پرسیار // کەسێک پیاوێکی گرت بۆ بکوژ (قاتل) پاشان بکوژ کوشتی ، ئایا ئەو کەسەی پیاوەکەی گرتووە تاوانبار دەبێت و دەکوژرێتەوە ؟
وەلام // زانایان دەلێن ئەگەر پیاوێک پیاوێکی تر بگرێت بۆ پیاوێک ، پاشان بیکوژێت ئەو پیاوەی پیاوەکەی گرتووە بۆ بکوژ بە قاتل حساب ناکرێت ، بەلگە :
عن ابن عمر رضی الله عنه عن النبي صلی الله علیه وسلم قال : (( ٳذا ٲمسك الرجل الرجل وقتله الاخر یقتل الذي قتل ، ویحبس الذي ٲمسك )) رواە الدارقطني ، واته : ئەگەر پیاوێک پیاوێک بگرێت ، وە پیاوێکی تر پیاوە گیراوەکە بکوژێت ، ئەوە بکوژ دەکوژرێتەوە ، وە ئەو پیاوەی کوژراوەکەی گرتبوو بۆ بکوژ بەند دەکرێت ( واتە سجن دەکرێت ) .
زانایان دەلێن پیاو گرتن بۆ بکوژ ئەم سێ حالەتانەن :
حالەتی یەکەم : ئەگەر ئەوەی پیاو دەگرێت بۆ بکوژ نەزانێت بکوژ دەیکوژێت ئەوە هیچی لەسەر نییە .
حالەتی دووەم : ئەگەر ئەوەی پیاو دەگرێت بۆ بکوژ ڕێک کەوتبێت لەگەل بکوژ کە من دەیگرم بۆ تۆ ، وە تۆش بیکوژە ، لەم حالەتە هەردووکیان بە بکوژ حساب دەکرێن و دەکوژرێنەوە .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( بێجگە لەم حالەتە نەبێت ئەگەر ڕێک بکەون لەسەر کوشتنی ، هەردووک بەیەکتر دەلێن دەچین لە ڕێگا چاوڕێ دەکەین پاشان دەیکوژین ، یەکێک لە ئێمە ئەو پیاوە دەگرێت وە هی دووەم دەیکوژێت ، ئەمانە هەردووکیان بکوژن هەردووکیان دەکوژرێنەوە ........)) شرح بلوغ المرام ج۱۳ لاپەڕە ۱۰۰
حالەتی سێیەم : ئەگەر ئەوەی پیاو دەگرێت بۆ بکوژ دەزانێت بکوژ دەیکوژێت ، لەم حالەتە سەبارەت بەو پیاوەی کە کەسێکی گرتووە بۆ بکوژ سێ وتە هەیە :
یەکەم : بەند دەکرێت ( واتە سجن ) ، وە ماوەی سجن کردنیش بۆ حاکم دەگەڕێتەوە تا چەند سجن بکرێت ، مەبەست پێی سجن کردن نییە هەتا مردن، شەوکانی لە نیل الاوطار ج۷ لاپەڕە ۲٦ دەلێت : ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە ، هەندێک دەلێن هەتا مردن سجن دەکرێت کە ئەمە وتەی عەلی ، احمدە ، بەلگە :
(۱) فەرموودەی ابن عمر ڕوون و ئاشکرایە ، هەروەها لە عەلیش نقل کراوە خوا لێی ڕازی بێ کە سجن کردن هەتا مردنە .
دووەم : هەندێک زانا دەلێن دەکوژرێت وەک بکوژ ، چونکە ئەویش بەژداری لە کوشتنی دا کردووە ، ئەگەر ئەو پیاوە نەیگرتبا ئەوە نەدەکوژرا ، کە ئەمە وتەی ئیمام مالک ، وتەیەکە لە وتەکانی احمد ، سەیری کتابی المغنی ج۱۱ لاپەڕە ٥۹٦ بکە ، بەلگە :
(۱) چونکە ئەویش هۆکاری کوشتن بووە ، وە فەرموودەی ابن عمر لاوازە .
سێیەم : سزا دەدرێت و تاوانبار دەبێت بەلام ناکوژرێت ، چونکە بە خۆی نەیکوشتووە ، کەواتە زەمان لەسەر بکوژە نەک هۆکار ، کەئەمە وتەی ابی حنیفە ، شافعی یە ، بەلگە :
(۱) بۆ حاکم دەگەڕێتەوە بە چی سزا دەدات وە فەرموودەی ابن عمر لاوازە .
وتەی ڕاست ناکوژرێت بەلکو سجن دەکرێت یان سزا دەدرێت
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ