ئایا دەبێتە طلاق ؟
وەلام/ ظهار نابێتە طلاق چونکە ئەگەر بە طلاق حساب بکەی لەبەر نیەت ئەوا گەراینەوە بۆ حوکمی سەردەمی جاهلی ، چونکە لەسەردەمی جاهلی ظهاریان به طلاق حساب دەکرد ، ئەمە ناگونجێت نییەتی تێدا راست بکەین لەبەر پێچەوانی حوکمی شەرعی . )) شرح بلوغ المرام ج۱۲ لاپەرە ۱٥۷
خوای گەورە لە سورەتی المجادلة وەسفی ظهار کردووە بەقسەی نابەجێ و درۆ دەفەرمووێت : (( وٳنهم لیقولون منكراََ من القول وزورا.....)) بەلام فەرموودە هاتووە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت بەم شێوەیە باسی نەکردووە بۆچی ؟
وەلام / ئەو فەرموودەی هاتووە وەسفی نەکردووە بە قسەی نابەجێ و درۆ فەرموودەی سلمة بن صخر ، دەفەرمووێت : (( دَخَلَ رَمَضَان، فَخِفتُ ٲن ٲصیبَ امرٲتي ، فظاهرتُ منها ، فانكشف لي منها شيء لیلةََ ، فَوَقَعت عَلَیها، فقال لی رسولُ الله صلی علیه وسلم : " حَرَّر رقبة " قلت ما ٲملك ٳلارقبتي ، قال : " فَصُم شَهرَینِ متتابِعَین " قلتُ: وَهَل ٲصبتُ الذي ٲصبتُ ٳلا من الصام؟ قال : "" فٲطعم فرقا من تمر بین ستین مسكینا " )) ٲخرجه احمد ، و الأربعة إلا النسائي ، و صححە ابن خزیمە .
واته : مانگی رەمەزان هات ترسام لەوەی بچمە لای خێزانم ، ظهارم لەگەل کرد ، شەوێک شتێکی بۆم بەدیار کەوت ، منیش چوومە لای ، پێغەمبەر سلامی خوای لێ بێت بە منی وت : " بەندەیەک رزگار بکە " منیش وتم : هیچ بەندەم نیە بێجگە لە خۆم نەبێت ، وتی : " دوو مانگ بەدوای یەک بەڕۆژوو بە " منیش وتم : ئایا ئەوەی تووشی من بووە لەبەر رۆژوو نەبووە ؟ وتی :" سەبەتەیەک خورما بیدە بە شەست هەژاران "
ابن عثیمین رەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت :(( سەلەمەی کوری سەخر وای کردووە بۆ ئەوەی سەلامەت بێت لە توش بوون بە حەرام ، لەبەر ئەوەی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت ئینکاری لێ نەکردووە ، جیاوازی هەیە لە نێوان ئەو کەسەی ظهار دەکات بەمەبەستی زەرەردان لە ئافرەت و حەرام کردن ، وە له نێوان کەسێک مەبەستی خۆ گرتنەوە و پاراستن بێت لە حەرام.....))شرح بلوغ المرام ج۲ لاپەرە۱۷۹-۱۸۰
زۆربەی زانایان دەلێن پیاو ظهار دەکات نەک ئافرەت ، چونکە خوای گەورە دەفەرمووێت : (( والذین یظَّهَّرنَ منكم من نسائهم.... )) [ المجادلة : ٢ ] واتە : ئەوانەتان لەژنەکانتان ظهار ئەکەن .
قرطبی رەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئیمام مالک دەفەرمووێت :بۆ ژن نیە ظهار بکات ، خوای گەورە دەفەرمووێت :" والذین یظهرون منكم من نسائهم....." ولم یقل : وللاتی یظهرنَ منكم من ٲزواجهنَّ، واته : نەی وتووە ئەو ژنانەتان کە ظهارتان لەگەل ئەکەن ......
هەروەها لە رووی ماناوە ئەمەیان راستە، چونکە حەلال کردن و حەڕام کردن لەنکاح بەدەست پیاوە هیچی بەدەست ئافرەت نییە کە ئیجماع هەیە......))الجامع لأحکام القرٲن ج۲۰ لاپەرە ۲۸۹
زانایان دەلێن کە ئافرەت مارە کرا بۆتە خێزانی پیاو ، ئەگەر ظهار لەگەل بکات ئەوە حساب دەکرێت دوای مارەکردن ئەگەر نەچووبێتە لایش ، بەلام ئەگەر مارەی نەکردبێت ظهار لەگەل بکات ئەوە حساب ناکرێت دوای ئەوەی کە ئەو کچەی مارەکرد ، چونکە کاتێک ظهار لەگەل کرد ئەوکات خێزانی نەبوو .
زانایان دەلێن واجبە بە تەرتیب کەفارەت بدەیت ، کەبەندە ڕزگارکردنە ئەگەر نەبوو ، دوو مانگ لەسەریەک بەڕۆژوو بوونە ئەگەر نا خواردن دانە بە شەست هەژار هەروەک ئایەتی ۳و٤ لەسورەت المجادلة ئاماژەی بۆ کردووە .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ