سەردێری پرسیار:حوکمی نوێژی جەنازە کردن لەسەر کەسێک خۆی کوشتووە ؟

بەرواری دانان :2018-10-12 کۆدی پرسیار:522

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە نوێژی جەنازە لەسەر کەسێک بکەیت خۆی کوشتووە ؟ ئایا دروستە دوعا بۆی بکەیت ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن ھەر کەسێک خۆی بکوژێت ئەسل وایە موسلمانە و بە خۆ کوشتن کافر نابێت و دروستە نوێژی لەسەر بکەیت ، ڕاستە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت نوێژی لەسەر نەکردووە بەلام ھاوەڵان نوێژیان لەسەر کردووە ، وە دروستە دوعای بۆی بکەیت .

عن جابر بن سمرة قال : (( ٲتي النبي صلی الله علیه وسلم برجل قتل نفسه بمشاقص فلم یصل علیه )) رواە مسلم ( ۹۷٨) ، واتە : پیاوێکیان هێنایە لای پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت خۆی کوشتبوو بە مشاقص ( سهام الاعراض ) نوێژی لەسەر نەکرد .

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( فەرموودەکە مەبەست پێی ترساندن و خۆ دوور خستنەوەیە لە خۆ کوشتن ، وەک نوێژ نەکردن لەسەر کەسێک قەرزی لەسەرە ، ھاوەڵان نوێژیان کردووە لەسەر قەرزار بە فەرمانی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت ، خۆی نوێژی لەسەر نەکردووە بۆ ئەوە خۆیان لە قەرز بپارێزن نەک لەبەر ئەوە بێت قەرزار کافرە ، ئیمام مالک پێی باش نەبووە نوێژ لەسەر کەسێک بکەیت کە بە حەد کوژرا بێت ، وە کەسی خراپەکاریش ، بۆ ئەوەی خۆیان لەم کارانە بە دوور بگرن . )) " شرح مسلم " ( 7 / 47 ) .

ڕاستە فەرموودە هاتووە خوای گەورە سەبارەت بەو کەسەی خۆی کوشت دەفەرمووێت : (( حرمت علیە الجنة )) واتە : من بەهەشتم لەسەر حەڕام کرد ، بەلام حەڕام کردن دوو جۆرە :

(۱) حەڕام کردنی هەتا هەتایی کە لەسەر کافر هەتا هەتاییە .

(۲) حەڕام کردنی کاتی کە سەرەتا لەسەریان حەڕامە دوای لە دۆزەخ دەردەهێنرێن .

لەم فەرموودەیە باسی حەڕامی کاتییە نەک هەتا هەتایی ، وە نابێتە بەلگە کە خۆکوژ بە هەموو شێوەیەک کافرە.

لە موسوعە فقهیە باس کراوە دەلێت : (( هەر چوار مەزهەبەکان کەس نەیان وتووە خۆ کوژ کافرە ، چونکە کوفر ئینکاری کردنە و دەرچوونە لە ئیسلام ، وە خاوەنی تاوانی گەورە لە دین دەرناچێت .......)) الموسوعە الفقھیە ج٦ لاپەڕە ۲۹۱ـــ۲۹۲

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( " فلم یصل علیە " نوێژ لەسەر نەکردن تایبەتی کردووە بە پێغەمبەر ، بەلگەیە کە کەسانی تر نوێژیان لەسەر کردووە ، پال پشتی بۆ ئەمە ڕیوایەتی نسائی ھاتووە : " بەلام من نوێژی لەسەر ناکەم " ئەمە ڕوون و ئاشکرایە کە نوێژی لەسەر نەکردووە ، بەلام کەسانی تر نوێژیان لەسەر کردووە . ......

دروستە بۆ ئیمام یان گەورەی قەوم نوێژ نەکات لەسەر ئەو کەسەی خۆی دەکوژێت ، بەلام باش نییە یان حەڕامە ؟ دوو وتە ھەیە ھەندێک دەلێن حەڕامە لەسەری نوێژ لەسەری بکات ، وە ھەندێک دەلێن باش نییە ، وتەی ڕاست دەبێت ڕەچاوی مصلەحەت بکەیت ، ئەگەر مەصلەحەت لەوە دابوو نوێژی لەسەر نەکەیت ئەوە واجبە لەسەری نوێژ لەسەر نەکات و حەڕامە نوێژی لەسەر بکات ، ئەگەر کارەکە گرینگی ئەو تۆی نەبوو لای خەلک ئەوا بۆ کەڕاھەت نزیکترە ، ئەوەی گرینگ بێت ڕێگە پێدراوە بۆ ئیمام یان گەورەی قەوم نوێژ لەسەر ئەو کەسە نەکات کە خۆی دەکوژێت . ......

ئەگەر ئەو کەسەی خۆی دەکوژێت بچێتە ناو ئاگر سوودی نوێژ لەسەر کردنی چییە ؟

وەلام / سوودی خوای گەورە سزای لەسەر سووک دەکات ، یان خوای گەورە بەھۆی دوعا کردنیان بۆی سزای لەسەر ھەلدەگرێت ئەسلەن ، چونکە نوێژی ئیمانداران شەفاعەتە ، ئەگەر چی تاوان گەورەش بێت ، مادەم ئەو کەسەی نوێژی لەسەر دەکرێت کافر نەبێت ، ھۆکاری لێ خۆش بوونی تاوان زۆرن لەوانە شەفاعەتی ئیمانداران . )) فتح ذي الجلال والإكرام ج٥ لاپەڕە ٤٥١ ــ٤٥٨

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت پرسیار لێی کراوە : ھەر کەسێک خۆی بکوژێت نوێژی لەسەردەکرێت ؟

لە وەلامدا دەفەرمووێت : (( ھەندێک موسلمان نوێژی لەسەر دەکەن وەک ھەموو تاوانبارەکانی تر ، چونکە ھەمیشە حوکمی موسلمانی لەسەرە و کافر نەبووە لای ئەھلی سونە . )) " مجموع فتاوى الشيخ ابن باز " ( 13 / 162 ) .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام