سەردێری پرسیار: ئایا تاوانی کامەیان گەورەتره کەسێک کەسێکی تر بکوژێت یان کەسێک خۆی بکوژێت ؟

بەرواری دانان :2018-10-12 کۆدی پرسیار:556

پرسیار:

پرسیار // ئایا تاوانی کامەیان گەورەتره کەسێک کەسێکی تر بکوژێت یان کەسێک خۆی بکوژێت ؟

دەقی وەڵام:



وەلام / گومانی تێدانییە کە هەردووکیان لە تاوانە گەورەکانن ، وە هەندێک دەلێن خۆکوشتن گەورەترە چونکە چەندین فەرموودەی تایبەت بە خۆ کوشتن هاتوون و هەروەها سزای تایبەتیش بۆی دیار کراوە هەتا لە قیامەتیش ، هەروەها سزایی هەتا هەتایش بۆی باس کراوە ، بەلگە :

عن ابي هریرة عن النبي صلی الله علیه وسلم قال : (( من تردی من جبل فقتل نفسە فهو في نار جهنم یتردی فیه خالدا مخلدا فیها ٲبدا ، ومن تحسی سما فقتل نفسه فسمه في یده یتحساه في نار جهنم خالدا مخلدا فیها ٲبدا ، ومن قتل نفسه بحدیدة فحدیدته في یده یجٲ بها في بطنه في نار جهنم خالدا مخلدا فیها ابدا )) رواە البخاری ، ومسلم (۱۰۹)

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( وشەی (ٲبدا) بۆ کوشتنی ئیماندارێک بەکار نەهاتووە کاتێک بە ئەنقەست دەکوژیت ، ئایا کوشتنی نفسی خۆت گەورەترە یان کوشتنی کەسێکی تر ؟

ئێمە دەلێین : کوشتنی نەفسی خۆت گەورەترە لە کوشتنی کەسێکی تر لە دوو ڕووەوە :

یەکەم // ئەوەی کەسێکی تر دەکوژێت بەرفراوانی هەیە بۆ تەوبەکردن ، چونکە نەمردووە کاتێک کەسێک دەکوژێت ، بەلام ئەوەی خۆی دەکوژێت دەمرێت کاتێک خۆی دەکوژێت تەوبەی نەکرد ، پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( لایزني الزاني حین یزني وهو مؤمن )) رواە البخاری (۲٤۷٥) ، مسلم (٥۷) ، زینا کەر زینا ناکات کاتی زیناکردن ئیماندار بێت ، واتە کاتی زینا کردنی ئیمانی نییە و لاچووە ، ئەی چی بەو کەسەی خۆی دەکوژێت ؟ ئەو کاتی خۆ کوشتن ئیمانی لەدڵ نەماوە و لاچووە پەنا بەخوا مردووە لەسەر کوفر .

دووەم // ئەو کەسەی کەسێکی تر دەکوژێت لەبەر دوژمنایەتی و ڕق و کینە لە نێوان بکوژ و کەسێکی ترە ، بەلام ئەوەی خۆی دەکوژێت دوژمنایەتی لە نێوان خۆ و خوایە ، ........

خوارج و معتزلة ئەم فەرموودەیە دەکەنە بەلگە کە خاوەنی تاوانی گەورە لەناو ئاگر هەتا هەتایی دەبێت ، بەلام بەلگەیان جێگای تێڕوانینە ، چونکە ئەمە تاکێکی دیاری کراوی تاوانی گەورەیە ، تاوانەکانی تر گەورە لەژێر ویستی خوا دان ، خوای گەورە دەفەرمووێت : (( ٳن اللە لایغفر ٲن یشرك به ویغفر ما دون ذالك لمن یشاء )) واتە : خوای گەورە لە شیرک خۆش نابێت ، بێجگە لەشیرک هەر تاوانێکی تر ویستی لێ بێت خۆش دەبێت . )) شرح صحیح مسلم لابن عثیمین ج۱ لاپەڕە ۲٤۲ ـــ۲٤۳

ابن عثیمین كاتێک دەلێت : ئەمە تاکێکی دیاری کراوی تاوانی گەورەیە ، تاوانەکانی تر لەژێر ویستی خوای گەورەدایە ،مانای وانییە کە ئەو دەلێت هەر کەسێک خۆی بکوژێت بە هەموو شێوەیەک کافرە ، هەر لە شرح مسلم دا دەفەرمووێت : (( پێغەمبەر سەلای خوای لێ بێت نوێژی لەسەر ئەو کەسە نەکردووە ، بەلام هاوەلان نوێژیان لەسەر کردووە ، ئەمە بەلگەیە کە لە دۆزەخ هەتا هەتایی نابێت وە حوکم بە کوفر لەسەری نادەین ، ئەمە کێشەیە لە واقع ، یان دەلێین : نوێژ کردن لەسەری دروستە ، ئەوە نوێژ شەفاعەتە (تکا بۆ کردنە ) ، ئەگەر بلێین هەتا هەتاییە لە دۆزەخ شەفاعەت سوودی بۆی نییە ، لەو کاتە فەرموودەکە کێشەیە لە واقع ، یان دەبێت بلێین هەتا هەتایی لە دۆزەخ پەیوەستە بەوەی کاتێک خۆی دەکوژێت ئیمانی لە دڵ نامێنێت و لاچووە ، وە نوێژ لەسەر کردن لەبەر ئەوەیە چونکه حوکم بە ظاهر دەکەین (واتە ڕووکەش ) کە کوشتن نەفس کوفر نییە و نوێژی لەسەر دەکرێت لەسەر بنەمای ظاهر ، یان ئەم وەعیدە بناء على الباطن کە ئێمە نایزانین بەلام خوای گەورە دەزانێت . )) شرح صحیح مسلم لابن عثیمین ج۱ لاپەڕە ۲٤٥

عن ثابت بن ضحاك رضی الله عنه ان رسول الله صلی الله علیه وسلم قال : (( من قتل نفسە بشئ في الدنیا عذب به یوم القیامة )) رواە البخاری (٥۷۰۰) ، مسلم (۱۱۰) ، واتە : هەر کەسێک نەفسی خۆی بکوژێت بە هەر شتێک ڕۆژی قیامەت بەو شتە سزا دەدرێت کەی لە دونیا خۆی پێ کوشتووە .

عن جابر بن سمرة قال : (( ٲتي النبي صلی الله علیه وسلم برجل قتل نفسه بمشاقص فلم یصل علیه )) رواە مسلم ( ۹۷٨) ، واتە : پیاوێکیان هێنایە لای پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت خۆی کوشتبوو بە مشاقص ( سهام الاعراض ) نوێژی لەسەر نەکرد .

ڕاستە فەرموودە هاتووە خوای گەورە سەبارەت بەو کەسەی خۆی کوشت دەفەرمووێت : (( حرمت علیە الجنة )) واتە : من بەهەشتم لەسەر حەڕام کرد ، بەلام حەڕام کردن دوو جۆرە :

(۱) حەڕام کردنی هەتا هەتایی کە لەسەر کافر هەتا هەتاییە .

(۲) حەڕام کردنی کاتی کە سەرەتا لەسەریان حەڕامە دوای لە دۆزەخ دەردەهێنرێن .

لەم فەرموودەیە باسی حەڕامی کاتییە نەک هەتا هەتایی ، وە نابێتە بەلگە کە خۆکوژ بە هەموو شێوەیەک کافرە.

لە موسوعە فقهیە باس کراوە دەلێت : (( هەر چوار مەزهەبەکان کەس نەیان وتووە خۆ کوژ کافرە ، چونکە کوفر ئینکاری کردنە و دەرچوونە لە ئیسلام ، وە خاوەنی تاوانی گەورە لە دین دەرناچێت .......)) الموسوعە الفقھیە ج٦ لاپەڕە ۲۹۱ـــ۲۹۲

پـــــــوختـــــەی وەلامـــــــی زانـــــایـــــان :

(١) زانایان دەلێن بەتاوانی گەورە کەس کافر نابێت ، وە ئەگەر کەسێک کەسێکی تر بکوژێت کافر نابێت ئیلا لە دوو حالەت نەبێت :

حالەتی یەکەم // کوشتنی برای خۆت حەلال دەکەی بێ بەلگە شوێنی هەوا و ئارەزووی خۆت دەکەویت .

حالەتی دووەم // ئیماندار دەکوژیت لەبەر ئیمان .

(٢) ئەوە کەسەی خۆی دەکوژێت ئەویش کافر نابێت و لە دۆزەخ هەتا هەتایی نابێت ئیلا لەم دوو حالەتە :

حالەتی یەکەم // کوشتنی خۆش پێ حەلال بێت بێ بەلگە .

حالەتی دووەم // لەسەر وتەی هەندێک زانا حالەت هەیە خۆی دەکوژی ئیمان لە دڵی لاچووە ، ئەویش ئێمە نازانین هەر خوا نەبێت ، هەروەها حوکم بە ظاهر دەکەین . واللە ٲعلم .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام