پرسیار // ئایا کامەی باشترە زیاتر لەیەک ژن بھێنیت یان تەنھا یەک ژن ؟
وەلام // زانایان دەلێن ژن ھێنان زیاتر لە یەک دوو حالەت ھەیە :
حالەتی یەکەم / پیاوێک یەک ژن بەشی ناکات یان خێزانی نەخۆشە ، ئەمەیان باشتر وایە ژنی دووەم یان سێیەم یان چوارەم بھێنێت .
حالەتی دووەم / پیاوێک یەک ژنی بەشی دەکات و توانای ژن ھێنانی تریشی ھەیە ، ئەمەیان جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان دوو وتە ھەیە :
یەکەم / ھەندێک زانا دەلێن باشتر وایە یەک ژنی ھەبێت و ژنی تر نەھێنێت .
مرداوی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سونەتە زیاتر لە یەک ژن زیاتر نەھێنیت ، ئەگەر بتپارێزێت " واتە بەشت بکات " کە ئەمە وتەی ڕاستە .... )) "الإنصاف" (8/ 16) .
حجاوی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سونەتە زیاتر لە یەک ژن نەھێنیت ئەگەر بتپارێزێت "واتە بەشت بکات " ، چونکە ترسی تووش بوون بە حەڕامی تێدایە ، خوای گەورە دەفەرمووێت : (( وَلَنْ تَسْتَطِيعُوا أَنْ تَعْدِلُوا بَيْنَ النِّسَاءِ وَلَوْ حَرَصْتُمْ ) ، وَقَالَ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ : ( مَنْ كَانَ لَهُ امْرَأَتَانِ فَمَالَ إلَى إإحْدَاهُمَا جَاءَ يَوْمَ الْقِيَامَةِ وَشِقُّهُ مَائِلٌ ) رَوَاهُ الْخَمْسَةُ". )) " كشاف القناع " (11/148) .
ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھەندێک زانا دەلێن سونەتە یەک ژن بھێنیت ، دەلێن چونکە ئەمە باشترە بۆ ئەوەی تووشی لادان و زولم کردن نەبیت ، چونکە ئەگەر دوو ژنی زیاتری ھێنا ناتوانێت دادپەروەری بکات ، چونکە ئەگەر زیاتر لەیەک ژنی ھێنا خێزان پەرت و بلاو دەبێتەوە ، .... )) "الشرح الممتع" (12/4).
دووەم / ھەندێک زانا دەلێن باشتر وایە ژنی دووەم و زیاتر بھێنێت .
یەکێک نەتوانێت دادپەروەری بکات باشتر وایە خۆی تاوانبار نەکات و ژنی دووەم نەھێنێت ، بەلام ئەگەر بتوانێت دادپەروەری بکات باشتر وایە ژنی تر بھێنێت چونکە سوودی زۆرە ، ئەگەر فرە ژنی نەبێت ئەو ھەموو ئافرەتانە چی بکەن کە ڕێژەیان زۆر زیاترە لە ھی پیاو ؟! خوای گەورە ڕێگەی بەھەر شتێک دابێت ئیلا حیکمەتی تێدایە و سوودی بۆ مرۆڤ ھەیە .
ئەوەی گرینگ بێت ئافرەت نابێت حوکمی خوای گەورەی پێ ناخۆش بێت و ڕقی لێ ببێتەوە ، بەلکو دەبێت تەسلیم بێت ، بەلام بەداخەوە خۆی بە موسلمان دادەنێت و ناڕەزایی دەردەبڕێت و دەلێت : حەیز و نیفاس و ژانی مناڵ بوون بۆ ئێمەی ئافرتان ، وە ڕابواردن و چوار ژن و حەفتا دوو حۆریش بۆ ئێوەی پیاوان ، ھەر کەسێک ڕەخنە لە خوا و دین بگرێت کافرە ئەگەر شەو شەونوێژ بکات و ڕۆژیش بە ڕۆژوو بێت و وە بە ئەندازەی چیای ئوحدیش زیڕ ببەخشێت خوای گەورە لێی قبول ناکات .
صالح الفوزان خول بيپارێزێت پرسیار لێکراوە : حوکمی ئەو کەسە چییە کە چوار ژن ھێنانی پێی خۆش نییە وە خەلکیش ھان دەدات پێیان ناخۆش بێت ؟
لە وەلام دا دەفەرمووێت : (( نابێت موسلمان شتێکی پێی ناخۆش بێت کە خوای گەورە ڕێگەی داوە و دینە ، وە نابێت خەلکی لێ دوور بخاتەوە ، ھەر کەسێک ئەمە بکات ئەوە لە دین ھەلگەڕاوەتەوە ، لەبەر ووتەی خوای گەورە : { ذَلِكَ بِأَنَّهُمْ كَرِهُوا مَا أَنزَلَ اللَّهُ فَأَحْبَطَ أَعْمَالَهُمْ } [ محمد / 9 ] ؛ کارەکە زۆر ترسناکە ھۆکارەکەی سەرسام بوونە بە بانگەشەی کافرەکان بۆ دژایەتی کردنی ئیسلام ،......... )) "المنتقى من فتاوى الشيخ الفوزان " ( 3 / 251 ) .
کەواتە زانایان دەلێن ئەگەر ژن فرەژنی پێ خۆش نەبوو ئەم دوو حالەتەیە :
حالەتی یەکەم / ئەگەر پێ خوش نەبوونی سروشتی بێت تاوانبار نابێت هەروەک سروشتی پیاو کە حەزی لە شەرکردن نییە .
حالەتی دووەم / ئەگەر پێ نەخۆش بوونی سروشتی نەبوو ، بەلکو حوکمی خوای گەورەی پێ نەخۆش بوو یان رقی لە واجبەکە یان سونەتەکە یان ڕێگە پێدراوەکە ببێتەوە ، ئەمەیان کوفرە پەنا بەخوا لە دین دەردرچێت .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ