سەردێری پرسیار: ئایا مارەی زۆر داوا کردن ھۆکارە بۆ دواکەوتنی زەواج کردن ؟

بەرواری دانان: 2018-10-12 کۆدی پرسیار: 529

پرسیار:

پرسیار // ئایا مارەی زۆر داوا کردن ھۆکارە بۆ درەنگ زەواج کردن ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // سەرەتا خوای گەورە فەرمانی بە بەندەکانی خۆی کردووە بۆ زەواج و وە ھانی داون بۆ زەواج چونکە چەندین سوودی گەورەی تێدایە ، وە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت گەنجانی ھانداوە بۆ زەواج و وە فەرمانی کردووە .

ئیمام ئەحمەد ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : ھیچ شتێک بۆ ئافرەت باشتر و بەخێرتر نییە لە پیاوێکی باش ، وە ھیچ شتێکیش بۆ پیاو باشتر و بەخێرتر نییە لە ئافرەتێکی باش .

طاوس ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : ئافرەت نیوەی دینی پیاوە .

زۆر مارەی داوا کردن ئەمە یەکێکە لە گەورەترین ھۆکار بۆ دوا کەوتنی زەواج ، ڕاستە مارەی بە ئافرەت دان واجبە بەلام زانایان دەلێن سونەتە مارەی کەم داوا بکرێت ، دەولەمەندترین ھاوەلی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت عبدالرحمانی کوڕی عەوف مارەییەکی زۆر کەمی داوە بە خێزانی خۆی .

عن عقبة بن عامر قال : قال رسول الله صلى الله عليه وسلم : (( خير الصداق أيسره )) رواە ابو داود ، واتە : باشترین مارەی و خێرترین مارەی ئەوەیە کە کەم بێت و ئاسان بێت .

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سونەت وایە مارەی کەم بێت ، وە زیاتر نەبێت لە مارەی خێزانەکان و کچەکانی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت .... )) مجموعة الفتاوي ج٢٣ لاپەڕە ١٩٢

مارەی کەم چەند سوودی ھەیە :

یەکەم / کردەوەی بە سونەت کردووە ، چونکە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : باشترین و خێرترین مارەی ئەوەیە کە کەم بێت و ئاسان بێت .

دووەم / ئاسانکارییە بۆ زەواج کردن ، چەندین گەنج زەواج ناکەن وەستاون لەبەر مارەی زۆر ؟!

سێیەم / مارەی کەم داوا کردن ھۆکارە بۆ بەردەوام بوونی خۆشەویستی لە نێوانیان ، ئەگەر مارەی کەم داوا بکات پیاو ڕقی لێ نابێتەوە ، بەلام ئەگەر زۆر داوا بکات ئەگەری ڕق لێ بوونەوەی ھەیە .

چەندین گەنج چوونەتە داخوازی کچ مارەی زۆری داوا کردووە ھێشتا مارەی نەکردووە و ڕقی لێ دەبێتەوە و دەلێت : ئەم ئافرەتە باش دەزانێت حالم چۆنە بۆچی وا دەکات ؟! ئەم ئافرەتە سەرەتای زەواج منی تووشی بار گرانی کرد دەبێت لە داھاتوو بارم گران تر نەکات ؟! وە چەندین ئافرەتی خاوەن دین و ژیر ھەن ماڵ و مارەی لایان شتێکی کەمە و نایانەوێت باری ھاوسەری خۆیان گران بکەن ، بەلام دایک و باوک و خوشک و پوور دێنە ناو بابەتەکە گالتەی پێ دەکەن لەسەر کەم داوا کردنی مارەی یان ڕازی نابن ڕێگری لێ دەکەن .

پیاو ھەبووە ئافرەتێکی باشی مارە کردووە بە مارەکردن و گواستنەوە و ھەموو شت پێنج سەد ھەزاری "٥٠٠٠٠٠دینار" خەرج کردووە و خۆشترین ژیانیان ھەیە ، خەلکانێکی زۆر گالتەی پێ دەکەن چونکە ئەوانە ماڵ و سەروەت و سامان باش دەناسن خوای گەورە باش ناناسن ، گاڵتە بە ئافرەت دەکەیت سونەتی جێ بەجێکردووە مارەی کەمی داوا کردووە ؟! گالتە بە کەسێک دەکەیت توانای ئەوەندەیە ؟! ئەمەش بەدیلی ئەوە کە سوپاسی خوای گەورە بکات !

چوارەم / مارەی کەم داوا کردن ھۆکارە بۆ ئەوەی ئەگەر کێشە دروست بوو لە نێوان ژن و پیاو ، پیاو دەستی لە خێزانی بەر بدات ، چەند ئافرەت ھەن زۆر پێیان خۆشە لە پیاویان جیا ببنەوە بەلکو مردنیان لا خۆشترە لەوەی کە لەگەڵ پیاوی خۆی دایە ، بەلام پیاوی وازی لێ ناھێنێت و دەست بەرداری نابێت و تەلاق نادات لەبەر ئەو مارەییە زۆرەی پێی داوە ، پیاو ڕازی نابێت ئیلا خلع بکرێت .

خلع : ئافرەت داوای جیابوونەوە دەکات لە پیاوی خۆی ، وە ئافرەت دەست بەرداری مارەی دەبێت و دەداتەوە بە پیاوەکەی .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( مارەی کەم یارمەتی دەرە بۆ زەواج ، چونکە ئەگەر مارەی کەم بێت زەواج زۆر دەبێت ، ھەروەھا بەرەکەتی مارەی کەم ھۆکارە بۆ باش بوونی ژن و پیاو لەگەڵ یەکتری ، چونکە پیاو ئەگەر مارەی زۆر بدات بە خێزانی ھەموو جار بیر لە مارەی بکات دڵ تەنگ و خەمبار دەبێت ، وە مامەلەی خراپ دەبێت لەگەڵ خێزانی ، ئەگەر بزانێت ئەم ئافرەت بە ئاسانی بۆی ھاتووە دڵی پێ خۆش دەبێت و ئارام دەبێت لەگەڵی ، ...... )) شرح بلوغ المرام ج١١ لاپەڕە ٣٦١ ــ ٣٦٢

بەداخەوە ئێمە لە کۆمەلگایەک دەژین مارەی زۆر داوا دەکرێت و زۆربەی خەلکیش کێشەیان ئەم مارەییە ، وە بێجگە لە مارەیش شتی تریش داوا دەکرێت باری پیاو قورس دەکرێت و قەرزار دەبێت و دەکەوێتە ناو خەم و خەفەت بە چەندین ساڵ ئەو قەرزەی پێ نادرێتەوە ، زۆربەی خەلک وا دەزانن خۆشی ژیان تەنھا لە ماڵ و سامان دایە و ھەر بۆیەش مال و سامان و داواکردنی مارەی زۆر گرینگە لایان .

ئەی ئافرەتان تەقوای خوای گەورە بکەن و ببنە مایەی ڕەحمەت و خێر و خۆشی و ئاسانکاری بۆ ھاوسەرەکانتان مارەی کەم داوا بکەن ، ئافرەتی باش ماڵ بۆ ھاوسەری دەکاتە بەھەشت بە دڵ دانەوە و دڵ خۆش کردن نەک باری ھاوسەری قورس بکات و تووشی خەم و خەفەت بکات لە سەرەتای ژیانی ھاوسەرگیری ، بڕوا ناکەم ھیچ پیاوێک ھەبێت حەز نەکات زۆرترین مارەی بدات بەو کچەی کە شووی پێ دەکات بەلام توانای ئەوەندەیە .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام