سەردێری پرسیار:حوکمی شوو کردن بە عەرەق خۆر ؟

بەرواری دانان :2018-10-12 کۆدی پرسیار:539

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە شوو بکەم بە عەرەق خۆرێک زۆرم خۆش دەوێت و مامەلەی باش و ڕێکە ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن نابێت ئافرەت شوو بە عەرەق خۆر و نوێژ نەکەر بکات ، چونکە زیانی بۆ دین و ڕەوشت و مناڵەکانی ھەیە ، ئەگەر ئافرەت ڕازیش بێت نابێت وەلی ئافرەت ڕازی ببن دەبێت ڕێگری لێی بکەن .

ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت پرسیاری لێ کراوە : ئەگەر ئافرەتێک ھەبێت ڕازی بێت شوو بە عەرەق خۆر بکات ، ئایا دروستە دایک و باوک ڕێگری بکەن بۆ زەواج ئەگەر چی ئافرەتیش ڕازی بێت ؟

لە وەلام دا دەفەرمووێت : (( ئەگەر کچ ڕازی بێت بە کەسێک لە ئاستی نەبێت بۆ دین واجبە وەلی ئافرەت ڕێگری بکەن و نابێت ڕازی ببن ، چونکە وەلی ئافرەت دەبێت شتێک بکات کە باشتر بێت بۆ ئافرەت ھەر لەبەر ئەمەش زەواج دروست نییە بێ وەلی ئافرەت ، بۆ ئەوەی ئافرەت شوو بە کەسێک نەکات کە باش نەبێت ......

عەرەق خواردنەوە پەنا بەخوا لە تاوانە گەورەکانە ، چونکە عەرەق حەڕامە بە کتاب و سونەتی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت وە یەک دەنگی ھەموو زانایان ، وە ھەروەھا عەرەق دایکی ھەموو پیسەکانە ، چەند تاوانی گەورە ھەن بوونەتە ھۆی عەرەق خواردنەوە ، لەبەر ئەوە دەلێین دەبێت وەلییەکانی ئافرەت ڕێگری بکەن لە زەواج ئەگەر ئافرەت کەسێکی ھەلبژارد بەناوبانگ بوو بە عەرەق خواردنەوە . )) "نور على الدرب" .

ھۆکاری ڕازی بوونی کچ بە ڕازی بوون بە عەرەق خۆر زۆرینەی بۆ پەیوەندی ناشەرعی و عیشق دەگەڕێتەوە ، ئافرەت لە ماڵەوەیە و نازانێت خەلک چۆنە و خەلک باش ناناسێت ، ھەر بۆیە لە ڕووی شەرعەوە نابێت ئافرەت ئافرەت بە شوو بدات و وە نابێت شوو بکات بێ وەلی ، ھەروەھا زۆر لە ئافرەتان مەسلەحەتی خۆیان نازانن زوو ھەلدەخەلەتێن بە قسەی کوڕان ، چەند کچ جوانترین کوڕی خراپیان ھەلبژاردووە بە ڕێگای ناشەرعی لە دوای زەواج زۆر پەشیمان بۆنەتەوە چونکە ئێستا خیانەتی لێ دەکات ؟!

زۆرینەی قوتابییەکان فەرموودەی : (( من غشنا فلیس منا )) لەبەرە و لەناو مێشکیاندایە ، کەچی ئەگەر کاتی تاقیکردنەوە ھات دەست دەکەن بە غەش کردن ، وە زۆرینەی گەنجانیش ئەم فەرموودەیان لەبەرە یان دەزانن بە مانا ، عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ عَنْ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ : (( تُنْكَحُ الْمَرْأَةُ لِأَرْبَعٍ : لِمَالِهَا ، وَلِحَسَبِهَا ، وَلِجَمَالِهَا ، وَلِدِينِهَا ، فَاظْفَرْ بِذَاتِ الدِّينِ تَرِبَتْ يَدَاكَ ))رواه البخاري (4802) ومسلم (1466) ، کەچی ئەگەر کاتی زەواج ھات ھەتا جوانی و ماڵ و حەسەب ھەیە خاوەن دین پێش ناخەن دوای پەشیمان دەبنەوە ، جوانی ماوەیەکە دەڕوات ئەوەی دەمێنێتەوە باشی یە .

کێشە لەوە گەورەتر ئەوەیە باوک و دایک ناتوانن ڕێگری کچ بکەن لە زەواج ئەگەر کچ کەسێکی عەرەق خۆریش ھەلبژیرێت یان خراپ چونکە یان خۆی دەسووتێنێت یان زەواج لە خۆی حەڕام دەکات ، بەلام ھەڵە لە دایک و باوکە ڕێگە بە مناڵی داوە بۆ ھەموو شتێک و وە پەروەردەی نەکردووە بەو ڕێگایەی کە شەرع دایناوە ، لەسەر ڕێگایەک دەڕۆن دوورە لە قورئان و سونەت .

لەم سەردەمە خراپترین شت بۆ مناڵ و گەنج بەکارھێنانی موبایل و ئینترنێت و تۆڕی کۆمەلایەتییە بەشێوەی خراپ ، زۆرینەی خەریکی ڕابواردن و نوکتە و پێکەنینن و یاری کردن و پەیوەندی ناشەرعین ، بەلکو دایک و باوکانیش خەریکە تووش دەبن وەک گەنجەکان ، چەند پیاو ھەن خیانەت لە ژنی خۆیان دەکەن ؟! وە چەند ژن ھەن خیانەت لە پیاوی خۆیان دەکەن ؟! چەند کەس تووشی کێشە بوون بەھۆی ئەمانە ؟!

تۆ دەلێی تەوبەم کردووە و نوێژ دەکەم سوپاس بۆ خوا بەلام بزانە شوو کردن تەنھا بۆ شەھوەت و تێر کردنی ئارەزوو نییە ، شوو بە پیاوێک بکەی عەرەق خۆر بێت چاوەڕێی چی لێی دەکەی دەبێت مناڵ چۆن دەربچێت ؟! دەبێت کار لە دینت نەکات کە ئافرەت زۆر زوو دەگۆڕدرێت ؟! دەبێت ئەو عەرەق خۆرەی شووی پێ دەکەی نوێژ بکات کە عەرەق و نوێژ زۆر لێک دورن ؟! ئارام بگرە و باجی ئەو عەشقەی ئێستا بدە باشترە کە تۆ تووشی بوویت پێش ئەوە ڕۆژێک بێت پەشیمان ببیتەوە .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام